دایکى حسێن لەوپەڕى رەشبینى نزیک دەبێتەوە، بەهۆى ئەوەى خۆى و خێزانەکەى کە لە هاوسەر و چوار منداڵەکەى پێکدێن بەدەست هەژارییەکى گەورەوە دەناڵێنن هاوشێوەى ملیۆنان عێراقى تر.
عەلى، هاوسەرى دایکى حسێن بەدەست نەخۆشییەکانى شەکرە و دڵەوە دەناڵێنێت، گرفتى سەرەکیشى بێکارییە.
بەدرێژایى نۆ ساڵى رابردوو دایکى حسێن وەک خزمەتکار لەماڵان کاریکردووە، بەڵام ئێستا زۆر شەکەتە و ناتوانێت کاربکات.
دایکى حسێن وتى “ماندووبوم، پارەمان نیە بیدەینە کرێى ئەو خانووەى تیایداین و، بۆ کڕینى دەرمان و پێداویستیەکانى منداڵ و دابینکردنى خواردن هیچمان نیە”.
دایکى حسێن و خێزانەکەى لە ماڵێکى کاتیدا دەژین کە لە تەنها ژورێکى بچوک پێکدێت و دەکەوێتە رۆژهەڵاتى بەغدا.
هاوسەرەکەى وت “لە هەر شوێنێک کە مرۆڤ بەمێشکیدا بێت کارمکردووە، وەک قەساب و کرێکار کارم کردووە” وتیشى “داواى پارە ناکەم، بەڵام خەڵکى دەمانداتێ”.
وتیشى “داوا لە خەڵکى ناکەم خۆراکمان بداتێ، بەڵکو داوا لە کوڕەکەم دەکەم پاشماوەى نانى سەر رێگاکان کۆبکاتەوە تا بیخۆین، داواى پارە یان خواردن لەهیچ کەس ناکەم”.
بەهۆى دۆخە سەختەکەیانەوە، دایکى حسێن بڕیاریدا قوربانییەکى گەورە بدات.
ئەو وتى “بڕیارمدا یەکێک لە گورچیلەکانم بفرۆشم”، ئاماژەشیدا “ناتوانم پارەى پێویست بۆ خێزانەکەم دابینبکەم، ئەم بڕیارەم بۆیە دا، لەبەرئەوەى نامەوێت خۆم بفرۆشم”.
دایکى حسێن و هاوسەرەکەى روویان لە بازرگانێکى نایاسایى تایبەت بە فرۆشتنى ئەندامانى لەشى مرۆڤ کرد، بەڵام پشکنینە سەرەتاییەکان ئەوەى دەرخست کە ئەندامەکانیان تەندروست نین.
عەلى بە توڕەییەوە وتى “بەهۆى ئەو دۆخەمانەوە، بیرمان لە فرۆشتنى گورچیلەى کوڕە نۆ ساڵانەکەمانەوە کردەوە”.
ئەوەشى وت “بۆچى ئێمە لەم دۆخەداین؟”.
“بازرگانى ئەندامانى جەستە”
بازرگانی و فرۆشتنى گورچیلە و ئەندامانى ترى لەش، بووەتە بازرگانییەکى بەربڵاو لە بەغدا بەهۆى ئەو حاڵەتى هەژارییەى لە وڵاتدا بڵاوبوەتەوە.
نزیکەى 22.5%ى عێراقییەکان لەکۆى 30 ملیۆن هاوڵاتى بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، ئەمەش بەپێى ئامارەکانى بانکى نێودەوڵەتى کە لە ساڵى 2014 بڵاویکردوەتەوە.
باندەکانى فرۆشتنى ئەندامانى لەش نزیکەى دە هەزار دۆلارى ئەمریکى دەدەنە هەر گورچیلەیەک کە پێیان دەدرێت، ئەم باندانە هەژاران لە عێراق دەکەنە ئامانج، بەمەش وڵاتەکە بوەتە سەنتەرى بازرگانى ئەو ئەندامانە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا.
پارێزەر فارس بەیاتى رایگەیاند “ئەم دیاردەیە بەجۆرێک بڵاوبوەتەوە کە دەسەڵاتداران تواناى رێگری لێکردنیان نییە”.
بەیاتى وتیشى “خودى خۆم لەماوەى سێ مانگى رابردوودا 12 کەسم بینیوە، کە بەهۆى فرۆشتنى گورچیلەیانەوە دەستگیرکراون” ئەوەشى وت “هەژارى هۆکارى پاڵنەرە بۆ فرۆشتنى ئەندامانى جەستەیان”.
ئاماژەشیدا “بیهێنە پێش چاوى خۆت باوکێکى بێ کار، هیچ سەرچاوەیەکى بژێوى نەبێت بۆ بەخێوکردنى منداڵەکانى، چى دەکات جگە لە خۆبەقوربانیکردن، من ئەمە بە قوربانى دەزانم و بەرگرى لێدەکەم”.
لە ساڵى 2012 حکومەت بڕیارێکى نوێى دەرکرد وەک هەوڵێک بۆ سنوردارکردنى بازرگانى بە مرۆڤ و ئەندامەکانى لەشییەوە.
یاساکە رێگە بە بەخشینى ئەندامانى جەستە نادات تەنها بەکەسانى نزیک نەبێت ئەویش پاش واژۆکردنى نوسراوێکى رەزامەندى لەنێوان هەردولا، بەڵام ئەو باندانەى سەرقاڵى ئەو جۆرە بازرگانییەن بەڵگەنامەکان ساختە دەکەن بۆ ئەوەى بە ئامانجى خۆیان بگەن.
سزاى ئەو کەسەى بە بازرگانیکردن بە ئەندامانى لەش تۆمەتباردەکرێت لەنێوان سێ ساڵ بۆ لەسێدارەداندایە، وەک ئەوەى بەیاتى باسیدەکات.
وتیشى “هەژارى ناکرێتە بیانوو بۆ ئەم کارانە”.
کارێکى تەواونەکراو
محەمەد کە نەیویست ناوى تەواوى ئاشکرابکرێت، بەندکراوێکى عێراقییە کە دەستگیرکراوە پاش ئەوەى بە فرۆشتنى گورچیلە تۆمەتبارکراوە، ئەو رایگەیاند “من لێرە لەم بەندینخانە پڕ پاسەوانە لەگەڵ دە کەسى تردا بەندکراوم بەهۆى تۆمەتبارکردنمان بە بازرگانیکردن بە ئەندامانى جەستە”.
محەمەد کە باوکى دوو منداڵە وتیشى “من هەست بە گوناح ناکەم لەبارەى کارەکەوە”.
وتیشى “من سەیرى لایەنى مرۆیى بابەتەکەم دەکرد، بەڵام پاش تێپەڕبوونى چەند مانگێک، پرسیارم لەخۆم دەکرد دەربارەى ئەخلاقیاتى بابەتەکە، ئەوەش دواى بینینى رەوشى دژوارى ئەوانەى بیریان لە فرۆشتنى ئەندامەکانیان دەکردەوە”.
ئاماژەشیدا “دڵم پڕ بوو لە بینینى ئەو گەنجە تەمەن پڕ گوڵانەى، ئەندامانى جەستەیان لەپێناو پارەدا دەفرۆشن”.
محەمەد لەنزیک نەخۆشخانەیەکى حکومى لە بەغداد لەتشرینى دووەمى 2015 دەستگیرکرا، پاش ئەوەى پۆلیسێک زانى کە ئەو بازرگانى ئەندامانى جەستەیە.
سەرجەم نەشتەرگەرییەکانى چاندنى ئەندامان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان و بەتایبەتیش لە هەرێمى کوردستان ئەنجامدەدرێت، وەک ئەوەى محەمەد دەیڵێت، “بەهۆى نەبوونى رێوشوێنى توند وەک ئەوەى لە بەغدا هەیە”.
بى بى سى