”ئێمە ھەموومان پێکەوە نین، چونکە زیندانییەکانمان لەگەڵدا نییە.“ ساڵانێکی زۆر لە ھەندێک وڵاتی ئەوروپا، ھەر کاتێک خەباتگێڕێک بەھۆکاری بەرگرییکردن لە ئازادیی، زیندانی بکرابایە، ئەم ڕستەیەی سەرەوەی وەکو دروشم بۆ دەگوترا. پێدەچێت ئەم رستەیەش لەمڕۆدا دروستترین دەربڕین بێت کە دژ بە زیندانیکردنی مافپارێزێکی دیاری کوردستانی ڕۆژھەڵات، محەممەد سدیق کەبودوەند، بیڵێینەوە. ئەم چالاکوانەی مافی مرۆڤ بووە بە نموونەیەکی تایبەتی ”زیندانیی ناو زیندان“، چونکە سەرەڕای زیندانیکردنی بە ھۆکاری سیاسیی، ماوەیەکە بەھۆی خراپی باری تەندروستییەوە رژێمی ئێران بێبەریکردووە لە چارەسەری خێرا و دروستی پزیشکیی.
پێدراوێکی سیاسییمان ھەیە کە دەڵێت: ھەموو بریندارکردنێکی مافی مرۆڤ لە ھەر دەوڵەتێکی ستەمگەر رێخۆشکەرە بۆ زەمینەسازیی تاوانی گەورەتر کە سبەینێ ئەو دەوڵەتە پێی ھەڵدەستێت. سزادانی کاک محەممەد تەنھا بریندارکردنی ئازادییەکانی مرۆڤێک نییە لە مومارەسەی کارەکەی وەکو مافپەروەرێک، بەڵکو سزادانێکی قووڵترە، لەبەرئەوەی جارێکی تر، وەکو نەخۆشێک کە تەندروستیی لە دۆخێکی مەترسیداردایە، دەستبەسەردەکرێت و لە مافی چارەسەرکردنی دروست و سەردانیکردن بێبەریدەکرێت.
من وایدەبینم لەئێستادا تەنھا مافەکانی کاک محەممەد لە مەترسیدا نین، چونکە بەھۆی بەرگریکردنی لە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ لە کوردستانی رۆژھەڵاتدا سزادراوە، بەڵکو بوونی ئەم مرۆڤە خۆی کەوتۆتە ژێر ھەڕەشەی ”کوشتنێکی کلینیکیی“ەوە، چونکە لەمافی چارەسەرکردن و سەردانیکردنی لەلایەن ھاوڕێیان و خزمانییەوە، بێبەریکراوە.
کاتی خۆیەتی لەگەڵ ھاوڕێیان و دۆستانی خۆرھەڵاتیماندا داوای چارەسەری پزیشکی خێرا و دروست بۆ ئەم مافپارێزە بکەین و داوای ئازادی و گەڕانەوەی کاک محەممەد بکەین بۆ ناومان و بڵێین”ئێمە ھەموومان پێکەوە نین، چونکە ئاغای کەبودوەندمان لەگەڵدا نییە.“
ئاراس فەتاح