نامەى كاڕڵ ماركس بۆ ئارنۆڵد ڕۆگە
وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد
ئەم دەقە نامەیەكی ماركسە بۆ ئارنۆڵد ڕۆگە لە ساڵی 1843 بەناوی “ڕەخنەى كوشندە لە هەموو ئەو شتانەى هەن” بڵاوكرایەوە. لەو ڕۆژگارەدا ماركس و ڕۆگە خەریكی ئامادەكردنی بڵاوكراوەیەك بوون بەناوی “ساڵنامەى ئەڵمانیی-فەڕەنسیی” و نزیكەى هەشت نامەیان لەنێوان خۆیاندا دەربارەى ڕوانگەكانیان لەسەر ئەم بڵاوكراوەیە، ئاڵوگۆڕكرد.
……
خۆشحاڵم كە بڕیارت داوە و چیتر ئاوڕ بۆ دواوە نادەیتەوە، و ئایدیاكانت بۆ پێشەوە، بۆ ڕێكخراوێكی نوێ تەرخان دەكەیت، لەگەڵیشیدا دێیت بۆ پاریس، بۆ سەنگەری لەمێژینەى فەلسەفە و بۆ پایتەختی دونیای نوێ! هەموو ئەو شتانەى زەروورەتی هەبووبێت، عاقیبەت هەر ڕوودەدەن. گومانم نییە دەكرێت بەسەر هەموو بەربەستەكاندا زاڵ بین، ئەو بەربەستانەى زۆر بەباشی هەست بە قورساییەكانیان دەكەم.
بەڵام ئەگەر ئەم ڕێكخراوە دروست ببێت یان نا، بەهەرحاڵ، تا كۆتایی ئەم مانگە لە پاریس دەبم، چونكە ئاووهەوای ئێرە بەسە بۆ ئەوەى ئینسان كار بكات و لە ئەڵمانیادا هیچ دیمەنێك بۆ چالاكییەكی ئازاد نابینمەوە.
لە ئەڵمانیادا، هەموو شتێك بەزەبری هێز سەركوتكراوە؛ ئەنارشییەكی ڕاستەقینە. حوكمڕانیی خودی حەماقەت بەسەر ئەوێدا سەپێنراوە، و زوریخیش ملكەچیی فەرمانەكانی ئەڵمانیایە. كەواتە هەر ساتێك زیاتر بۆم دەردەكەوێت كە زەینە بیرمەند و سەربەخۆكان دەبێت بەدوای شوێن و پایەگایەكی نوێدا بگەڕێن. پێموایە نەخشەى ئێمە وەڵامی پێداویستییەكی ڕاستەقینە دەداتەوە، و پێداویستییە ڕاستەقینەكانیش دەبێت لەنێو واقیعدا دەستەبەر بكرێن. بەمجۆرە، هیچ گومانێكم لەبارەى ئەم ڕێكخراوەوە نییە، ئەگەر بەجددی وەریبگرین.
پێدەچێت كێشە ناوەكییەكان بەڕادەیەك قورستر بن لە بەربەستە دەرەكییەكان. چونكە ئەگەرچی پرسیاری “لەكوێ” كێشەیەكی ئەوتۆ دروست ناكات، بەڵام پرسیاری “بۆ كوێ” سەرچاوەى كێشە و ئاڵۆزییەكی زۆر زۆرە. نەك تەنها دۆخێكی ئەنارشییانەى گشتیی كۆى ڕیفۆرمیستەكانی گرتووەتەوە، بەڵكو هەمووان ناچارن، درەنگ یان زوو، قبوڵی بكەن هیچ ئایدیایەكی ڕوونیان نییە دەربارەى ئەوەى داهاتوو دەبێت چۆن بێت. وێڕای ئەمە، هەر ئەم عەیب و عارە بۆ بزووتنەوەی تازە دەبێتە ئیمتیازێكی باش، چونكە دەریدەخات كە ناتوانین بە پرەنسیپە عەقیدەییەكانی خۆمان پێشبینیی دونیا بكەین، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەوڵدەدەین جیهانی نوێ لە ڕێگای ڕەخنەى جیهانی كۆنەوە كەشف بكەین. تا ئێستا، فەیلەسوفان كلیلی تەواوی كێشەكانیان خستووەتە سەر مێزەكەى خۆیانەوە، و تەنها ئەوەندە بەس بووە جیهانی ئەحمەق و دەبەنگ زاری خۆى بكاتەوە تاكو پارچە پەنچەرەكانی مەعریفەى موتڵەق بكەونە كارەوە. بەڵام ئێستا فەلسەفە بەدونیایی بووە، بەرچاوترین بەڵگەیش ئەم واقیعەیە كە ئاگایی فەلسەفیی نەك تەنها بەشێوەیەكی دەرەكیی، بەڵكو لەناوەوەیدا دەستیكردووە بە خەباتكردن و جوڵانەوە. ئەگەر چیتر كارێكمان بۆ دروستكردنی داهاتوو و ڕێكخستنی بۆ هەموو قۆناغەكان نییە، وەزیفەمان لە بەرانبەر بە ئێستادا لە هەمیشە ڕوونترە: باس لە ڕەخنەكردنی بێ ڕەحمانەی هەموو ئەو شتانە دەكەم كە بوونیان هەیە. ئەم ڕەخنەیە بێ باكییەكی دوولایەنی لەخۆیدا هەڵگرتووە: نە لەو دەرەنجامانە دەترسێت كە لێیدەكەوێتەوە و نە لە ناكۆكیی و دژایەتیكردنی دەسەڵاتە باڵادەستەكان.
كەواتە من پشتیوانیی لە بەرزكردنەوەى هیچ جۆرە ئاڵایەكی دۆگماتیستیی و چەقبەستووییانە ناكەم. ڕێك بەپێچەوانەوە، دەبێت یارمەتیی دۆگماتیستەكان بدەین تاكو مانای ئایدیاكانییان بۆ خودی خۆیان ڕوون بكەنەوە. بەدیاریكراوی، كۆمۆنیزم ئەبستراكتێكی دۆگماتیستییانەیە؛ و مەبەستم لەم زاراوەیە كۆمۆنیزمێكی خەیاڵیی و مومكین نییە، بەڵكو كۆمۆنیزمی هەبووە بەو جۆرە كە لە عەقیدە و دۆكترینەكانی كابە، درامی، ڤیتلینگ و ئەوانیدیكەدا هەیە. ئەم كۆمۆنیزمە، خۆی تەنها دەربڕینێكی تایبەتی پرەنسیپی هیومانیستییە، ئەو پرەنسیپەى هێشتا ئەنتیتێزی خۆى، واتا هێشتا خاوەندارێتییەكی تایبەتیی پیس و قێزەونە. بەمجۆرە، ڕەتكردنەوەى خاوەندارێتیی تایبەت و كۆمۆنیزم هەرگیز یەكسان و وەك یەك نین، و ئەگەر كۆمۆنیزم تیۆرییە سۆسیالیستییەكانی دیكەى – وەك بۆچوونەكانی فۆریە و پرۆدۆن-ی دژی خۆى وروژاندووە، ئەم مەسەلەیە بەهۆى ڕێكەوتەوە نەبووە، بەڵكو حەتمیی بووە، چونكە تەنها تێگەیشتنێكی تایبەت و یەكئاراستەی پرەنسیپی سۆسیالیستییە.
بەنۆرەى خۆی، پرەنسیپی سۆسیالیستیی بەگشتی، تەنها ئاراستە و لایەنێكی مەسەلەكە دەگرێتەخۆى، كە هەمان واقیعی بوونی حەقیقییی ئینسانە. بەڵام ئێمە دەبێت هەروەها ڕووبەڕووی لایەنەكەى دیكەى مەسەلەكەش ببینەوە، واتا بوونی تیۆریی ئینسان، و ئایین، زانست، و هتدیش بكەینە بابەتی ڕەخنەى خۆمان. وێڕای ئەمەش، ئێمە دەمانەوێت، كاریگەریی لەسەر هاوچەرخەكانی خۆمان، و بەدیاریكراویی هاوچەرخە ئەڵمانییەكان دابنێین. پرسیارەكە ئەوەیە باشترین ڕێگا كامەیە بۆ ئەم مەبەستەى ئێمە؟ لەم بارەیەوە ناتوانین دوو زەمینە ڕەت بكەینەوە، ئایین و سیاسەت، كە زۆرتریان سەرنجییان لە ئەڵمانیادا بەلای خۆیاندا ڕاكێشاوە. دەبێت خاڵی دەستپێكی ئێمە هەر ئەم دوو شتە بێت، بە هەرجۆرێك كە ئێستا بوونیان هەیە، و نەك ئەوەى بە سیستەمێكی حازربەدەستی (وەك بۆ نموونە سەفەر بۆ ئایكاریپ) لەگەڵیدا ڕووبەڕوو ببینەوە.
عەقڵ هەمیشە بوونی هەبووە، بەڵام نەك هەمیشە بەشێوەیەكی مەعقول. بەمجۆرە، ڕەخنەگر دەتوانێت بەهەر جۆرێكی ئاگایی تیۆریی و پراكتیكیی، دەست بەكارەكەى خۆى بكات، و لەنێو دڵی فۆرمەكانی ئاگاییدا، كە بەجۆرێك سەر بەواقیعی باڵادەستن، واقیعێكی ڕاستەقینە و حەقیقیی وەك زەروورەتی ئامانجیی كۆتایی پەرە پێبدات. مادام بابەتەكە پەیوەندیی بە ژیانی واقیعییەوە هەیە، دۆخی سیاسیی – لە سەرجەمی فۆرمە مۆدێرنەكانیدا -، تەنانەت مادام بەشێوەیەكی ئاگاییانە تێكەڵی خواستە سۆسیالیستییەكان نەكراوە، ئەوا زەروورەتەكانی عەقڵ لەخۆیدا هەڵدەگرێت. تازە كارەكە هەر لێرەدا كۆتایی نایەت. دۆخی سیاسیی بەردەوام وادەردەخات كە عەقڵ بەتەواوی بەدیهاتووە. و بەم هۆی هەمان پێشگریمانەوەیە كە لە هەر گۆشە و كەنارێكدا دەرگیریی ناكۆكیی نێوان وەزیفەى ئایدیال و بونیادە لەواقیعدا ئامادەبووەكان دەبێت.
كەواتە دەكرێت لەنێو دڵی ئەم ناكۆكییانەى دۆخی سیاسیی لەگەڵ خۆیدا، لە هەر شوێنێك بێت، پەرە بە حەقیقەتێكی كۆمەڵایەتی بدەین. ڕێك هەروەكچۆن ئایین شوێنی خەباتە تیۆرییەكانی مرۆڤە، دۆخی سیاسییش شوێنی خەباتە پراكتیكییەكانی ئەوە. كەواتە هیچ كەموكورتییەك لەوەدا نییە كە پسپۆڕیترین پرسیارە سیاسییەكان – وەك جیاوازیی نێوان سیستەمە ویلایەتی و نوێنەرایەتییەكان – بكەینە بابەتی ڕەخنەى ڕادیكاڵی خۆمان. چونكە ئەم پرسیارە، بەشێوەیەكی سیاسی، جیاوازیی نێوان حكومەتی مرۆڤەكان و حوكمڕانیی خاوەندارێتیی تایبەت دەردەخات. بۆیە ڕەخنەگر نەك تەنها دەتوانێت، بەڵكو دەبێت لەگەڵ ئەمجۆرە پرسیارە سیاسییانەدا دەستوپەنجە نەرم بكات (سۆسیالیستە توندڕەوەكان ناتوانن دەرەقەتی ئەم كارە بێن). لە شیكاریی بەرزتری سیستەمی نوێنەرایەتیی بەسەر سیستەمی ویلایەتیدا، ڕەخنەگر كۆمەك بە بەرژەوەندییە پراكتیكییەكانی بەشێكی زۆر و بەرفراوان دەكات. و بە بەرزكردنەوەى سیستەمی نوێنەرایەتیی لە فۆرمێكی سیاسییەوە بۆ فۆرمێكی جیهانیی و دەرخستنی مانا حەقیقییەكەى ناوی، هەر ئەم بەشە زۆرە ناچار دەكات بچنە سەرووی خۆیانەوە – چونكە سەركەوتنی ئەوان لە هەمانكاتدا شكستی ئەوانیشە.
بۆیە هیچ شتێك نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەوەدا كە خاڵی دەستپێكی ڕەخنەى خۆمان بكەینە ڕەخنەگرتن لە سیاسەت، بەشداریكرن تیایدا، و كەواتە بەرپاكردنی خەباتی ڕاستەقینە و دەبێت ڕەخنەكەشمان جگە لەوانەى باسمكردن هیچی دیكە نەبێت. ئێمە چیتر بەشێوەیەكی دۆگما و چەقبەستوو ڕووبەڕووی جیهان نابینەوە كە پرەنسیپێكی نوێی جێگیر كردبێت: واتا ئەوەى حەقیقەت لە بەرانبەریدا، بچەمێتەوە و بڕمێت! ئێمە پەرە بەو پرەنسیپانە بۆ جیهان دەدەین كە لەنێو دڵی پرەنسیپەكانی خودی جیهانەوە سەریانهەڵداوە. ئێمە بەجیهان ناڵێین: دەست لە خەباتەكانت هەڵگرە، چونكە ئەمانە قسەگەلی دەبەنگانە و ئەحمەقانەن، ئێمە دروشمی حەقیقیی خەبات پیشانی تۆ دەدەین. ئێمە تەنها ئەوە پیشانی جیهان دەدەین كە بۆچ شتێك دەجەنگێت، و ئاگایی ئەو شتەیە كە دەبێت بەدەستی بهێنێت، تەنانەت ئەگەر نەشیەوێت. چاككردنی ئاگایی تەنها بەمانای بەئاگاهێنانەوەى جیهانە لە ئاگاییەكەى خۆى، واتا بێداركردنەوەى لەو خەونەى هەیەتی، و ڕوونكردنەوەى مانای ئەو كارانەى ئەنجامیان دەدات. تەنها ئامانجی ئێمە هەر ئەمەیە كە – وەك ڕەخنەى ئایینی فۆیەرباخ – فۆرمێك بە پرسیارە ئایینی و فەلسەفییەكان ببەخشین، گونجاوبێت لەگەڵ ئەو ئینسانەى بەرانبەر بەخۆى، گەیشتووە بە ئاگایی.
كەواتە دروشمەكەى ئێمە بەمجۆرەیە: چاككردنی ئاگایی نەك لەمیانەى پرەنسیپە وشكەكانەوە، بەڵكو بەهۆى شیكاریی ئاگایی ڕازئامێزەوە كە دەرهەق بەخۆى هیچ ڕوون و ئاشكراییەكی نییە، ئینجا چ لە فۆرمی ئاییندا دەربكەوێت و چ لە فۆرمی سیاسییدا. ئەوسا دەردەكەوێت جیهان ماوەیەكی زۆر زۆرە خەونی دەستبەسەرداگرتنی شتێك دەبینێت كە بۆ دەستبەسەرداگرتنی لەواقیعدا، تەنها ئەوەندە بەسە لێی بەئاگا بێتەوە. ڕوون دەبێتەوە كە مەسەلەكە هیچ پەیوەندیی بە كێشانی سنوورە گەورە زەینییەكانی نێوان ڕابردوو و داهاتوو نییە، بەڵكو بەپێچەوانەوە باسەكە پەیوەندیی بە بەدیهاتنی ئایدیاكانی ڕابردووەوە هەیە. عاقیبەت، ڕوون دەبێتەوە كە جۆری مرۆڤ دەست بەكارێكی نوێ ناكات، بەڵكو بەشێوەیەكی ئاگاییانە كاری كۆنی خۆی جێبەجێ دەكات. بەكورتی، دەتوانین ئاراستەى بڵاوكراوەكەی خۆمان بەمجۆرە ڕیز بكەین: ڕوونكردنەوەی خودی فەلسەفەی ڕەخنەیی كە لەڕێگای خەباتەكان و ئارەزووە هەنوكەییەكانەوە دەستەبەر دەبن. ئەمە وەزیفەیەكە بۆ جیهان، و بۆ ئێمە. و تەنها دەكرێت بەرهەمی كاری هێزە یەكگرتووەكان بێت. باسەكە پەیوەندیی بە ئیعترافێكەوە هەیە و نەك شتێكی زیاتر. بۆ گەرەنتیكردنی بەخشینی گوناهەكانیان، جۆری مرۆڤ تەنها دەبێت ئەو گوناهانە وەك چۆن هەن، ڕایانبگەیەنێت.
ماركسی خۆت
سێپتێمبەری 1843