لەگەڵ بەردەوامی قەدەغەی هاتوچۆدا لە جزیرە، ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان لەبەرزبوونەوەدایە. کۆرپەیەکی ٨ مانگان لە سکی دایکیدا، منداڵێکی سێ مانگ بەناوی میرای ئینجەو، رەمەزان ئینجەی هەشتا ساڵان لەنێو کوژراوەکاندان. سەبارەت بە کوژرانی میرای زانیاری ناکۆک لەمیدایاکاندا بڵاو کراوەتەوە. ئاژانسی ئانادۆڵ دەڵێت “لەگەڕەکی سوور منداڵێکی ٣ مانگ لەباوەشی پووریداو لەبالکۆنی ماڵێکدا، لەلایەن تیرۆریستەکانەوە بریندارکرا”، بەڵام ئاژانسی هەواڵی دۆغان دەڵێت منداڵەکەو باپیری کەوتنە نێو پێکدادانەکانەوە. ئاژانسی هەواڵی دیجلە-ش دەڵێت منداڵەکەو خێزانەکەی لەنێو ئامبولانسێکدا کە ئاڵای سپیی لەسەر بوو، لەلایەن پۆلیسەوە پێکران.
راپۆرتی: خەدیجە کامەر- دیاربەکر
بەشی تورکی بی بی سی
عەبدولرەحمان ئینجەی مامی میرای، لەوەڵامی پرسیارەکانی (بی بی سیی تورکی)دا وتی، باوکیو برازەکەی بە تەقەی زرێپۆشەکانی دەوروبەری نەخۆشخانە کوژراون. “ئەو هەواڵانەی لە میدیاکاندا بڵاوکراونەوتەوە راست نین. رووداوەکە ئێوارەی هەینی دەوەروبەری سەعات ٩و نیو روویدا. باوکمو دایکم لەگەڵ عەبدولکەریمی برام دەژین کە دەکاتە باپیری میرای. ماڵەکەیان دوو قاتەو ئەوان لەقاتی سەرەوەن. لەگەڵ توندبوونەوەی پێکدادانەکاندا، لەترسی بۆمباو تەقەی قەنناس بەدەستەکان دەیانەوێ بچنە قاتی خوارەوە. لەوکاتەدا کە دەچن بۆ قاتی خوارەوە، تەقەیان لێکرا”.
“میرای لەسەر پلیکانەکانو لەباوەشی پووریدا فیشەکێک بەر روومەتی کەوت. وامان زانی مردووە، بەڵام خوێنی لێ نەهات. پاش پێنج دەقیقە دەستی کرد بە گریان. عەبدولکەریمی برام پەیوەندی بە ئامبولانسەوە کردو داوای یارمەتیی کرد. پێیان وت با ژنێکو دوو پیاو بە ئاڵای سپییەوە بیهێنن بۆ شوێنێکی دیاریکراو. رەمەزانی باوکم، روقییەی دایکمو عەبدولکەریمی برام منداڵەکەیان هەڵگرتو چوونەدەرەوە. سۆلین (دایکی منداڵەکە)و بورهانی باوکی لەماڵەوە مانەوە. زۆری پێنەچوو دەنگی تەقە هات. پێش ئەوەی ئامبولانسەکە بێت، تەقەیان لێکرابوو”.
“تاکەی بەردەوام دەبێ؟”
عەبدولرەحمان ئینجە باس لەوەدەکات کە میرای بە فیشەکی دووەم هەر لەجێدا گیان دەسپێرێ، رەمەزانو روقییە ئینجەش بەسەختی بریندار دەبن، عەبدولکەریمیش کە باپیری منداڵەکەیە، قوتاردەبێت. پاشان دەڵێت:
“ماوەی سەعاتێک لەو شوێنەدا دەمێننەوە. براکەم پەیوەندی بە ناسیاوێکییەوە دەکات کە لەو شوێنەوە نزیکە. ئەویش تەلەفون بۆ فەیسەل ساری یلدز دەکات کە ئەندام پەرلەمانی هەدەپە-یەو ئاشنایەتی. بەهۆی ئەمەشەوە ئامبولانس دەگاتە شوێنەکەیان”.
جەنازەی میرای چکۆلە دەبرێت بۆ نەخۆشخانەی شرناخو رەمەزانو روقییەی هاوسەریشی رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەدەنە دەکرێن، بەڵام بەرەبەیان رەمەزان ئینجەش گیانی سپاردو جەنازەکەی هێنرا بۆ نەخۆشخانەی حکومیی ئیدل. روقییەی نەنکیشی هێشتا لە ئەدەنە لەژێر چاودێریدایە.
عەبدولرەحمان ئینجە داوا لە بەرپرسەکانی دەوڵەت دەکات، هەرچی زووتر بەرەو چارەسەری ئەم کێشەیە هەنگاو هەڵهێنن: “ئیدی بەسە. لە یەک ماڵدا برازا ٣ مانگەکەمو باوکە ٨٠ ساڵەکەم لەدەست دا. تا ئەم رووداوانە گەورەتر نەبوون، تا منداڵی ترو ئینسانی تر نەکوژراون، ئەم شەڕە راگرن. با ئیتر ئاشتی بەرقەرار بێت. تاکەی ئەم رووداوانە بەردەوام دەبن؟”
هەر چرکەیەکی بۆ ئێمە مردنێک بوو
محەمەد کوڕی (تایبەت ئینان)ە، ئەو ژنەی تەمەنی ٥٥ ساڵو خاوەنی ١١ منداڵ بوو، رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە لە سلۆپی کوژراو جەنازەکەی بەدرێژایی یەک هەفتە لە کۆڵان مایەوە. محەمەد دەڵێت “تورکیاو جیهانیش چاویان بەرامبەر ئەو وەحشیگەرییەی لەم ناوچەیەدا روودەدات، داخستووە”.
محەمەد کە یوسف-ی مامیشی لەهەمان رووداودا لەدەستداوە، دەڵێت کاتێک دایکی لەماڵە دراوسێیەک گەڕاوەتەوە، پێکراوە: “مامم بەهانای دایکمەوە چوو، لە حەوشەی ماڵەکەماندا پێکرا. بە درێژایی ٢٠ سەعات لەچاوەڕوانیی ئامبولانسدا خوێنی لەبەر رۆیشت، تا گیانی سپارد. باوکیشم (خالید ئینان) کە ویستی بەهانای دایکمەوە بچێت برینداربوو. خوا رەحمی کرد برینەکەی سەخت نیە.”
ئینان دەڵێت هێزە ئەمنییەکان بەهیچ شێوەیەک رێگەیان نەدا جەنازەکە بێنینەوە: “قسەمان لەگەڵ داواکاری گشتیو (١٥٥- ژمارە تەلەفۆنی فریاکەوتن)کرد. پێیان وتین دەتوانن بە ئاڵای سپییەوە بچن جەنازەکەتان هەڵگرنەوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە تەقەمان لێکرا. لە رۆژی حەوتەمدا خاڵم وتی ئەگەر بشکوژرێم دەچم جەنازەکە دێنم. دوێنێ توانیمان بیهێنین. ئێستا جەنازەکە لە نەخۆشخانەی حکومییە لە شرناخ.”
برا بچووکەکەی محەمەد کە تەمەنی ١٦ ساڵە، دەڵێت بۆ ئێمە بینینی دایکمان لەو دۆخەدا، هەر چرکەیەکی مردنێک بوو: “ناچارکراین بەدرێژایی ٧ رۆژ سەیری جەنازەی دایکمان بکەین کە لەخوێنی خۆیدا، لەناوەڕاستی کۆڵانەکەدا کەوتبوو. لەجیهاندا هیچ سزایەک لەوە گەورەتر نیە کە منداڵێک دایکی خۆی لەو دۆخەدا ببینێت. هەر چرکەیەکی مردنێک بوو. مێشکمان تێکچوو. پێم ناڵێن ئەم وەحشیگەرییە لەگەڵ کام مرۆڤایەتی، کام دینو کام کتێبەدا دێتەوە؟ تا ماوین دەتوانین ئەمە لەبیرکەین؟”
لەیەکەمین رۆژی قەدەغەکردنی هاتوچۆوە، لە جزیرە ٢٠و لە سلۆپی ١٥ مەدەنی گیانیان سپاردووەو دوو سەربازیش کوژراون.
فەیسەڵ ساری یڵدز، پەرلەمانتاری هەدەپە لە شرناخ، سەبارەت بە کوژرانی خەڵکی مەدەنی نامەیەکی بۆ پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەوروپا ناردووە. ساری یڵدز لەنامەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەمانگی تەمووزەوە لەجزیرە، ٥١ مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەو کوژراون، لە ١٨ شارۆچکەدا ٥٤ جار قەدەغەکردنی هاتوچۆ راگەیەنراوە، کە دەیان گەڕەکی گرتۆتەوەو قەدەغەکان بە هەمووی دەگاتە ٢٣١ رۆژ.
ساری یڵدز دەڵێت بەدرێژایی قەدەغەکان ١٢٤ هاوڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پێکراون: “لەتورکیایەکدا کە لەپرۆسەی بەئەندامبوونی یەکێتی ئەوروپادایە، ژیانو مافی هاوڵاتییانی کورد لەژێر هەڕەشەدایە”، بۆیە نابێت وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر بەم دۆخە بێدەنگ بن.