
مارتن هوس باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا راشیگەیاند، “پێویستە حکومەتی هەرێم بەڵێنمان بداتێ پارێزگاری لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بکات”، دەشڵێت، “پێویستە هەرێمی کوردستان دڵنیایمان بداتێ کە دادگاکان دەبێت سەربەخۆبن و ئێمەش لە فشارەکانمان بۆ سەربەخۆبونی دادگاکان بەردەوام دەبین.”
مارتن هوس باسی لەوەشکردووە، “دادگاییکردنی چالاکوانان بەو شێوەیە بۆ هەرێمی کوردستان باش نییە و پێویستە دەسەڵاتی دادوەری هەرێم بێلایەنی خۆی بپارێزێت.”
رۆژی ٦ی ئەم مانگە، سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای شەش ساڵ زیندانيكردن بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد، کە ئەوەش ناڕەزایەتی کونسوڵخانەی چەند وڵاتێکی لێکەوتەوە.
هەر لە تاوتوێدا، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق وتی، “بوونی دەستورێک گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و پارێزگاری لە قەوارەکەی دەکات”، دەشڵێت، “ئەم هەڵبژاردنە بۆ عێراق و هەرێم زۆر گرنگە و گۆڕانکاریی گەورە دروست دەکات و هەموو هاوکارییەکی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بکەن.”
راشیگەیاندووە، “هەموو پێداویستیەکان دابین دەکەین بۆئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک بەڕێوەبچێت و بەهاوکاری لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێری ورد دەکەین بۆ رێگری لە ساختەکاری.”
بڕیارە مانگی ١٠ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا بەڕێوەبچێت و هەر ئەمڕۆ، سەرۆکایەتییەکانی عێراق جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردەوە و وتیان، “ههڵبژاردن دواناخرێت.”
مارتن هوس ئەوەشی خستووەتەڕوو، “هەرێم و بەغدا هەردووکیان یەکتر تۆمەتبار دەکەن لەبارەی کێشەکانی نێوانیان و پێویستە هەردوولایان رێگەچارەی کێشەکان بدۆزنەوە”، دەشڵێت، “هەرێمی کوردستان بەبێ بەغدا ناتوانێت کێشە ئابوریەکانی چارەسەربکات.”
ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێکە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم و بەردەوام یەکتر بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن.
وتووشییەتی، “پێویستە لە هەرێمی کوردستان یەک هێز هەبێت و لە زووترین کاتدا هێزی پێشمەرگە یەکبگرێتەوە”، دەشڵێت، “راوێژکارەکانمان هاوکاری هەرێم دەکەن بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە.”
لە هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ٧٠ سەر بە یەکێتین و هێزەکانی ٨٠ سەر بە پارتین، چەند لیوایەکی هاوبەشیش لە وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراوە، ماوەی چەند ساڵێکە بەرپرسانی هەرێم باس لە هەوڵەکانیان دەکەن بۆ یەکخستنەوەی ئەو هێزانە، بەڵام تا ئێستا هێزەکان یەک نەخراونەتەوە.