تۆڕى پەڕەپێدانى تواناکانى خەڵک کە لە چەند ڕێکخراوێک پێکهاتووە لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن لەچەند بوارێکى جیا و سێکتەرى جیاواز لە بەرژەوەندى خەڵک بۆ پەرەپێدانى تواناکانیان.
هەرێمى کوردستان بە قۆناغێکى هەستیار و ناشەفافى تێدەپەرێت کە هۆکارێکە بۆ نائومێدى و کۆچى گەنجان ئێمە لە ڕاپۆرتەکەماندا هەوڵدەدەین لە رێگاى سێکتەرە جیاوازەکانەوە ناشەفافى لەهەرێمى کوردستان بڵاو بکەینەوە .
بەرێوەبردن و کارگێرى :
سیستەمى بەرێوەبردن و کارگێرى لەهەرێمى کوردستان بە یەکێک لە خراپترین بوارەکانى ژیانى رۆژانەى خەڵک دادەنرێت کە هۆکارێکى گەورەیە بۆ گەندەڵى و رۆتین و مەحسوبێت و ناشەفافى لە دامودەزگاکانى حکومەتدا .
زۆربوونى ژمارەى کارمەندان کە لە رێگاى بارەگا حزبیەکانەوە دامەزراون و پلەو پۆستەکانى فەرمانگەکان بە حزبى کراوە لەجیاتى ئەوەى بەپێ سیستەمى کارگێرى و یاساى ئیدارەدان و بەرێوبردن بچێت بەرێوە پلەکان لە بارەگاى حزبەکان دابەش دەکرێت .
قۆرخکارى و واسیتە و خزم خزمێنە و میواندارى بەرپرسان لەگەڵ ناشەفافى پێدانى تەندەر بە کۆمپانیا حزبیەکان و خەڵکانى سیاسى نائومێدى لاى خەڵک دروست کردوە بە جۆرێک هەموو کەسێک بۆ کارێک لە هەرێمى کوردستان پەنا بۆ واسیتە و رۆتین دەبات.
کارکردنى دامودەزگاکانى حکومەت بەپێ سیستەمى ئێستا جگە لە بەهەدەردانى تواناى مرۆیى و رۆتینى زۆر و کەم تەرخەمى لەکار کردن ، تەمەڵى دروست کردوە .
ناشەفافى لە داهات و خەرجیەکانى حکومەت
داهاتى خاڵە سنوریەکان هاوردە و ناردەنى لەگەڵ باج و زەریبە ناوخۆیەکان بەجۆرێک رێکخراوە ناشەفافى گەورەى تێدایە کە وەزارەتى دارایى ناتوانێت ژمارەکانى دەست کەوێت.
یەکێک لە هۆکارەکانى باڵا دەستى حزب لە خاڵە سنورەیەکان بە تایبەتى لە سنورى سلێمانى و هەولێر دابەشکر کراوە و بەجۆرێک کە شێوەى دوو ئیدارەى پێوە دیارە .رۆژانە جگە لە رۆیشتنى ژمارەیەک تەنکەرى نەوت بۆ ئێران و تورکیا ئەو باجە زیادانەى وەردەگیرێت لە شۆفێرەکان لەلایەن چەند کۆمپانیایەکى حزبى داهاتەکەى ناگەرێتەوە بۆ بانکەکانى وەزارەتى دارایى و بۆ چەند کەسێکى حزبى دەچێت ، لە خاڵە سنوریەکانى زۆربەى بەرهەمەکان دەهێنرێتە کوردستان کە چەند کەسێک لەپشت ئەو کۆمپانیانەن بەنرخێک دەفرۆشرێت کە بەرهەمى خۆماڵى پەک خستووە .
دەتوانین بڵێن داهات و باجى خاڵە سنوریەکان بەشێوەیەکە ئەگەر بە شەفافى کارى لەسەر بکرێت دەتوانێت کەلێنێکى گەورەى دارایى پڕ بکاتەوە لە هەرێمى کوردستان .
جگە لە خاڵە سنوریەکان لە هەرێمى کوردستان باج و داهاتى ناخۆى وەکو داهاتى ( کارەبا و ئاوو زەریبە و کامێراى هاتوچۆ و وەسڵەکانى فەرمانگەکان ) کە بەشێکى گرنگى داهاتن ناروونى و ناشەفافى تێدایە .
نەوت و کۆمپانیاکان
نەوت بربڕەى پشتى ئابورى هەر ووڵاتێکە کە بتوانێت بەرێوەى ببات لەهەرێمى کوردستان لە شارەکانى دهۆک و سلێمانى و هەولێر و گەرمیان چەندین چاڵە نەوت دۆزراونەتەوە کە بەشێکى زۆرى ئەو چاڵە نەوتانە شیرینى وەرگیراوە لەلایەن حکومەت و وەزارەتى سامانە سروشتیەکانەوە ، بەڵام بەهۆى ململانێ حزبى و زاڵبوونى دوو ئیدارەى روون نیە چۆن سەرف دەکرێت و بەرهەمى بۆ کۆمەڵگا و شارەکانى خۆیان چۆنە .
چەند کەسێک لەسایەى دۆزینەوەى نەوت بوون بە خاوەن کۆمپانیا و لە رێگاى تەنکەرەوە کرین و فرۆشتنى پێوە دەکەن خاوەن سەدان ملیۆن دۆلارن لە هەرێمى کوردستان .
فرۆشتنى نەوت لە رێگاى بۆرى و تەنکەر رۆژانە نەبوونى مووچە و وەستاندنى خزمەتگوزاریەکانى خەڵک بەجۆرێک ناشەفافە کە روون نیە رۆژانە چەند بەرمیل نەوت دەفرۆشن وە رۆژانە چەند تەن نەوت لە رێگاى تەنکەر دەفرۆشن رەوانەى بەندەرەکانى دەکەن .
رەوەستاندنى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان کە بەهۆى فرۆشى نەوتە لە حکومەتى ناوەندى بەهۆى نەبوونى پلانى ستراتیژى درێژخایانى هەرێم بوو لە ساڵانى ڕابردووى بەو هەموو پارە زۆرەوە نەیتوانى داهات خەزن بکات و بەشى ساڵێک خەرجى کۆبکاتەوە .
بۆیە پێویستە پەرلەمانى کوردستان بەئەرکى خۆى هەڵسێت لە خستە رووى شەفافێتى نەوت و داهات رۆژانە لە کەناڵەکانى راگەیاندن بە ژمارە بڵاو بکرێتەوە بۆ خەڵکى کوردستان .
کەرتى تایبەت و کەرتى گشتى
لەهەرێمى کوردستان بەهۆى قەیرانى دارایى ئەوەمان بۆ دەرکەوت کەرتى تایبەت لەسەر پشتى کەرتى گشتى دەژێت و ناتوانێت خۆى بژێنێت ، لەگەڵ بوونى قەیرانى دارایى کەرتى تایبەت بەرەو نەمان رۆیشتن هەندێک کۆمپانیا هەڵوەشانەوە نەیانتوانى خزمەت بە حکومەت بکەن و چارەسەرێک بۆ قەیرانى دارایى بدۆزنەوە ، چونکە بانکەکانى کەرتى تایبەت و کەرتى گشتى یەک بانک بوو ئەویش بانکى حکومەت و خەڵک لە بوودجەى گشتى ووڵات .
لەم قەیرانەدا ئەوە ئاشکرا بوو کە تەنها چەند کەسێک توانین خۆیان دەوڵەمەند بکەن بە ناوى کەرتى تایبەت لەسەر کەرتى گشتى .
پێویست بوو حکومەت گرنگى بە کەرتى تایبەت بدایە بۆ پێشخستنى کارەکانیان ، چونکە کەرتى تایبەت بێکارى و هەلى کارى دەرەخساند بۆ گەنجان و گەشەى ئابورى پێش دەخست، وەکو چۆن لەووڵاتانى تر کەرتى تایبەت ووڵات بەرێوە دەبات .
لەلایەکى ترەوە حکومەت نەیتوانى کۆنترۆڵى کەرتى تایبەت بکات و لەژێر ریکێفى خۆى رایگرێت بەهۆى ململانێ حزبى و ناکۆکى سیاسى لایەنەکان .
کۆمپانیاکانى موبایل تاوەکو ئێستا ئەو باجەى دەخرێتە سەریان ئەوانیش لە خەڵکى دەسێنن بۆ نمونە باجى لە سەدا بیست خرایە سەر کارتى موبایل بەڵام کۆمپانیاکان لە جیاتى ئەوەى خۆیان باجەکە بدەن هاتن باجەکەیان خستە سەر خەڵک و نرخى کارتیان گران کرد بەجۆرێک بوونە هۆى بارگرانى بۆ خەڵکى کوردستان . ئەم کۆمپانیانە تاوەکو ئێستا لە سنورەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش کارى بازرگانى خۆیان دەکەن لەکاتێکدا لە هەرێمى کوردستان بارەگاى سەرەکیان هەیە زیاتر لە 1200 پێشمەرگە شەهید بووە ، بەڵام ئەم کۆمپانیانە تاوەکو ئێستا سیمکارت و کارت و بورجى کۆمپانیاکانیان کاردەکات بۆیە پێویستە حکومەت بپرسێتەوە چۆن ؟ بەچى رێگایەک؟ کێ ؟ ئەو کارە دەکات .
پەروەردە و خوێندنى باڵا
سیستەمى پەروەردە لەهەرێمى کوردستان بەووتەى وەزیرى پەروەردە خۆى لە ئاستێکى مام ناوەندایە لەگەڵ ئەوەى وا نزیک دەبینەوە لە ساڵى 2016 بەڵام تاوەکو ئێستا لە یەک بیناى خوێندنگە سێ دەوام و دوو دەوامى دەکرێت و ژمارەیەک زۆر قوتابى کە نزیکەى 40 بۆ 45 قوتابى لە یەک پۆلدان .
وەزارەتى پەروەردە چاپ کردنى پەرتوکەکانى لەووڵاتانى دەرەوە دەکات بە نرخێکى گران لەکاتێکدا حکومەت دەیتوانێ بە پارەى یەک ساڵ کە سەرف دەکرێت بۆ چاپ باشترین و گەورە ترین چاپخانەى دابنیایە بۆ تەنها چاپ کردنى پەرتوکەکانى وەزارەتى پەروەردە .
بوونى قوتابخانە تایبەتەکان و وانەى تایبەتى بە قوتابیان لەلایەن مامۆستایان خۆ دزینەوە لە وانە ووتنە لە پۆلەکان بەشێوەیەکى جدى کاریگەرى خراپى لەسەر پەروەردە و فێرکردن کردووە لە هەرێمى کوردستان .
دانانى بەرێوبەر و جێگرەکانیان و دامەزراندنى مامۆستا بەبێ فرەمانى بارەگا حزب ناچێتە بوارى جێ بەێ کردن بەجۆرێک کەسانێکى نائیدارى کردۆتە بەرێوبەر کە شارەزاى و بوارى بەرێوبردن و ئیدارەدان نین.
خوێندنى باڵا بەتایبەتى زانکۆکان بە ئاستێکى خوێندنى خراپدا دەرۆن بەپێ پێورەکانى زانکۆکانى جیهان لە نزمترین ئاستدان ، ئەویش دەگەرێنەوە بۆ ناکۆکى حزبەکان کە سەرۆکى زانکۆکان لەسەر بنەماى حزبى دادەنرێن .
بوونى زانکۆ ئەهلیەکان کە مۆرکى چەند کەسێکن گرنگى زانکۆ حکومیەکانى کەم کردۆتەوە ، لەکاتێکدا ئەم زانکۆانە کەرتى تایبەتن بەڵام لە بودجەى گشتى سەرفیان بۆ کراوە ، لە هەرێمى کوردستان کاتى ئەوە هاتووە سیستەمى زانکۆکان بگۆرێت کە بتوانن بەرهەمیان بۆ کۆمەڵگا هەبێت و داهێنان و توێژینەوەى زانستى بەسد بڵاو بکەنەوە .
کۆچى و نائومێدى خەڵک .
لە ساڵى 2015 جارێکى تر دیاردەى کۆچ سەرى هەڵدایەوە بەپێ ئامارە نافەرمیەکانى نزیکەى 10 هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان کۆچیان کردوە لەو ژماریە زۆرترینى گەنجە بەشێکى زۆریشى بە خیزانیەوە دەرۆن کە مناڵەکانیان بە رێگاى قاچاخ دەبەن بۆ ئەوەى بگەنە ووڵاتانى ئەوروپا.
بەهۆى کۆچکردنەوە ژمارەیەک مامۆستا ناوەندەکانى خوێندنیان جێهێشتووە و روویان لە دەرەوەى ووڵات کردووە .
بەهۆى نائومێدى لە بێکارى و هەڵئاوسانى بازار نەبوونى هەلى کار و ململانێ لایەنە سیاسیەکان لەسەر پۆست و کورسى دیاردەى کۆچ رۆژانە روو لە زیاد بوون دەکات ، رۆژانەش هەواڵى لەدەستدانى چەندین گەنجى کورد بە خانەوادەکانیان دەگات .
ئێستا کاتى ئەوەیە حکومەتى هەرێمى کوردستان چاکسازى بکات لە سەرجەم بوارەکان بۆ شەفافیەت و نەهێشتنى گەندەڵى و قۆرخکارى سیاسى بەسەر بازار و داهاتى خەڵکەوە .
چارەسەرەکان
1- چاکسازى لە بوارى ئیدارەدان و بەرێوبردن و سیستەمى کارگێرى.
2- شەفافیەت لە کۆکردنەوەى داهات و خەرجیەکان.
3- شەفافیەت لە فرۆشتنى نەوت و داهاتەکەى .
4- چارەسەرى گونجاو و دانانى پلانى ستراتیژى بۆ سێکتەرى پەروەردە و خوێندنى باڵا.
5- چارەسەرى گونجا بۆ هەڵئاوسان و بازرگانیکردنى لەگەڵ ووڵاتانى درواسێ .
6- پێداچوونەوەى بە یاساکانى کەرتى تایبەت و دروست کردنى کۆمپانیاکان .
7- دانانى پلانێکى تۆکمە بۆ باشترکردنى ژیانى تاک و خۆشگوزەرانى خەڵک بۆ ئەوەى رێگرى بکات لە دیاردەى کۆچ.
8- دانانى میکانزمێکى گونجاو بۆ رێکخستنەوەى مووچەى فەرمانبەران .
تۆڕى پەڕەپێدانى تواکانى خەڵک
2015