وەرگێڕانی: جاسم غەفور
لەوە دەچێ خەوی لێکەوتبێ، دوور دوور لە جیهانی خەونەکان، پاش ڕۆژێکی درێژ لە شادی و یاریکردن، نازکردن و بەزم و ڕەزمی منداڵانە بەربووبێتەوە. کالەکانی هێشتا لە پێدایە، تۆ بڵێی چەند بەرۆکی بە دایەو بابە گرتبێت تا بۆیان کڕی بێت؟ فانیلە سوورەکەی بۆ سەرەوە هەڵدراوەتەوە تا سکی دەربکەوێت، ئارەزوو دەکەم دەستێک بهێنم بەو سکە نەرم و خرپنەیدا، لە باوەشی بگرم، بە ئارامیی لە خەو بە ئاگای بهێنمەوە تا وشکی بکەمەوە. بەڵام کوڕەکە مردووە، لە دەریا شین و کەفاوییەکەدا، لە نزیک بۆدروومی تورکیا خنکاوە، ئەو شوێنەی کە گەشتیارە ئەوروپیەکان بۆ شادیی و خۆر گەشتی بۆ دەکەن. وا دیارە شەپۆڵەکان بە ئارامیی ئەویان گەیاندبێتە ئەو کەنارە، جەستەی چەند بێ خەوش دیارە ئەو منداڵە.
ئەگەر ئەم منداڵە بێ گیانە ئەورووپی بووایە، پەرچەکردار لە سەرانسەری ئەو کیشوەرەدا شۆک و خەمباریی دەبوو، بەڵام ئەو لە سوریاوە هاتووە، لەو “تەوژمی ئافاتی پەنابەرانەیە” کە دەیڤید کامیرۆن دەخوازێت لە بەریتانیا دووریان بخاتەوە، ئەو بەشێکە لەو “کۆمەڵی سیسرکانەی”کە کۆڵۆم نووس کەیتی هۆپکین باسیان دەکات!
هەزاران گیانیان دەکەنە قوربانی لە ڕێگای گەیشتن بە ئەوروپا، ژنانی پەنابەر لە سەرجادە و ڕێگاوبانەکان منداڵەکانیان لەبار دەچێت؛ پیاوانی لاو وا دێنەپێشچاو کە کەوتبنە تەڵەیەکەوەو هەموو هێزی ماسولکەکانیان لە دەست دابێت.
لەوانەیە ئێستا ئەو ساتەوەختەبێت، کە ئەو وێنەیە دێتە ئەمدیوی تەلبەندی سیاسەت و باری دەروونیی گشتییەوە. لەوانەیە ئەو کچە نیمچە رووتەت لەبیربێت کە لە شەڕی ڤێتنام دا بە ئاگرەوە لە بۆمبارانکردن رای دەکرد؟ ئەو تاکە وێنەیە بیروبۆچوونی ئەمەریکیەکانی بەرانبەر ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە گۆڕی. یان یەکەمین وێنەکانی مەلالەی لاو پاش ئەوەی کە لە پاسی قوتابخانەدا تەقەی لێکرا؟
ئەگەر دەتوانن و خۆڕابگرن سەیری وێنەی ئەو منداڵە ساوا سەرئاوکەوتووە بکەن، ئەو مرۆڤێکی بچکۆلە و بێتاوانە کە پێش ئەوەی دەرفەتی گەورەبوونی پێبدرێت گیانی لەدەست دا. بیر لەو هەموو ئەگەرانە بکەنەوە کە دایک و باوکی لە ئاوارەبوونیاندا گرتیانەبەر، بۆچی هەستیان کرد هیچ بژاردەیەکی تریان نییە جگە لە ڕاکردن؟ دەبێ چەند ترسناک بووبێت کاتێ چوونەتە ناو ئەو بەلەمە نەپارێزراو پڕبووە؟ ئایا ئەوانیش بە هەمان شێوە خنکان؟ لەوانەیە بە چاوی خۆیان منداڵەکانیان بینیبێت کە نوقم دەبن و دەخنكێن، ئەو بهێنەرە بەر چاوی خۆت.
ئێمە ناوەکانیان نازانین و لەوانەیە هەرگیز نەیانزانین. بەڵام ئێستە ئەو منداڵە منداڵی ئێمەیە، هەتا ئەو کەسانەی لە لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەنابەراندان دەبێ هەستی بەزەییان بجووڵێت و بیانەوێ هاوکاری بکەن. ئەو منداڵی کەنار دەریایە یان دەبێتە سیمبولی شەڕانگێزیی و بێ بەزەیی ئەوروپا یان سیمبولی مرۆڤدۆستیی، بەڵام هەرگیز ناتوانرێت لە مێژوو و یادەوەریی گشتییدا بسڕدرێتەوە.
____________________________
تێبینیی: کاتێ ئەم بابەتە نووسراوە ناو و ناسنامەی منداڵەکە نەزانراوە.
* لە رۆژنامەی ئیندیپێندەنتی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە.