ئەلیف شافاک
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دیار عەزیز شەریف
واڵتەر بینجامین لە شوێنێکدا دەڵێت تەنیاترین خوێنەر، خوێنەری رۆمانە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت بۆ خوێندنەوەی رۆمان پێویستیمان بە گۆشەگیری و دابڕانێکی قووڵ لە دنیای دەوروبەر دەبێت.
لە ساتەوەختی خوێندنەوەی رۆمانێک دا، خوێنەر زۆرجاران دەگەڕێتەوە نێو جیھانی ناوەوەی خۆی، بەمەش خۆی لە خانەوادەکەی، ھاوڕێیەکانی، چالاکییەکانی رۆژانە دادەبڕێنێت، خۆی لە ھەموو شتێک و کەسێک دادەبڕێنێت، مەگەر تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم نەبێت. ئەمە بەتایبەتی ئەو کاتە حەقیقەتی دەبێت، ئەگەر بێتو رۆمانەکە ھەڵگری تەلیسمێک بێت بۆ خوێنەرەکە، تەلیسمێک چەشنی پردێکی نێوان خوێنەرو کتێبەکانی بێت، پردێک کە رێگە بە کەسی تر نەدات بەسەریدا بپەڕێتەوە. بەدیوێکی تر، ئینسان لەو کاتەی خەریکی خوێندنەوەی رۆمانێکە کە خۆشی دەوێت، ھەست بە بوونی “متمانە” دەکات. ھەموو رۆمانێک لە خۆیدا نھێنییەکە کە ناکرێ بە ئەوانی تر بگوترێت یان بەمانایەکی تر بە کەشفکردنی نھێنییەکەی، سیحری خۆی لەدەست دەدات. ئەوە تەنیا خوێنەرە ئاشنایەتی بەو سیحرە دەبێت. ئەو کاتەی دەنووسم، ھەمیشە بیر لەوە دەکەمەوە کە “خوێنەری تەنیا” ئەو کەسەی کە رووەو گۆشەیەکی ھێمن کشاوەتەوە و لەوێ دانیشتووەو رۆمانێکی لەنێو دەستی دایە، رێگە بە ھیچ کەسێک نادات بچێتە نێو قۆزاخەی ئەو تەنھاییەی خۆی ھەڵیبژاردووە. کاتێک خەریکی نووسینم، ھەمیشە خەیاڵم لەلای ئەو خوێنەرە تەنھایە دایە، قەناعەتم وایە وشەکان لەگەڵیدا دەکەونە ئاخاوتن و ھاوڕێیەتی دەکەن.
لێرەدا شتێک ھەیە بینجامین لەبیری کردووە بیخاتە سەر وتەزایەکەی، ئەوەیش ئەوەیە: رۆماننوسیش لەنێو نووسەرەکاندا تەنھاترین نووسەرە. ئەو پەیمانە نیوە”سوریالی” و نیوە “واقیعییە”ی نێوان نووسەرو خوێنەر لەڕێگەی ئەوەوە بنیات نراوە کە بەڕاستی رۆمان شێوە گفتوگۆکردنێکی تایبەتە، چوونە نێو گفتوگۆکردنێک کە بەبێ ھەبوونی ئاخاوتن، لەڕێی وشەکانەوە لەنێوان دوو کەسی تەنیا دروست دەبێت. ئەو دوو کەسە تەنیایە ھاوبەشی فەزای بەیەکگەیشتن دەکەن بەبێ ئەوەی لە تەنھاییەکانی خۆیان کەمبکەنەوە; دڵەکانیان بۆ یەکتری دەکەنەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی ھەرگیز یەکتریان ناسیبێت. مومکین نییە ئەو چێژو خۆشییە یان ھارمۆنیەتەی “گفتوگۆکردن”ی نێوان نووسەرو خوێنەر بۆ کەسانێک باس بکەیت کە ھیچ ئاشنایەتیان لەگەڵ دنیای رۆمان دا نەبووە، بۆ کەسانێک کە رۆمان ناخوێننەوە، کەسانێکی داخراو بەسەر ئەدەب و ھێزی خەیاڵکردن، کەسانێک نەک ھەر بەتەنھا ناخوێننەوە، بەڵکو شانازیش بەو نەخوێندەوارییەی خۆیان دەکەن، کەسانێک کە بەبێ ئەوەی بخوێننەوە، حوکم لەسەر دەق دەدەن. لەڕوانگەی منەوە، دووبارەی دەکەمەوە کە دواجار ئەوە خوێنەرە دەسەڵاتی ئەوەی ھەیە ئەوە یەکلایی بکاتەوە کە من وەک رۆماننووس چ دەڵێم یان چ ناڵێم. خوێنەرێکی پاک و بێگەردو، ھاسەنگ و پێگەیشتوو و بەئاگای رۆمان.
رەنگە دۆخەکە بەو ئەندازەیە نەبێت کە ئێمە دەخوازین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێنەری بەپەرۆش و جددی رۆمان لە تورکیا بەدی دەکرێت. ئەمانە کۆمەڵە خەڵکێکن کە رۆمانیان خۆش دەوێت، خەڵکانێک لە کتێب قووڵ دەبنەوە، ئەو خوێنەرانەی کە لەڕێی خوێندنەوەی راستەوخۆی دەقەوە، کۆالیتی ئیشەکە ھەڵدەسەنگێنن، نەوەکو لەڕێی ئەوەی کە کەسانی تر چی لەبارەیەوە دەڵێن، بەبێ بایەخدان بەو قسەو قسەلۆک و ھەڵکشان و داکشانی نێو میدیاو موناقەشەو قسە رووکەش و تێپەڕانەی کە لە دەوروبەری کەسایەتی نووسەری رۆمانەکە دەسوڕێنەوە. ئەو پۆلە کەسە، خوێنەری دڵسۆزو بە پەرۆشن! زەحمەتە گشتاندنێک بکەیت لەبارەی تەمەن یان چین و توێژەکانیان. ئەو پۆلە خوێنەرە لەوانەیە کەسانی زۆر گەنجیان تێدا بێت لە خوێندکاری زانکۆ یان خوێندکاری قوتابخانە، یانیش کەسانێکیان تێدا بێت مامۆستای خانەنشین بن کە دوای ئەوەی منداڵەکانیان گەورە کردووەو بەڕێیان کردوون، بەرەو لای خوێندنەوەی رۆمان گەڕاوەتەوە . یان تەنانەت ژنی ماڵەوەشیان تَێدایە. لەنێو ئەو خوێنەرە جددیانە کەمالیستەکان، کۆنە چەپەکان و موحافیزکارەکانیش دەبینرێن. چەندین باس و خواس ھەیە رەنگە حەزنەکەی لە ژیانی رۆژانەت گوێبیستیان بیت یانیش گوێبیستی موناقەشەی سیاسی بیت، بەڵام ھەمان ئەو شتانە ھەراسانت ناکەن ئەو کاتەی لەنێو رۆمانێک دەیانخوێنیتەوە. تەنیاییبوون وەک خوێنەری رۆمان زەمینەی ئەوە بۆ خوێنەر خۆش دەکات وەک مرۆڤ کەسێکی نەرم و نیانترو کەمتر لایەنگیر بێت لە ژیانی رۆژانەیدا. بەدرککردنی ئەوەی واقیعیەتی رۆمان جیاوازە، خوێنەر دەست بە کرانەوەی عەقڵ و دڵییەوە دەگرێت. بەھۆی ئەمەوە، ئەدەب و ھونەر لە تورکیا دەتوانێت بەئاسانی بچێتە نێو شوێنگەلێک کە سیاسەت لە توانایدا نییە بچێتە نێوییانەوە. لەبەر ئەم ھۆکارە، ئەدەب زمانی ھاوسۆزی و تێگەیشتن بەرەوپێشەوەدەبات، زمانێک کە سیاسەت ناتوانێت ئەمە بکات، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی وەکو ئێمە کە تێیدا سیاسەت زبرو توندە.
ھەندێک کەس دەستیان بەو بانگەشەیە کرد، گوایە من لە رۆمانی “باستارد لە ئیستنابول”دا “سوکایەتیم بە تورکبوون” کردووە، ھەروەھا ناوھێنانم بە “خیانەتکار”. لەبەر ئەم ھۆکارە، رووبەڕووی لێپێچینەوە بوومەوەو کردمیانە ئامانج، دادگایی کرام و دواجاریش بێبەری دەرچووم. من تاقەتی ئەو رکابەرییەم نییە یان ئەوەتا ئازایەتی خۆم پیشان بدەم، چونکە سەرباری ئەوەی ئەنجامی دادگاییکردنەکەم دڵخۆشکەر بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەدرێژایی ئەو ماوەیە تەواو شڵەژاو و بێ تاقەت بووم. بەڵام سەرباری ئەمەش بەدرێژایی بەڕێوەچوونی ماوەی دادگاییەکە، لە ھیچ ساتەوەختێک خوێنەرە تەنیاکەم لەیاد نەکرد، بەڵکو ھەمیشە بۆ ئەو و بەخاتری ئەو دەمنووسی. لە دنیابینی خۆمەوە، ئەوە ئەو عەقڵیەتە نییە کە دانەر دادگایی دەکات و بەبێ ئەوەی کتێبەکەی خوێندبێتەوە دێت بڕیاری ئەوە دەدات کە دەبوو من باسی چی بکەم یان چیم بگوتبایە لەنێو رۆمانەکانمدا; بەڵکو ئەوە تەنھا، بەڕەھایی تەنھا، خوێنەرە تەنھاکەیە خاوەنی بڕیاڕێکی لەو جۆرە دەبێت.
_______________________
سەرچاوە:
www.elifsafak.us/en/yazilar.asp?islem=yazi&id=13