لە چوارچێوەی کۆچی بە کۆمەڵی هاوڵاتیانی کوردستان و عێڕاق بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا، چارەنوسی خێزانێکی شاری سلیمانی بە ناوەکانی (عەلی حەمەسالح مرادخان) ، هاوسەرەکەی (ڕوناک فەریق مەعروف) ،سەرجەم ئەندامانی تری خێزانەکەیان بە ناوەکانی ( چنور و چنار و چرۆ و هەندرێن و زمناکۆ و چۆمان عەلی ) لە ئاوەکانی یۆناندا ون دەبێت.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست سایتی ئاشتی کەوتووە، ئەو خێزانە لە سەرەتای مانگی یەکی ٢٠١٦ بەرەو وڵاتی یۆنان بەڕێدەکەن و هیچ هەواڵێک لە بارەیانەوە نازانرێت. (بەهییە ) دایکی(ڕوناک فەریق مەعروف ) کە لە ئێستادا لە خانەی پیراندا دەژی، ڕایگەیاندوە خێزانی کچەکەی بە هۆی بونی کێشەی کۆمەڵایەتی لە سەرەتای مانگی ١١/٢٠١٥ هەمو خانو و موڵک و ئۆتۆمبیلەکانیان دەفرۆشن و بەکۆمەڵ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆج دەکەن. (بەهییە)گوتی دواین جار کچەکەی لە مانگی ١٢/٢٠١٥ سەردانی کردوە و بەیەکجاری ماڵاوایی لیکردوە. هەروەها وتی کە لە سەرەتای مانگی ١/٢٠١٦ دا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەل خێزانی کچەکەی لە وڵاتی تورکیا هەبوە و پێیان ڕاگەیاندوەوە بەرەو وڵاتی یۆنان بەڕێ دەکەون. لە و کاتەوە (بەهییە)ئاگای لە هەواڵی خێزانی کچەکەی نامێنێت تا لە بەرواری ١٥/١/٢٠١٦ لە لایەن ژمارە تەلەفۆنێکی جیهانییەوە زەنگی بۆ لێدەدریت و پێی ڕادەگەیەنرێت کە سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەکەی لە دەریایی ئیجە خنکاون . تا ئیستا تەرمی ئەو خێزانە نەگەڕێندراوەتەوە کوردستان چونکە تەنها یەک کوڕی ئەو خێزانە بەناوی زۆزک ماوەتەوە کە لە بەریتانیا دەخوینێت .