رۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (١٣\٤\٢٠١٦)لە ٢٨ مین ساڵیادى کارەساتى ئەنفال کە بەسەر میللەتى کورددا هات، ژمارەیەک چالاکى مەدەنى گردبونەوەیەکى ناڕەزاییان لەبەردەم وەزارەتى داد ئەنجام و داواى بەسزا گەیاندنى تاوانبارانى ئەنفال دەکەن.عەلى مەحمود، یەکێک لە ڕێکخەرانى گردبونەوەکە ڕایگەیاند “بەداخەوە دەسەڵاتى دادوەرى و حکومەت ڕاستى نەکرد لەگەڵ کەسوکارى قوربانیانى ئەنفال و هەموو ساڵێک لەم بۆنەیەدا کۆمەڵێ بەڵێن دەدەن، بەڵام دواتر هیچ ڕاست نابێت”.
هەروەها وتى “پارساڵ لەم بۆنەیەدا حکومەت بڕیاریدا ئەوناوانەى کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانى کارەساتى ئەنفال بداتە پۆلیسى نێودەوڵەتى بەڵام ڕاستى نەکرد”.
وتیشى “ئەوەى کێشەیە ئێستا حکومەتى هەرێم دەیەوێت موچەى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان بکاتە ٤٥ ڕۆژ”.
لە ٢٠ى ٥ى ٢٠٠٧دا دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ ٤٣٣ تۆمەتبارى ئەنفال دەرکرد، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر تاوانەکانى ئەنفال لە هەرێمى کوردستان دەستگیرنەکراوە.
١٤ى نیسانى ٢٠١٦ ٢٨ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کارەساتى ئەنفالى گەلى کورددا، کە تیایدا ١٨٢ هەزار کەس شەهید بوون بەدەستى ڕژێمى پێشووى بەعس.