ئێسقان و پارچه‌كانی جه‌سته‌ی قوربانیانی شاری جزیره‌ی باكوری كوردستان كه به‌هۆی بۆردومانی سوپای توركیاوه گیانیان له‌ده‌ستدابوو، له كه‌ناری ئاوی دیجله كۆده‌كرێنه‌وه‌و وەكو به‌ڵگه راده‌ستی داوكاری گشتی پارێزگای شرنا‌خ ده‌كرێن بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ری.
به پێی هه‌واڵێكی (imctv) نزیك له په‌كه‌كه، چه‌ند رێكخراوێكی تایبه‌ت به مافه‌كانی مرۆڤ هه‌ستاون به كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی جه‌سته‌ی قوربانیه‌كان كه له‌ناو خۆڵ و خاشاكی بینا رووخاوه‌كانی شه‌ڕی جزیره به‌جێماون دوای بۆردومان.
ژماره‌یه‌ك له پارێزه‌ران بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داوای موڵه‌تیان كردوه له سه‌رۆكایه‌تی داوكاری گشتی پارێزگای شرنا‌خ بۆئه‌وه‌ی سه‌ردانی شوێنی رووداوه‌كه بكه‌ن، به‌ڵام داوكاری گشتی به بیانووی گرفتی ئه‌منیه‌وه داواكه‌ی ره‌تكردۆته‌وه.
دوای هه‌لگرتنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ناوچه‌ی جزیره له باكوری كوردستان، كومه‌ڵه‌ی مافناسی میزوبوتامیاو كومه‌ڵه‌ی مافناسی ئازادپارێز، به سه‌رپه‌رشتی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی شرنا‌خ لیكوڵینه‌وه‌یان له‌و روداوه كرده‌وه‌و ژماره‌یه‌كی زۆریان له قاچ و ده‌ستی مروڤ و ئیسقان كۆكردۆته‌وه‌و راده‌ستی داوكاری گشتی كردوه.
له 14ی مانگی كانونی یه‌كه‌می 2015ه‌وه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له شاری جزیری سه‌ر به پارێزگای شرنا‌خ له باكووری كوردستان راگه‌یه‌نراوه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا به تانك و تۆپ هێرشی كرده سه‌ر ئه‌و شاره به‌بیانووی راگه‌یاندنی خۆسه‌ری دیموكراتی له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه.