جیهان پرە لە کێشەی کراوەی قوڵ، جەنگەکان و قەسابخانەکانی، قەیرانە قوڵەکانی ئابوری، پەیوەندەیە نێو دەوڵەتیە وێران بووەکان، دەیان نەخۆشیتری سیاسی چەشنی ڕاسیزم و ڕاسترەوی، لەم وێنە تەڵخەدا؛ گەڕانەوەی ترامپ نەك ئاسایشی ئەمریکا بەڵکو هەموو ئاسایشی جیهان یەکسان دەکات بە قومارخانەیەک مشتێ سایکۆپاتی بێ بەها لە چەشنی ترامپ تەراتێنی تیا دەکەن.
ساڵانێك لەمەوبەر؛ کەیسی دەستێوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا وەکو کێشەیەکی “هاك کردن” و حەساسیەتی پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەکان باسی لێوەدەکرا، ئەم تێروانینە چەمکی ” دەستێوەردان” ی لە هەڵبژاردنەکان لە یەك چوارچێوە دەهێشتەوە، برینە گەورەکە ئەوەیە؛ گەلی ئەمریکا خۆی، یان بەشە ڕاستڕەوە بێ هۆشەکەی بە هەڵبژاردنەوەی نەخۆشێکی وەکو ترامپ دەستێوەردانێکی زۆر خراپیان لە چارەنوسی وولاتەکەی خۆیان و لە جیهان کرد.
جاران چەپی جیهانی وا ڕاهاتبوو کە وا وێنەی هەڵبژاردنەکانی ووڵاتە زلهێزەکانی دونیا بکات چەشنی ( ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا) کە تەنیا جێگۆڕکێ ی حیزبە سەرەکیەکانە لە چوارساڵی حوکمرانیدا! ئەم دەبەنگیە لە نێو بەشێك لە هێزەکانی چەپدا تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە، هیتلەر بە سواری تانك نەهاتە سەر دەسەڵات بەڵکو بە هەڵبژاردن هات، لێرە تاوتوێ کردنی “دیموکراسی” باشە خراپە سەفسەتەیەکی بێ نرخە؛ بەڵکو تەرکیز کردنە سەر ئاکامەکانی و هەوڵی پێشگری لە ئاکامەکان گرنگی زیاتری هەیە، ئەمە ئەرکێکی زیاتر دەخاتە سەر چەپ لەم ووڵاتە زلهێزانە، کە ئەگەر خۆیان لە دۆخی بەهێزی نین؛ دەتوانن بە چ بەرەیەك رێگا لە کارەساتی چەشنی ” گەڕانەوەی ترامپ” بگرن، لێرەوە دەبێ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکان بوعدێکی تر وەربگرێ، دەبێ لە زەینی گشتیدا وا وێنا بکرێت کە ئەم دەستێوردانە تەنیا لە هەڵبژاردنی نێوان “کارەکتەری شێت و بێ قیمەت ” و “کاراکتەری ئەقڵانی” بەرزترین پۆستی ووڵات نیە، بەڵکو لە نێوان ئەو چارەنوسە ڕەشەدایە کە دەکرێ وەرگرتنی ئەم پۆستە بۆ وڵات و بۆ گشت جیهانی دروست بکات.
ڕاستڕەوەکانی ئەمریکا؛ واتە دەنگدەرانی ترامپ زۆر بە ئاسانی تێرمی “مێگەلی گشتیان” بەسەردا جێبەجێ دەبێت، بەڵام ئەو بەشە زۆرەی جەماوەریش لە ئەمریکا کە بایکۆتی دەنگدان دەکات هەمان تیڕمی بەسەردا جێبەجێ دەبێت، ئەگەر پشتیان بەوهۆشیارەی فەیکە بەستبێ کە هەڵبژاردن هیچ ناگۆڕێ!
هیچ بیانوویەك نیە کە تۆ ئەزموونی ترامپت بینێبێت، ئەزموونی لایەنگرانی ترامپ بینێبێت کە وەکو میلیشیای چەکداری کۆشکی سپیان داگیر بکەیت، ئینجا بچیت لە ڕقی فەشەلی “دیموکراتەکان” دەنگی پێ بدەیت و یان دانیشی لە ماڵەوە بایکۆت بکەیت، بەرپرسیاریەتی لە هاتنی ترامپ چەندە مێگەلی عەوام لێ ی بەرپرسیارە ئەوەندەش دیموکراتەکان و بەشی هۆشیاری کۆمەلگەی ئەمریکا لێ ی بەرپرسیارە! چونکە ئەم دۆخەو ئەم گۆڕانکاریە گرنگانەی مێژوویان نەبینی کە چ دەرگایەکیتری تاریکی بە ڕووی خۆیان و جیهان کردەوە!.