له ده‌ستپێكی وه‌رزی باران باریندا له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م دڵۆپه‌ی باراندا هه‌مومان دڵخۆشین به‌و سه‌رمایه گرنگه وه‌ك ده‌ڵێن نیعمه‌تێكی خودایییه گه‌رچی له هه‌ندێک ڕووه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێته نه‌گبه‌تی بۆ هاووڵاتییان.
ئاو سامانێكی سروشتیی گرنگه و تا دێت گرنگیی ئاو زیاتر ده‌بێت به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانه سروشتییانه‌ی ڕۆژانه و ساڵانه به‌سه‌ر زه‌وییدا دێن. ئاشكراشه ئاستی خواستن له‌سه‌ر ئاو له جیهاندا رو له هه‌ڵكشانه به‌هۆی زیادبونی ڕێژه‌ی دانیشتوانه‌وه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه ئاو ڕۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر ئاسایشی وڵات و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوریی.
لێره‌دا گرنگه ئه‌وه بزانین كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ئاوی عیراق و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ره‌كییه و له وڵاتانێكی تره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن؛ وه‌ك هه‌ردو ڕوباری دیجله و فوڕات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مه خاڵێكی لاوازی عێڕاقه به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه ناهه‌مواره‌ی وڵات و كێشه‌ی تایفیی ناوچه‌كه، وڵاتی توركیاش به‌رده‌وام خه‌ریكی دروستكردنی چه‌ندین به‌نداوه له‌سه‌ر هه‌ردوو ڕوباری ناوبراو تاكو له داهاتودا وه‌ك كارتێكی به‌هێز بهكاریانبێنێت له مه‌سه‌له سیاسیی و ئابورییه‌كاندا به‌رانبه‌ر عێڕاق و هه‌رێمی كوردستان و ده‌ست به قوڕگمانه‌وه بگرێت.
دیاره زۆربه‌ی زۆری پڕۆژه‌ی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و به‌نداوه‌كان كه له عێڕاقدا به گشتی و هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌تی له سه‌رده‌می ڕژێمه‌كانی ڕابردوی عێڕاقدا دروستكراون. جێگه‌ی داخه كه ده‌سه‌ڵاتی كوردیی نزیكه‌ی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كه نه‌ك نه‌یتوانیوه پڕۆژه‌ی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و به‌نداو ئه‌نجامبدات به‌ڵكو نه‌توانراوه پڕۆژه ته‌واونه‌كراوه‌كانی ڕژێمی ڕابردوی عێڕاقیش ته‌واوبكات. له ئێستادا ئه‌و به‌نداوه سه‌ره‌كییانه‌ی كه كارده‌كه‌ن له كوردستاندا به‌نداوی دوكان كه له ساڵی ١٩٥٩ كاری پێكرا، هه‌روه‌ها به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان له ساڵی ١٩٦١، و به‌نداوی دهۆك له ساڵی ١٩٨٨.
یه‌كێك له‌و پڕۆژه گرنگانه‌ی كه ته‌واونه‌كراوه به‌نداوی بێخمه‌یه كه له پارێزگای هه‌ولێره. سەرەتای کاری ئه‌م به‌نداوه له‌ساڵی ١٩٧٩ ده‌ستیپێكرد و به هۆی شه‌ڕی نێوان عێڕاق و ئیرانه‌وه وه‌ستێنرا. دوای ئه‌وه له‌ساڵی ١٩٨٨ ده‌ستیكرده‌وه به كاركردن، جارێكی تر به‌هۆی شه‌ڕی كه‌نداو پڕۆژه‌كه ته‌واونه‌كرا. جێگه‌ی ئاماژه‌پێكردنه كه گشت كاره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م به‌نداوه له كاتی خۆیدا ته‌واوكراوه و كارێكی ئه‌وتۆی نه‌ماوه، ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه ته‌واوبكرێت ده‌بێته یه‌كێك له پڕۆژه هه‌ره گه‌وره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه ده‌توانرێت سودی لێ وه‌ربگیرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با به‌شێوه‌یه‌ك (١٥٠٠-٢٠٠٠) مێگاوات به‌رهه‌م بهێنیت كه به‌ئاسانی وزه‌ی كاره‌بای كوردستان دابینبكات جگه له به‌كارهێنانی بۆ كه‌رتی كشتوكاڵ و پێداویهستیهكانی ماڵان. حکومەتی هەرێم ساڵانە زیاتر لە دو ملیار دۆلار لە بەرهەمهێنانی کارەبا خەرجدەکات.
گلدانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی ئاو تا به‌رزترین ئاست به پلانێكی ستراتیژی به سودوه‌رگرتن له سه‌رچاوه‌كانی باران و ڕوبار و كانیاوه‌كان هۆكارێكه بۆ ڕاگرتن و پاراستنی ئه‌و سامانه سروشتییه و به‌فیڕۆنه‌دانی، با ئه‌وه‌ی له ڕابردوومان به‌هه‌ده‌رچوو له ئێستا و داهاتودا سوودی لێ وه‌ربگرین.
له كۆتاییدا داوا له میدیاكارانی كوردستان ده‌كه‌م كه بانگهێشتی به‌رپرسانی ئه‌م بوارانه بكه‌ن بۆ ئەوەی ڕونكردنهوه بده‌ن به ڕای گشتی كوردستانیی له‌باره‌ی كاره‌كانیانه‌وه و بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو چی كراوه بۆ گلدانەوەی ئاو و دروستکردنی بەنداو و تەواوکردنی بەنداوە تەواونەکراوەکان. ئایا بیست و پێنج ساڵی داهاتومان هه‌ر وه‌ك خۆمان ده‌مێنینه‌وه لە کاتێکدا ئاسایشی ئاوی هەرێمی کوردستان لەژێر مەڕحەمەتی دەوڵەتی تورکیا و ئێران دایە؟