راگەیەندراوێک لە بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستانەوە :
سەرەخۆشی لە قوربانیەکان دەکەین و داوایی هەرچی زوو بەهاناچوون دەکەین ..
بەداخەوە جارێکیتر لە شەوی ١٧-١٢-٢٠٢١، لەئەنجامی بارینی بارانێکی بەخوڕەوە لە شاری هەولێردا بووە هۆی دوورستبوونی لافاوێکی بەتین لە بەشێک لە گەرەکەکانی شاری هەولێر و بەو هۆیەوە تا ئێستا (١٠ هاوڵاتی ) گیانیان لەدەستداوە و سەدان خێزان ماڵ و خانوەکانیان کەوتۆتە بەر لافاو و بەم هۆیەشەوە ماڵەکانیان ئاو بردویەتی و زیانیکی زۆریان بەرکەووتوە و بەشێک لە خانوەکانیشیان رووخاوە .
لێرەدا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی قوربانیەکان دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمی خانەوادە و کەس و کارەکانیان دەخوازین و هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوەی بریندارەکان دەخوازین، هەروەها داواکارین دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بەهانای زیاتری خەڵکی لێقەوماودا بچن کە حاڵ و گوزەرانیان تەواو شپرزە بووە و فریاگوزاری سەرەتاییان پێبگەیەندرێت و قەرەبوونی زەرەر و زیانەکانیان بکرێتەوە .
ئەوە چەندینجارە ئەو جۆرە رووداوە دڵتەزێنانە بەهۆی بارانی بارانەوە لەشاری هەولێر چەندبارە دەبێتەوە، بەداخەوە ئەمجارە قوربانی گیانی لێکەوتەوە و پێویستە لەسەر بەرپرسانی پارێزگاری هەولێر رێگا لە چەندبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوە نەخوازراوە بگرن و ڕێوشوێنی زانستی لە ڕێڕەوەکانی ئاو و ئاوەڕۆ بگرنەبەر .
جارێکیتر بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی لە دانیشتوانی شاری هەولێر و تەواوی کەس و کاری قوربانیەکان دەکات .