وەرگێڕانی: توانا ئەحمەد خەیات
بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردو،’ ژمارەیەک شۆڕشی فەیسبوکمان بەدیکرد’، هەر لە بەهاری عەڕەبییەوە بۆ داگیرکردنی وۆڵستریت، مەیدانی ئیستانبوڵ، شاری کیێڤ، پاشان لە هۆنکۆنگ، هەمو ئەمانە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بزوێنەری سەرەکییان بون. بەڵام کاتێک دوکەڵی توڕەبونەکە دامرکایەوە، زۆربەی ئەم شۆڕشانە سەرکەوتو نەبون لە دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسیی نوێی جێگیر، بەشێکی بەهۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە دەنگی جیاواز پەیدابو هەروەها دروستبونی کۆدەنگی بوە کارێکی مەحاڵ.
پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبۆتە ئامڕازێکی باش بۆ تێکدانی شتەکان زیاتر لەوەی بۆ دروستکردنیان؟
دەنگێکی گرنگ بە بەڵێیەکی گەورە وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە، ئەو کەسەش” وائیل غۆنیم بو” کە فەرمانبەرێکی میسریی بو لە کۆمپانیای گوگڵ کە پەیجە نەناسراوەکەی لە فەیسبوک فاکتەرێکی گرنگ بو لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەیدانی تەحریر لە سەرەتاکانی ساڵی 2011 دا کە بوە هۆی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی حوسنی موبارەک بەڵام لە ئاکامدا سەرکەوتو نەبو لە دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکراتییانەی ڕاستەقینە.
لە مانگی دیسێمبەردا کاتێک غۆنیم چوە سلیکۆن ڤالی بۆ کارکردن، پۆستێکی بڵاوکردەوە لە “تێد تۆڵکدا” سەبارەت بە هەڵەکان و پێی وابو کە:
زۆر کارێکی خراپە کە تەماشابکەیت و بەم شێوەیە دەستپێبکەیت: “کاتێک کە گوتم ‘ ەگەر بتەوێت کۆمەڵگە ئازادبکەیت، هەمو ئەو شتانەی کە پێویستە تەنها ئینتەرنێتە’ من هەڵە بوم”.
گوتنی ئەو وشانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2011 کاتێک کە لاپەڕەیەکی فەیسبوکم دروستکرد و بوە یارمەتیدەرێکی بەهێزی سەرهەڵدانی شۆڕشی میسر. لە بەهاری عەرەبییدا کاریگەریی گەورەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرابو، بەڵام ڕوبەڕوی ناتەواوی گەورە بوەوە. هەمان ئەو ئامڕازەی کە بوە هۆی یەکگرتنمان و ڕوخاندنی دیکتاتۆر لە ئاکامدا بوە هۆی دابەشبون و جیاکردنەوەمان لە یەکتری .
لە سەرەتاکانی ساڵی 2000دا کاتێک وڵاتییانی عەڕەب بە لێشاو ڕویانکردە بەکارهێنانی ئینتەرنێت، غۆنیم بەم شێوەیە ئەم دیاردەیەی ڕونکردەوە: “تینویەتی بۆ وەرگرتنی زانیاریی، بۆ دەرفەت، بۆ پەیوەندیکردن بە وڵاتییانی ترەوە لەسەرانسەری جیهاندا ،هەروەها گوتی کە ئێمە لە ژیانێکی خەون و خەیاڵاتدا ژیاین و وەک ژیانێکی بەدیل بەکارمانهێنا، ڕامانکرد لەو واقیعە سیاسییە نائومێدانەیە.
پاشان لە مانگی 6ی 2010دا ئاماژەی بەوە داوە و دەڵێت کە “ئینتەرنێت ژیانمی گۆڕی بەتەواوەتی بۆ هەتاهەتایە. کاتێک فەیسبوک بەکاردەهێنم، وێنەی ئەشکەنجەدراو، لاشەی مردوی کوڕێکی گەنجی میسری دەبینم. ئەو گەنجە ناوی خالید سەعید بو، خالید تەمەنی 29 ساڵ بو خەڵکی ئەسکەندەرییە بو لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا. لە وێنەکەی ئەودا خودی خۆم دەبینم، بەنهێنی پەیجێکی فەیسبوکم دروستکردو ناومنا “ئێمە هەمومان خالید سەعیدین. تەنها لە ماوەی سێ ڕۆژدا، زیاتر لە 100،000 وڵاتیی میسریی لایکیان کرد و هەمان بیرۆکەیان شێیەر کرد “.
دواتر غۆنیم و هاوڕێکانی فەیسبوکیان کردە سەرچاوەی کۆکردنەوەی وڵاتییان
هەروەها ئەو پەیجەش بوە خاوەنی زیاترین فۆڵۆوەرز لە سەرانسەری جیهانی عەرەبیدا. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامڕازێکی زۆر گرنگی ئەم هەڵمەتە بون. هاوکاریی دروستبون و سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی ناسێنتڕاڵ بو. وای لە خەڵکی کرد کە وا هەست بکەن کە ئەوان چیتر بەتەنها نین. هەروەها بوە کارێکی ئەستەم بۆحکومەت کە ئەم کارە ڕابوەستێنێت.
غۆنیم لە ئەنجامدا شوێن پێی هەڵگیرا و لەلایەن هيزەکانی ئاسایشی میسڕەوە و لە قاهیرە دەستگیر کرا، ئەشکەنجە درا و بۆ ماوەی 11 ڕۆژ لە شوێنێکی دابڕاو دانراو نەیتوانی پەیوەندیی بە هیچ شوێنێکەوە بکات. بەڵام دوای سێ ڕۆژ دواتر ڕزگار کرا، پاشان بە بەشداریی ملیۆنان کەس لە خۆپیشاندەران کە بە هۆی پۆستەکانی فەیسبوکەوە کۆببونەوە توانرا ڕژێمەکەی حوسنی موبارەک بڕوخێنن.
غۆنیم درێژەی پێداو گوتی “بە داخەوە ئەو خۆشی و هەیاجانە بە خەم و تاریکی داپۆشرا، چونکە ئێمە سەرکەوتو نەبوین لە دروستکردنی کۆدەنگییدا، تێکۆشان و خەباتی سیاسیی بوە هۆی چڕبونەوە و دروستبونی جەمسەرگیریی زیاتر .
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنها جەمسەرگیرییەکەی گەورەتر کرد، بوە ڕێگەخۆشکەر بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست، پڕوپاگەندە و دەنگۆ، بڵاوکردنەوەی خیتابی ڕق و کینە و دوبەرەکیی. بە جۆرێک کە ژینگەکە بەتەواوەتی ژەهراوی بوبو، جیهانی ئینتەرنێتەکەم ببوە مەیدانی جەنگ، کە پڕی بو لە پاڵەوانی خەیاڵی، درۆ، قسە و گوتاری پڕ لە کینە.
لایەنگرانی سوپا و هەروەها ئیسلامییەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکاردەهێنا بۆ لەکەدارکردنی یەکتری، لەکاتێکدا ناوەندە دیموکراتییەکان زۆر ئیهمال کرابون کە لەلایەن غۆنیم و چەندکەسێکی ترەوە بەڕێوەدەبران، شۆڕشەکەی ئەمان لەلایەن ئیخوانەکانەوە دزرا، هەروەها کاتێکیش شۆڕشەکەیان تێکشکا لەلایەن سوپاوە، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجە عەلمانییەکان کە بزوێنەری سەرەکیی شۆڕشەکە بون دەستگیرکران.
سوپا خاوەنی پەیجی تایبەتی خۆی بو لە فەیسبوک، بەکاریدەهێنا بۆ بەرگریکردن لە خۆی. پاشان غۆنیم گوتی “بە ڕاست چرکەساتی دۆڕاندن بو”. “بۆ ماوەی دو ساڵ بێدەنگیم هەڵبژارد، ئەو ماوەیەم بەکارهێنا بۆ بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنی هەمو ئەو شتانەی کە ڕویاندا”
غۆنیم گەیشتە ئەم ئەنجامانەی خوارەوە لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ئەمڕۆدا:
” یەکەم، ئێمە نازانین چۆنچۆنی مامەڵە لەگەڵ پرۆپاگەندە بکەین. ئەو پڕوپاگەندانەی کە سەلمێنەری لایەنگیری خەڵکین، ئێستا بونەتە جێگەی باوەڕی خەڵکی و بڵاوبۆتەوە لە نێوان ملیۆنان مرۆڤدا”
” دوەم، ئێمە دەمانەوێت تەنها پەیوەندیی بەو کەسانەوە بکەین کە هاوڕان لەگەڵمان، سوپاس بۆ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، دەتوانین بێدەنگ بین، ئەنفۆڵۆ و پاشان بلۆکی کەسانی تر بکەین”
” سێیەم، گفتوگۆکردن لەڕێی ئینتەرنێتەوە، زۆر بەخێرایی سەردەکێشێ بۆ توڕەبون، تەواو وەک ئەوەی کە بیرمانچۆتەوە کە خەڵکانی پشت شاشەکان مرۆڤی ڕاستەقینەن نەوەک مرۆڤی ئالی.”
“چوارەم، بۆتە کارێکی ئەستەم و قوڕس کە بتوانین بیرو ڕاکانی خۆمان بگۆڕین، ئەمەش بە هۆی خێرایی و کورتیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان. بەزۆر پێویستە بگەینە ئەنجام تەنها بە هۆی نوسینی 140 وشەوە بیرو ڕای کۆتایی خۆمان دەردەبڕین لەسەر کێشە ئاڵۆزەکانی جیهان، هەرکاتێک ئەوەشمان کرد، بۆ هەتاهەتایە لە ناو ئینتەرنێتدا دەمێنێتەوە.”
“پێنجەم، لە هەمویان گرنگتر، لە ئەمڕۆدا، ئەزمونی ئێمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە جۆرێک دیزاین کراوە کە زیاتر گرنگیی بە پەخش و بڵاوکردنەوە دەدات نەوەک بەشداریکردن ، پۆستکردنی نوسین لەسەر گفتوگۆ، کۆمێنتی زۆر سادە و ساکار لەسەر گفتوگۆ قوڵەکان، وەک ئەوە وایە کە ئێمە لێرەین بۆ قسەکردن لەسەر یەکتری لە جیاتی ئەوەی قسە لەگەڵ یەکتری بکەین”
لە کۆتاییدا غۆنیم هەرگیز خۆی بەدەستەوەنەدا، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا وێبسایتێکیان دروستکرد
لەسەر ( parlio.com) بۆ کۆکردنەوە و لەخۆ گرتنی کەسە ژیرەکان، بۆ گفتوگۆی مەدەنییانە بە ناوی ئەو بابەتانەی کە جێگەی مشتومڕی زۆرن هەروەها لەسەر بابەتە گەرمەکانی ڕۆژ، بە مەبەستی بچوککردنەوەی ئەو بۆشایییە نەوەک فروانکردنی ( من وەک خۆم لە دیبەیتێکی پارلیۆدا بەشداربوم وە بینیم کە جێگەی بایەخ و گرنگییە)
غۆنیم بەم جۆرە کۆتایی بە بابەتەکە هێناو گوتی: “کە پێنج ساڵ لەمەوبەر گوتومە ئەگەر بتەوێت کۆمەڵگە ئازاد بکەیت تەنها شت کە پێویستە ئینتەرنێتە، بەڵام ئێستا لەو باوەڕە دام کە ئەگەر بتەوێت کۆمەڵگە ئازادبکەیت، یەکەم شت پێویستە کە ئینتەرنێت ئازادبکەیت.”
سەرچاوە: نیویۆڕک تایمز