مارکس و ئەوانی تر.. سەبارەت بە تێزی یازدەهەمی مارکس
ئدریس ساڵح:
فەیلەسوفەکان تا ئێستا جیهانیان لێکداوەتەوە بە شیوازی جۆراوجۆر، بەڵام ئەسڵ گۆڕینێتی.” ئەمە دوایین و یازدەهەمین تێزی مارکسە لەسەر فیورباخ کە ساڵی ١٨٤٥ نوسیوێتی، واتە ئەو دەم مارکس ٢٥ ساڵان بووە و هێشتا هەر لە دەورانی خوێندندا بووە. منیش وەک خوێندکارێک لە مسۆدەیەکدا ئەم تێبینایەم لە لا گەڵاڵە بوو سەبارەت بەو تێزە..
بیری نوێی فەلسەفەی سیاسی یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کە زانکۆ جینهانیەکان بایەخی زۆری پێدەدەن. لە وانەی فەلسەفەی ئەمساڵدا پرۆفیسۆرەکەمان کۆمەڵێ فەیلەسوفی دیاریکرد بە پیی کۆدە مێژووییەکانیان کە دەبێ لە ماوەی شەش حەوت مانگی خوێندنی ساڵدا بخوێندرێن. لەوانە جان جاک رۆسۆ، مارکیوس دە کۆندەرسەی، ئێدموند بێرک، کانت، هیگڵ، مارکس تاکو ستیوارت مێڵ و نیتچە. دیارە پێش ئەمانیش بە سوقرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ دەستمان پێکرد. هیگڵ یەکێک بوو لەو فەلسەفانەی کە سەرەتای ساڵی تازەی ٢٠١٦ دەستمان کرد بە خوێندنی. پرۆفیسۆرەکەمان کە خاوەنی کتێب و نووسراوی فەلسەفیە شتێکی گرنگی پێ گوتین. وتی: (گەر هیگڵ بخوێننەوە و لێی تیبگەن ئەوا لە نیوەی زیاتری فەلسەفەکەی مارکس تێگەیشتوون. با مانیەکی تر، هەر کەسێک دەیەوێ لە مارکس تێبگات ئەوا دەبێ بە فیلتەری هیگڵد بڕوات چونکە تاکو هیگڵ نەخوێنیتەوە تیگەیشتن لە مارکس مەحاڵە.) ئەم قسەیە لە جێی خۆیدایە چونکە تا ئێستا ئەوەندەی جوڵانەوە و حزب و کەسە بەناو مارکسیەکان گورزی کوشندەیان لە مارکس و فەلسەفەکەی داوە ئەوەندە ناحەزە سەرسەخت و دوژمنە سەرەکیەکانی گورزیان لێنەداوە. گەر تا ئێستا مارکس بەهایەکی عەقڵانی ئەوتۆی پێدرابێ ئەوا لە بوارە ئەکادیمی و فەلسەفیەکاندا بووە. بەهەرحاڵ،
لەو ماوەیەدا من ئەوە تێگەیشتم کە تاکو مارکس وەک فەلسەفە تێنەگەی ئەستەمە وەک سیاسەت لێی تیبگەی. من لێرەدا مەسەلەی هیگڵ و مارکس بۆ جێگەیەکی تر جێدەهێڵم و دەچمە سەر ئەو تێزی یازدەهەمەی مارس کە پەیوەندیەکی کەم تا زۆری بە حوکمەی مامۆستاکەشمەوە هەیە کاتێک گوتی تا لە هیگڵ تێنەگەی لە مارکس تێناگەیت.
راستیەکی حاشا هەڵنەگر هەیە کە دەبێ بوترێ ئەوەیە کە مارکس لەسەر بنەمایەکی مادی و چینبەندی کۆمەڵایەتی و ئابوریەوە ئەم تێزەی نوسیوە وەک چۆن ئەوانی دی لەسەر بنەمایەکی چینبەندی سەردەست فەلسەفە سیاسیەکانیان خستۆتە روو. مارکس دەیەوێ بڵێ فەلسەفە لەگەڵ ئەوەی تەرحێکی تیئۆریە تەرحێکی پراکتیکیشە. هەر ئەم دیدەیە وای لەم تێزە کردووە ببێتە جێگەی باس و خواسێکی هەمەلایەنە لە بوارە ئەکادیمی و فەلسەفیە جیهانیەکاندا.
تاکو ئێستا زۆر نووسراون لەسەر ئەم تێزە. ئەوانەی لە روانگەی رەتکردنەوەی مارکسیزمەوە شتیان لەسەر نووسیوە، زۆر بە سادەیی لێکدانەوەی بۆ دەکەن گوایە فەیلەسوفەکان و بابەتە فەلسەفیەکانیان دنیایان گۆڕیوە و چیدی ئەو قسەیەک مارکس مانایەکی ئەوتۆی نیە. جگە لەم دیدە، خودی ئەوانەشی لە روانگەی مارکسیزمەوە شتیان نووسیوە، کەمتر چوونەتە سەر ئەو لایەنە مێژووییەی تێزێکی ئاوهای هێناوەتە دەر. وەک وتم باس و خواس زۆر کراون لەسەر ئەم تێزە، بەڵام ئەوەی لەو نیوەدا ونە لایەنی مێژووییە، واتە ئەو چوارجێوەی مێژووییەی دیدێکی ئاوها بەرهەم دێنێ زۆر بایەخی پینەدراوە. با بزانین چۆن!
عەدالەت یەکێکە لەو چەمکانەی کە لە مێژوویەکی دوورەوە قسەی لەسەر دەکرێ. زۆر تێگەیشتن و چەمکی گرنگ و سەرەکی بە عەدالەتەوە بەستراون لەوانە ئازادی، ئازادی مرۆڤ یان کۆمەڵگەکەی. لە دەمانی کۆنی یۆنانەوە، لە فەلسەفە لە دەمانی سوقرات و ئەفلاتونەوە تاکو لیبراڵ-دیمۆکراسی ئێستا، کرۆکی تێگەیشتنی دەسەڵاتداربۆ دادپەروەری هەمان شتە. لە رووکەشدا هەندێ ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەر وەک خۆی ماوەتەوە. گفتوگۆی سوقرات لەگەڵ پۆڵیمارکیوس یەکێک لە گەورە دەسەڵاتدارەکانی ئەو دەمی یۆنان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە قانون و پەیوەستبوونی هاوڵاتی بە قانونەوە زامنی چەسپاندنی دادپەروەریە بۆ مرۆڤ. حوکمی قانون کرۆکی ئادیۆلۆجی-سیاسی لیبراڵ-دیمەکراسیە کە نوێنەرایەتی شارستانیەتی رۆژئاوا دەکات لە سەدەی هەژدەوە تا هەنووکە. بەڵام پرسیار ئەمەیە ئایا قانون خۆی چیە؟ کێ قانون دەنوسێ و کێ دەردەکات؟ ئایا بە راستی هیچ پەیوەندیەک هەیە لە نێوان قانون و عەدالەتدا؟ ئەمانە دەکرێ لە جێگەی تردا بە وردی باس بکرێن بەڵام وەک پرسیاری سەرەکی هەر با بکرێن لێرەدا.
“سیفاڵۆس” لەگەڵ ئەوەی یەکێک بوو لە خانەدان و دەسەڵاتدارەکانی یۆنانی کۆن و هەروەها کەسێک بوو حەزی بە گفتوگۆ و بابەتی فەلسەفیش هەبوو، وەک خۆی بە “سوقرات” دەلێ رێزی تایبەتی بۆ فەیلەسوف و دانایان هەیە. لەگەڵ کوڕەکەیدا “پۆڵیمارکۆس” داوەتی سوقرات دەکەن بۆ ماڵی خۆیان دەکەونە گفتوگۆوە لەگەڵ سوقراتدا. یەکێک لە تەوەرە سەرەکیەکانی ئەو گفتوگۆیە مەسەلەی عەدالەت و هاوڵاتی بوونە. ئەوان عەدالەت لە دابینکردنی قانوندا دەبیننەوە و هاوڵاتی تەندروست ئەوەیە کە گوێڕایەڵی قانوون بێ. لەو دەمەوە تاکو ئێستای لیبراڵ-دیموکراسی کە دوایین و پربە بەهاترین سیستەمی سیاسی و قانونی و ئابوری سەرمایەداری دادەنرێت، قانون و مافی هاوڵاتی بوون لەسەر هەمان کرۆکی ئەو تەوەرە دەڕوات کە سیفاڵۆس باسی لێوە دەکرد.
دیارە لەو دەمەوە تاکو ئێستا ئاڵوگۆڕ و دەستکەوتی ئێجگار باش بەدی هاتوون لە بواری عەدالەت و مەسەلەی هاوڵاتی بووندا، بەڵام لە جەوهەردا پیادەی ئەو ئایدیۆلجیە دەکرێت کە سیفاڵۆس خستیە بەردەم سوقرات. ئەوەی لەو نێوەدا حوکم دەکات حوکمی قانونێکە کە سیفاڵۆسەکان سەردارێتی دەکەن. ئەو قانونە سەرباری هەر رەونەق و پێشکەوتوییەک لە بەند و ناوەکانیدا، لە ناوەڕۆکدا حوکمی چینێکی سەردارە. گەر لە سایەی پایەی ئابوری و سیاسی ئەو دەم کۆیلە بە مانا کلاسیکیەکەی بوونی هەبوو بەڵام ئێستا کۆیلە بە مانا مۆدێرنەکەی بوونی هەیە. لە دەمانی فیوداڵیزمدا دەگوترا کە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە. ئێستا زۆری ئاغا بوونی نیە بەڵام زۆری پارە بونی هەیە و قەواڵەکان بەتاڵن گەر زۆری پارەهات.
ئەو دەمانەی شۆڕشی فەرەنسا روویدا هەندێ لە فەیلەسوفەکان بە ئاشکرا دژی ئەو گۆڕانە ریشەییە وەستان وەک ئیدمۆند بێرک، هەندێکیشیان نەرم بۆی رۆیشتن و رەتیان کردەوە لە ژیر لۆجیک و تێزی جیاوازدا. ئیمانوێڵ کانت، سەرباری داکۆکی کردنی لە ئازادی و مافی مرۆڤ و هاوسۆزی لەگەڵ شۆڕەشەکانی وەک گلۆریۆسی ساڵی ١٦٨٨ و شۆڕشی ئەمریکا و تەنانەت فەرەنساش بەڵام لەگەڵ شۆڕشی هەڵتەکێنی ئاوهادا نەبوو. بگرە، لە هەندێ جێگەی تردا داکۆکی تەواو حکومەتی نوێنەرایەتیکردنی خەڵک دەکات و تەنانەت پشتیوانی لە مانەوەی حکومەتەکان دەکات هەرچەندە سەرکوتکەر بن. ئەم دیدە بۆخۆی زۆر نزیکە لە تۆماس هۆبزی فەیلەسوفی ئنگلیزی (١٥٨٨-١٦٧٩) خاوەن کتێبی “لەڤایاسن” کە باوەڕی رەهای بە بوونی دەسەڵاتێکی بەهێزی گشتگیر هەیە تاکو مرۆڤەکان لە کوشت و بڕی یەکتر نەجات بدات.
تەنانەت خودی هیگڵ ئێجگار ئومیدی بە شۆڕش نەبوو، و بگرە پیی وابوو کە دنیا زۆر پیویستی بە گۆڕان نیە چونکە لێکدانەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە جیهان تا رادەی پیویستی خۆی گۆراوە. تەنانەت خودی جان جاک رۆسۆ کە بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکیە ئیلهام بەخشەکانی شۆڕشی فەرنسا دادەنرێت، لەگەڵ گۆڕانی ریشەیی جیاوازیە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکاندا نیە. یەکەم کتێبی (ریشەی نایەکسانی) جان جاک رۆسۆ و لەگەڵ کتێبی دواتری (پەیمانی کۆمەڵایەتی) جیاوازیەکی ریشەیی هەیە لە بارەی یەکسانی و پلەی ئابوری و کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکدیدا.
دواتر، کاتێک نیتچە باس لە ریشەی ئەخلاق (مۆراڵ) دەکات زۆر بە جوانی لەو ماهیەتە چینایەتیەی باوەی ئەخلاق دەدوێت کە لە کۆمەڵگەدا باوە، ئەو ئەخلاقەی لە کۆمەڵگەدا سەردارە ئەخلاقی چینی سەردەستە. تەنانەت باس لە دوو جۆر سەرەکی چینایەتی مۆراڵ دەکات وەک مۆراڵی مالیکەکان و مۆراڵی کۆیلەکان. بەڵام دواتر رایدەگەێنێ کە جیاوازی چینایەتی و نایەکسانی ئابوری شتێکی سروشتیە و دەبێ هەبێ. ئالێرەدا تەواوی فەیلەسوفەکانی تر دەکەونە بەرەیەکەوە کە هەموان لەگەڵ پایە سەرەکیەکنی مانەوەی دۆخی باودان بەڵام، لە دیدی مارکسەوە، دەبێ ئەو پایە سەرەکیانە بگۆڕدرێن. سیستەمی سیاسی لیبراڵ-دیمکراسی کە بە پڕ ڕەونەقترین سیستەم دادەنرێت لە دنیای سەرمایەاریدا زیندووترین بەڵگەیە لە بەردەمماندا کە هەمیشە خەریکی چاکسازی و گۆڕینە لە داروپەردووەکانی مافی مرۆڤ و ریفۆرمە ئابوریکاندا، بێ ئەوەی بتوانێ بۆ سانتیمێکیش لە پایە سەرەکیە چینایەتیەکانی سەرمایەداری نزیک بێتەوە.
لێرەوە بۆمان روون دەبێتەوە کە مارکس رقی لە شیکردنەوە و لێکدانەوە نەبووە و رەتیشێ نەکردۆتەوە یاخود پێی وانەبووە ئەو فەیلەسوفانەی تر هیچ ئاڵوگۆڕێکیان پێشکەش بە جیهان نەکردووە، بەڵام ویستویەتی ئەو لێکدانەوە و شیکارکاریانە ئاڵوگۆڕێکی ریشەیی ئەنجام بدەن لەو ئەنجامگیریانەی بەدەستیان هێناوە. بۆ نمونە، زۆربەی فەیلەسوفەکان باوەڕیان بەوە هەبووە کۆمەلگە جیاوازی چینایەتی تێدایە و کۆمەڵگە لەسەر شانی زۆرینە دەڕوات بەڕێوە، بەڵا هیچیان جەسارەتی ئەوەیان نەکردووە بڵێن با ئەو جیاوازیانە لە ناو بچن؛ بگرە بە یاسایەکی سروشتی یان حوکمی مێژوویان داناوە و شەرعیەتیشیان پێداوە لە ژێر ناوی مافی تاک، ئازادی تاک، دیموکراسی و بازاڕی ئازاد و …..هتد. مارکس نەکەوتە دوای مێگەل بەڵکو بڕیاریدا خۆی شوانی خۆی بێت بۆیە تاکو ئیستاش هەموو ئاغا و کوێخا و پاشکەوتوانیان لیی کەوتونەتە تەقە و بەوە تاوانباری دەکەن کە سۆشیالیزم خەیاڵە و بەدیهاتنی ئەستەمە، یاخود مارکس فەلەسوفێکی خۆشخەیاڵە. چینی بورژوا بۆ خۆی و دەستە و دائیرەکەی سۆشیالیزمی بەدەستهێناوە بەڵام گەر ئەوانی دی داوای بکەن بە یوتۆپیا و ئاژەوەگێڕ و چەندان ناوی تر تۆمەتبار دەکرین. ئایا بارودوخێکی ئاوها هەر دەبێ لێکبدرێتەوە و نەگۆڕدرێ؟