ئۆتیزم چییە؟
ئۆتیزم بریتییە لە گروپێک نەخۆشی کە کاریگەری لەسەر ڕەفتار و پەیوەندی کۆمەڵایەتی کەسی تووشبوو دادەنێت. ئەم کاریگەرییانەش دەگونجێت سادە و لاوەکی بن، دەشکرێت هێندە زۆر بن کە ڕێگە لە بەڕێوەچوونی ئاسایی ژیانی ڕۆژانە بگرێت.
بە پێی ئەم کاریگەرییانە ئۆتیزم چەند جۆرێکی هەیە کە ئەمانە لە گرنگترینەکانیانن:
• ئۆتیزیمی کلاسیکی کە بە ئۆتیزمی منداڵی یان ئۆتیزیمی کانەریش ناسراوە.
• نەخۆشی ئەسپەرگر
• ئۆتیزمی نائاسایی
لە هەموو ئەم جۆرانەدا هەمان نیشانە دەردەکەون، بەڵام بەپێی تەمەنی دەستپێکردن و ڕادەی خراپی نیشانەکان، هەروەها بەپێی چۆنیەتی دەرکەوتنیان جیاوازییان هەیە. لەم بابەتەدا زانیاری گشتی لەسەر نەخۆشییەکانی ئۆتیزم و نیشانەکانی جۆری یەکەم کە باوترینیانە دەخەینەڕوو.
ئۆتیزم چۆن سەرهەڵدەدات؟
هۆکار و چۆنیەتی دروستبوونی ئۆتیزم ڕوون نییە، بەڵام بڕوا وایە کە نەخۆشییەکانی ئۆتیزم بەگشتی بە شێوەی بۆماوەیی دەگوێزرێنەوە کە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە گەشەی ئاسای مێشک و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
لەوانەیە هۆکارە ژینگەییەکانیش وەکو هەوکردن و ژەهراوی بوون پێش لە دایکبوون یان دوای لەدایکبوون بەڕێژەیەکی کەم ڕۆڵیان هەبێت.
هۆکارە ژینگەییەکان لەو منداڵانەدا کە لە ڕووی بۆماوەییەوە مەترسییان لەسەرە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکە زیاتر دەکەن.
لە ئێستاشدا هیچ پشکنینێکی جینەکانی منداڵ بوونی نییە بۆ دەستنیشانکردنی ئەگەری تووشبوون بە ئۆتیزم.
هەرچەندە ژمارەیەک لە نووسەران ڤاکسینەکان بە هۆکارێکی ئۆتیزم دەزانن بەتایبەت ڤاکسینی سورێژە، بەڵام زۆربەری توێژینەوە زانستییەکان پاڵپشتی ئەم بۆچوونە ناکەن.
گرنگترین نیشانەکانی ئۆتیزم کامانەن؟
بۆ ئەوەی بە ئۆتیزم دەستنیشان بکرێت، پێویستە منداڵ لە تەمەنی ٣ ساڵییەوە نیشانەکانی تێدا دەربکەوێت. نیشانەکانی ئۆتیزمیش دابەش دەبن بەسەر گروپدا کە ئەمانەن:
• بەرکەوتەی کۆمەڵایەتی – ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە کێشەیان هەیە لە درستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکەدا. زۆرجار ئەم منداڵانە گرفتیان هەیە لە ناسینەوە و خوێندنەوەی ئاماژە ڕوخسارییەکان و خۆیان دووردەخەنەوە لە ڕوانینی ڕووبەڕوو لەگەڵ کەسانی دیکەدا. هەروەها لە زۆر کاتدا حەزناکەن کەس بەریان بکەوێت و پێیان خۆش نییە لەگەڵ کەسیشدا یاری یان هەڵسوکەوت بکەن.
• قسەکردن – منداڵانی توشبوو بە ئۆتیزم لەچاو منداڵانی دیکەدا درەنگتر فێری قسەکردن دەبن.
هەندێکیشیان هەرگیز فێری قسەکردن نابن.
کێشەکەش تەنها قسەکردن نییە.
هەندێک لە دایکان و باوکانی منداڵانی ئۆتیزم وادەزانن منداڵەکەیان کەڕبوونیشیان لەگەڵدایە.
بە پێچەوانەی منداڵانی ئۆتیزم، ئەو منداڵانەی کە هیچ نابیستن و توانای قسەکردنیان نییە هەوڵدەدەن لە ڕێگایەکی دیکەوە پەیوەندی دروستبکەن و دەربڕینەکانیان بگەیەنن.
بەڵام منداڵی تووشبوو بە ئۆتیزم وادەردەکەوێت کە پەیوەندیکردن بەلایەوە هیچ گرنگ نەبێت.
• حەزی سنووردار – منداڵانی ئۆتیزم حەزێکی زۆریان بۆ شتێکی دیاریکراو هەیە، بەڵام گرنگی بە هیچ شتێکی دیکە نادەن. ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان کەمە هەموو سەرنجیان دەچێت بۆ لای ئەو شتانەی کە دەخوڵێنەوە یان بریقەیان هەیە و هەموو شتێکی دیکە پشتگوێ دەخەن.
بەڵام ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان زیاترە تەنها سەرقاڵی یەک بابەتی وەکو کەشوهەوا، ژمارەکان، یان وەرزش دەبن.
منداڵی ئۆتیزم هەروەها نەریتێکی تایبەتی خۆی پەیڕەو دەکات و بە پێویستی دەزانێت لێی لانەدات.
بۆ نموونە یەک جۆری خواردن یان یەک ڕێگای ڕۆشتن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە.
ئەگەر ئەم نەریتانەی بوەستێنرێن ئەوا ناڕەحەت دەبێت.
ئەگەر ئەو نیشانانەی سەرەوەت لە منداڵەکەتدا بەدی کرد، ڕاوێژ لەگەڵ پزیشکدا بکە.
لە بەرامبەریشدا پزیشک یان تیمێک لە پزیشکان هەڵسەنگاندن بۆ منداڵەکە ئەنجام دەدەن و بۆ هۆکاری دیکەش دەگەڕێن کە ئەگەری هەبێت ئەو نیشانانە دروستبکەن.
دەستنیشانکردنی هەرچی زووتری ئۆتیزم کارێکی گرنگە و ئەو منداڵانەی نەخۆشییەکەیان زوو دەستنیشان دەکرێت لە توانادا هەیە کاریگەری نەخۆشییەکە لەسەریان کەمتر بکرێتەوە.
ئۆتیزم چۆن چارەسەر دەکرێت؟
چارەسەری ئۆتیزم بە پێی تەمەنی منداڵەکە دەگۆڕێت. هەروەها بە پێی ئاستی خراپی نەخۆشییەکە و هەبوونی نەخۆشیی دیکە لەگەڵیدا چارەسەرەکە جیاواز دەبێت.
هەرچەندە چارەسەرێکی تەواوەتی بۆ ئۆتیزم بوونی نییە، بەڵام زۆرجار منداڵان دەتوانن بەسەر زۆر لەو گرفتانەدا زاڵ بن کە بەهۆی ئۆتیزمەوە دووچاری دەبن.