وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی فیدڕاڵ، ئاماری ڕووداوەكانی هاتوچۆی بۆ ساڵی 2023 بڵاوكردەوە.
وەزارەتەكە ڕایگەیاندووە، بەراورد بە ساڵی پێشتر ڕێژەی ڕووداوەكان %28.2 زیاتر بووە.
عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، كۆی گشتیی 11552 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە، لەو ژمارەیە 3262یان گیانلەدەستدانی تێدا بووە و ڕێژەیان %28.2 بووە، 8290 ڕووداویشیان زیانی گیانیی تێدا نەبووە و ڕێژەیان %71.8 بووە. ئەمە هەمووی لە 15 پارێزگای عێراق، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
لە 2022دا، كۆی گشتیی 11523 ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار كرابوون، واتە ڕێژەی ڕووداوەكان %0.3 زیاتر بووە.
بە گوێرەی بەیاننامەكەدا، لە 2023دا، 3 هەزار و 19 كەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، 2 هەزار و 472یان نێر و 547یان مێ بوون، بەڵام ژمارەی گیانلەدەستدان بەراورد بە 2022 بە ڕێژەی %0.1 كەمتر بووە، بەو پێیەی لەو ساڵەدا 3 هەزار و 21 كەس مردبوون.
سەبارەت بە برینداربوون لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە 2023دا كۆی گشتیی 12 هەزار و 314 كەس بریندار بوون، ڕێژەكەیان بەراورد بە ساڵی پێشتر %2.9 كەمبووەتەوە.
لە كۆی ئەو ڕووداوانەی ڕوویانداوە، 6 هەزار و 519یان پێكدادان بووە، 3 هەزار و 912یان شێلان بووە، 926یان وەرگەڕان بووە.
بە گوێرەی بەدواداچوونی “سبەی” وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان ئاماری سێ ساڵی ڕابردووی ڕووداوەكانی هاتوچۆی لە سایتی وەزارەتەكە بڵاونەكردووەتەوە، هاوشێوەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق.
دوا ئاماری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لە بارەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ، ئاماری ساڵی 2020ـە، كە بە هۆیانەوە سەدان كەس گیانیان لەدەستداوە.