فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی شەنگال ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شەنگال بەردەوامە و چواردەوری شارەکەش لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە تەنها چەند ناوچەیەکی کەم ماوە لە قەزاکەدا کۆنتڕۆڵبکرێتەوە.
حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی شەنگال ڕایگەیاند، لە چوار چیوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شەنگالدا چواردەوری شارەکەش لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە تەنها چەند ناوچەیەکی کەم ماوە لە قەزاکەدا کۆنتڕۆڵبکرێتەوە.
وتیشی هۆکاری پێشڕەوی نەکردنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە کوردییەکان بۆ خۆپاراستنە لە بۆمبی چێنراو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠١٥/١١/١٢ بە بەشداری حەوت هەزار و ٥٠٠ پێشمەرگە ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شەنگال دەستیپێکرد.
هاوکات ئۆپراسیۆنەکە بە هاوکاری هێرشی ئاسمانیی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ئەنجام دەدرێت.
شەنگال دەکەوێتە پارێزگاى نەینەوا و ١٤٠ كیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دوورە و هەڵکەوتەکەشى لە نێوان سنووری سووریا و عێراق دایە.
چەکدارانی داعش لە ١٠ى حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٤ شارى موسڵیان کۆنترۆڵکرد. دوابەدواى کۆنترۆڵ کردنى موسڵ لە سێی ئابی ٢٠١٤ دا هێرشیان کردە سەر شەنگال.
لە هێرشى چەکدارەکانى داعش بۆ سەر شەنگال ئەو چەکدارانە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیى ئێزیدییان کۆمەڵکوژ کرد و زیاتریش لە پێنج هەزار هاووڵاتیى ئێزیدییان فڕاند، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
چەکدارەکانى داعش توندوتیژیى زۆریان بەرامبەر بە هاووڵاتییە فڕێندراوە ئێزدییەکان ئەنجامداوە و لە بازاڕەکاندا بازرگانییان پێوەکردوون و وەک سەبایا و غەنیمە مامەڵەیان لەگەڵ کردوون.
پەلامارى چەکدارەکانى داعش بۆ سەر شەنگال بووە هۆى ئاوارەبوونى زیاتر لە ٤٠٠ هەزار ئێزیدی. ئێزیدییەکان پەنایان بردە چیاى شەنگال و لەلایەن شەڕڤانانى یەپەگە و یەبەشەوە سێ ڕێڕەوى ئارام بۆ گواستنەوەى هاووڵاتییانى ئێزیدى بەرەو ڕۆژئاواى کوردستان کرایەوە و زیاتر لە ١٣٠ هەزار هاووڵاتییان گواستەوە بۆ ناوچە ئارامەکانى ڕۆژئاواى کوردستان.
بەشێکى زۆر لەو هاووڵاتییە ئاوارە ئێزدییانە لە دواى حەوانەوەیان لە ڕۆژئاواى کوردستانەوە گەڕانەوە بۆ باشوورى کوردستان. هێزى هاوپەیمانان لە چوارچێوەى هاوکاریى مرۆیدا و لە ڕێگەى فڕۆکە و کۆپتەرەوە لە ئاسمانەوە خواردەمەنییان گەیاندە ئاوارە ئێزدییەکانى چیاى شەنگال.
هێزەکانى یەگەپە و یەبەشە پێکەوە بەرەنگاریى چەکدارەکانى داعشیان کرد تاوەکو ڕۆژى ١٨ ی شوباتی ٢٠١٥ هێزەکانی پێشمەرگە و یەپەگە بە هەمانگى کۆنترۆڵی زۆربەى ناوچەکانی سەر بە شەنگالیان کرد.