بەڕێز: سەرۆك كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ
بەڕێز: سەرۆك وەزیرانی ئەڵمانیای فیدراڵ
بەڕێز: سەرۆكی پەرلەمانی كۆماری ئەڵمانیا
بەڕێز: باڵوێزی ئەڵمانیا لە كۆماری عێراق
بەڕێز كۆنسۆڵی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر
پاش سڵاو
بەهۆی ئەوەی كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا هاوشان لە گەڵ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا و یابان و …. لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو رۆڵیان هەبوو لە فرۆشتنی چەكی كیمیاوی بە رژێمی بەعسی روخاو, ئەویش ئەو چەكانەی لە قەڵاچۆكردنی هاووڵاتیانی كوردستان بەكار هێناو ئاكامەكەشی دەیان هەزار هاووڵاتی سڤیل قوربانی بوو, نموونەیەكی دیاری تاوانەكانیش كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بوو, كە تا ئێستاش سەدان لەو قوربانیانە كە بە چەكەكانی ئێوە كیمیابارانكران بەدەم ئازارەوە دەتلێنەوە, ناوە ناوەش بە مردنی هەر یەكێكیان ژمارەی تازە دەخەنە سەر 5000 شەهیدەكەی هەڵەبجە.
ئێمە ئەمڕۆ لە بەردەم كۆنسوڵگەری ئەڵمانیا لە شاری هەولێر كۆبوینەتەوە, وێڕای ئەوەی سوپاسی ئەڵمانیا دەكەین كە هەڵوێستی باشیان هەبووە لە مامەڵەكردنی مرۆڤدۆستانە لە گەڵ پەنابەرانی ئێزیدی, هاوكات وەكو ساڵانی رابردوو لێرە كۆبوینەتەوە, وەكو گردبونەوەكان پێشوتر دوو داواكاری سەرەتایی دوبارە دەخەینەوە بەردەست ئێوەی بەڕێز, كە بۆ چەندین ساڵە داوایان دەكەین لە ئێوە , بەڵام مەخابن ساڵانە داواكارییەكانمان لێ وەردەگرن بەڵام تا هەنووكە وەڵامی داواكارییەكانتان نەداوینەتەوە, هیوادارین ئێوەی بەڕێز بە رۆڵی مرۆڤدۆستانەی خۆتان هەڵبستن لە پشتیوانیكردن لەم داواكارییانەو نەفرەت لەو مێژووە ناشرینەی رابردوو بكەن كە ئێوەش بەشدارن تێیدا, داواكارییەكانمان بریتین لە:
– حكومەتی ئەڵمانیا بە فەرمی دان بە تاوانەكانی جینۆسایدی كورددا بنێت كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی دانی پێدا ناوە, هاوكات تاوانی جینۆسایدی ئێزیدی و كریستانەكان و شەبەك كە هێزی تیرۆریستی داعش ئەنجامی دا.
– حكومەتی ئەڵمانیا بەشداری بكات لە كەمكردنەوەی ئازاری بریندارانی چەكی كیمیاوی لە كوردستان بە چارەسەركردنی بریندارەكان لە وڵاتی ئەڵمانیا.
– لە بری ئەوەی رۆژانە ڤیزا دەدەن بە بەرپرسانی ئەم وڵاتە و كارئاسانیان بۆ دەكەن بۆ گەشتكردن, ڤیزا بدەن بە بریندارەكانمان بۆ چارەسەركردنی پزیشكی لە وڵاتەكەتان.
– رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید ( Kurdistan Without Genocide )
تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی – KONCICC (313 رێكخراو)
تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو قەدەغە كردنی چەكی ئەتۆمی Ican-kurdistan ( 58رێكخراو)
15-3-2016