شوان سدیق:
گەڕان بەدوای ژیانێكی باشتر, گەڕانە بەدوای داهاتوویەكی نوێ و هەڵهاتن و پشتكردنە لە رابردوو لەو جێیەی مرۆڤ هیواو ئاواتەكانی تێدا قەتیس ماون. دەیەوێ لە رێگەی كۆچ و هاتنە دەرەوە ئەم بۆشاییە لە ژیانیدا پڕبكاتەوە. بێگومان ئەمەش پێویستی بە ماندوبوون, هەوڵ و قوربانی بۆ دانە. لە قۆناغی یەكەم تەنیا بڕیاری هاتنە دەرەوەیە پاشان شتە نەخوازراوەكان سەرهەڵدەدەن. هەندێ جار ئەوەی مرۆڤ بیری بۆ ناچێ ئەوە دێتە دی, ئەوەی بیری لێ دەكاتەوە زۆر سەختە یان قورسە هاتنەدی یاخوود هەر نایەتەدی!
قسە لەسەر دیاردەی كۆچ دەكەین. هاتنە دەرەوەی هاوڵاتیانی كوردستان, لەم ساتە وەختەدا كە وڵات روبەڕووی قەیرانی سیاسی و ئابووری و خراپ بەكارهێنانی سوڵتەی قەزائی و هەرەشەی تیرۆریزمی ئیسلامی بووەتەوە. كار گەیشتوەتە ئەوەی مانایەك نەماوەتەوە, خەڵك كەمترین متمانەی بە دەسەڵات و حكوومەتە.
لەپای گەیشتنی ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان لە هەموو چین وتویژێك بۆ وڵاتانی ئەورووپا كەچی بەداخەوە ئامارەكان پێمان دەڵین قوربانییەكانی كۆچ زۆرن, ژنان و منداڵان و بەساڵاچوان لە نیوان وڵاتانی توركیاو یۆنان بەتایبەتی دەریای ئیجە بوونەتە قوربانی و گیانیان لە دەستداوە. هەزاران كەسی تریش گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەورووپا.
قسە لەسەر ئەوە ناكەین. دوای گەیشتنی ئەم هاوڵاتیانە بۆ شوێنی مەبەست روبەڕووی چی دەبنەوە. بێگومان لە بابەتەكانی داهاتووم دەرفەت هەبوو بەوردی باس لەو ئارێشەو خۆشی و ناخۆشیانە دەكەم كە ئەم هاوڵاتیانە لە ئەورووپا لە ژیانی رۆژانەیان روبەڕووی بوونەتەوە. یاخوود روبەڕووی دەبنەوە!
تەرخانكردنی ئەم باسە سەبارەت بە كۆچی هاوڵاتیان, دەكرێ چاویك بەهۆكارەكانیدا بخشێنین. بە پلە یەك قەیرانی ئابووری. خراپی دۆخی سیاسی و بێ متمانەی لەلای هاوڵاتیان بە سیاسی و دەسەڵاتداران.
هەروەها رووخانی ژێرخانی كۆمەڵگا لە ئاستی نەبوونی فەرهەنگیك كە مرۆڤ ئازادی ژیانی خۆی تێدا بەرجەستە بكات. سەرەڕای هەموو ئەم هۆكارانە كەوایكردوە. كۆچ ببێتە دیاردەیەك لەناو كۆمەڵگاكەمان, راستەوخۆ ئۆباڵی لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانەو دەبێ ئەوانیش دان بەم راستیەدا بنێن, بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردی وەك پێویست نەچوونەتە ژیر باری ئەم ئەركە قورسەو بەجدی كاریان لەسەر ئەو میكانیزمانە نەكردوە, كە دەبیتە هۆی كەمكردنی دیاردەی كۆچ!
سەرەڕایی خراپی دۆخی ژیان و كۆچی بەردەوامی هاوڵاتیان. تادیت قوربانیش زیاد دەبن. سەركردایەتی كوردیش تەنیا بیریان لە ئامۆژگاری كردوەتەوە. ئەوەتا بەرێز جەعفەر ئێمینکى جێگرى سەرۆکى پەرلەمانی كوردستان, رۆژی ٢٤ى ئەم مانگە بەناوی پرسەنامە کە ئاراستەى کەسوکارى قوربانیەکانى دەریاى ئیجەى کرد دەڵێ “سەربارى ئەوەى دڵگرانین بە کۆچى دواى ئەو کەسانە، بەڵام دڵنیاین هیچ بەهەشتێک لە چاوەڕوانیی ئەو بەرێزانە نابێ بگرە ژیانێکی تر بە کۆمەڵێک کێشەی ترەوە, سەرهەڵدەدەن”.
ئەگەر لە بەیاننامەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بروانین, ئەوەندە نامەی ئامۆژگاری ئامێزە و نەسیحەتی خەڵك دەكات كۆچ نەكەن, پەنجە ناخاتە سەر هۆكارەكانی ئەم لێشاوە لە كۆچی هاوڵاتییەكانیان.
هەروەها داوا لە دەسەڵاتدارانی كوردی ناكات خەمیك لە گەلەكەیان بخۆن, ناشڵیت بە سەرانی حزبەكەی چۆن زۆربەی كورسی پەرلەمانتان هەیە وەهاش بەشی زۆری خراپی ئەو دۆخەی هەرێمی كوردستان, لە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی پارتەكەیە كە هاوكات ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە سەرۆكی هەرێمەكەیە!
بەڕیز جێگری سەرۆكی پەرلەمان, ئاماژە بەوە دەكات, ئەورووپا وەك بەهەشتێك جاوەڕوانی ئەوكەسانە ناكات, كە رێگای كۆچ دەگرنە بەر, ئەم قسەی ئێمینكی تارادەیەك لەگەڵی هاوڕام كە ئەوەی پەنابەران دەیانەوێ نایەتی یاخوود ئاسان نییە.
بەڵام, پرسیاری ئەوەش دێتە ئاراوە ئەگەر هەرێمی كوردستان, بەهەشتە بۆچی خەڵك رادەكەن? سیاسی و سەركردایەتی كورد خاوەنی دونیا بینی و ئیدارەیەكی باش بوونایە ئێستا هاوڵاتییەكانیان لە دەستیان هەڵدەهاتن? كەوایە ئەمرۆ وڵاتەكەمان وەك جەهەنمی لێ هاتووە بۆیە خەڵكەكەی هەڵدێن. خەڵكیش بەدوای بەهەشتدا دەگەڕێن, ئیدی هێنانەدی و گەیشتنیش بەو بەهەشتەی دەیانەوێ ئەمەش لە ئەستۆی خۆیانە هەر كاتێكیش سەركردایەتی كورد بیرێكی لەم دۆخە كردوە, ئەوكات دەتوانێ بەڕوویەكی باشەوە داوا لە گەلەكەی بكات بەقسەیان بكەن!
shwan.sdeq88@gmail.com