راپۆرتێکی بی بی سی لەسەر بارودۆخی باکوور
“بەهێزترین سوپای دنیا شەڕ لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆی دەکات”
راپۆرتی خەدیجە کامەر
بەشی تورکی بی بی سی- دیاربەکر
قەدەغەکردنی هاتوچۆ لەشارۆچکەکانی سووری سەر بە دیاربەکر، نوسەیبینو دارگەچیتی سەر بە ماردین، سلۆپیو جزیرەی سەر بە شرناخ بەردەوامە.
ئایجان ئیرمەز نوێنەری شرناخ لەسەر لیستی هەدەپە، لە سلۆپییەوە رایگەیاند تا ئێستا حەوت کەس گیانیان لەدەست داوە. ئیرمەز وتی دوو کەس کە تەمەنیان لەنێوان ١٦-١٧ ساڵدا بووە، کەوتوونەتە ژێر دیواری ماڵەکەیانەوە کە بەهۆی تۆپبارانەوە بەسەریاندا رووخاوە. هەروەها دوو کەسیش کە تەمەنیان لەنێوان ٧٠-٧١ ساڵدا بووە، بە فیشەک کوژراون، سیانی تریش لەئەنجامی دەنگی تۆپبارندا دڵیان وەستاوەو گیانیان سپاردووە.
ئیرمەز وتی: “جەنازەی حەوت ئینسان چاوەڕێی بەخاک سپاردن دەکات، بەڵام بەهۆی پێکدادانەکانەوە، کەس ناتوانێت (لەماڵ) بچێتە دەرەوە”.
پەرلەمانتارەکەی هەدەپە رایگەیاند پێکدادانەکان لە گەڕەکەکانی جودی، باشاکو باربارۆس خەستتر بوونەتەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتووە گەلێک خانوو بەهۆی تۆپبارانەوە رووخاونو نزیکەی ١٠ بریندار هەیە.
بە وتەی ئایجان ئیرمەز لەگەڕەکی باشاک ٢٠٠- ٣٠٠ کەس منداڵو گەنجو پیر، خۆیان خزاندۆتە ژێرزەمینەکانەوە. هەروەها “لە گەڕانو پشکنینی ماڵاندا لە یەنی شەهر، سووکایەتییەکی زۆر بە خاوەن ماڵەکان کراوەو ئەشکەنجە دراون”.
“چۆن ئەم زوڵمە بۆ کوڕەکەم روون بکەمەوە؟”
لەجزیرەش ئۆپەراسیۆنەکان بەچڕی لە گەڕەکی یافەس، نوور بەردەوامن. خانووە سێ قاتەکەی بەهادین یاغارجیک کە دەکەوێتە سەر شەقامی بۆتان لەگەڕەکی نوور، ژمارەیەکی زۆر تۆپی بەرکەوتووە. خانوەکە کەڵکی پێوە نەماوە. لە تەقینەوەیەکی تریشدا ئاگر لە خانووەکە کەوتۆتەوە. لەگەڵ دەستپێکردنی پێکدادانەکاندا، یاغارجیک خۆیو ژنو حەوت منداڵەکەی پەنایان بۆ ژێرزەمینی ماڵە خزمێکی دراوسێیان بردووە.
“بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تۆپبارانی گەڕەکە دەکرێت. پاشانیش گوللەباران دکرێت. بینا سێ قاتەکە، کە شەش شوقەی تێدایە زیانێکی گەورەی پێگەیشتووە. ماڵەکەمان بەبەرچاوی خۆمانەوە سووتا. ئێستا چوار خێزان، ١٢ منداڵ، بەگشتی ٢٦ کەس لە دوو ژووری ژێرزەمینێکدا ماوینەتەوە. ئێرە زۆر شێدارە، کارەباو ئاو نیە.
بە وتەی یاغارجیک هیچ پێکدادانێک لەگەڕەکەکەماندا رووی نەداوە، بەڵام لە دوورەوە تۆپبارانمان دەکەن. دەشڵێت (هەرچەندم کرد) نەمتوانی رووداوەکان بۆ منداڵەکەم روون بکەمەوە. “پەیوەندیمان بە ئاگرکوژاندنەوە، ئاسایش، قایمقامییەتەوە کرد، کەس بۆی گرنگ نەبوو. بێدەسەڵاتو دەستەوسان تەماشای سووتانی ماڵەکەی خۆمان کرد. کوڕە شەش ساڵەکەم لێم دەپرسێ: بۆچی ماڵەکەیان سووتاندین؟ ئاخر چۆن دەتوانم بۆی روون بکەمەوە؟”
“با نەتەوە یەکگرتووەکانو ناتۆ گوێیان لەدەنگمان بێت”
“ئەمڕۆ بەهێزترین سوپای دنیا هاتووە بۆ شەڕی هاوڵاتییە مەدەنییەکانی خۆی. دەشێت شەڕ لەنێوان پەکەکەو دەوڵەتدا هەبێت، بەڵام خەڵکی مەدەنی تاوانیان چیە؟ ئەی پاراستنی دەڵکی مەدەنی ئەرکی دەوڵەت نیە؟ مادام دەوڵەت ناتوانێ مەدەنییەکان بپارێزێ، با ناتۆو نەتەوە یەکگرتووەکان گوێیان لەدەنگمان بێت، وا بڕوات ژمارەیەکی زۆر مەدەنی دەکوژرێن”.
جەمال یاشاری خەڵکی گەڕەکی یافەس، یەکێکە لەوانەی پەنای بۆ ژێرزەمین بردووە.
“چوار خێزان، ٢٠ کەس کە حەوتیان منداڵە، لە ژێرزەمینداین. حەوت منداڵم هەیە. دوانیان لەناوەندی، چواریان لەسەرەتاییو یەکێکیشیان لە زانکۆیە. شەش رۆژە ناتوانین سەر لەماڵ بێنینەدەر. سێ تۆپ بەر قاتەکانی سەرەوەی بیناکەمان کەوت. ئێمەش بەناچاری رامانکرد بۆ ئێرە. ژێرزەمینەکە دوو ژووری تێدایە. دوێنێ شەو داوود یانک-ی ١٤ ساڵە، کە هاوڕێی کوڕەکەمە، کاتێک دیویست بچێتەوە بۆ ماڵەوە، پێکراو بردیان بۆ نەخۆشخانەیە. لەترساندا ناتوانین سەر بەرزکەینەوە”.
ئایشە یاشاری هاوسەری جەمال یاشار وتی، هەدیە شەن، ئەو ژنەی دایکی سێ منداڵ بوو و لەبەردەمی مەڵەکیدا پێکرا، هاوسێمان بوو: “هەدیە بووکی خاڵێ بوو. ساڵی رابردوو لەکۆڵانی ئێمە نیشتەجێ بوون. سێ منداڵی هەبوو. ئەو رۆژە پاش ئەوەی دایبیی منداڵەکەی گۆرێبوو و چووبووە بەردەرگا بۆ فڕێدانی، لەلایەن قەنناس بەدەستەکانەوە پێکرا، تەنانەت نامانتوانی بەهاناشیەوە بچین”.
“حاڵمان لە کۆبانی خراپترە”
ئاسیە یاشار باس لەوەدەکات کە زۆر ترساون، منداڵەکان لەگەڵ دەنگی هەر تەقینەوەیەکدا خۆیان دەخەنە ژێر مێزەکەوە، چەندین رۆژە نانێکی گەرمیان نەخواردووە:
“لەگەڵ دەنگی هەر تەقینەوەیەکدا، منداڵەکان رادەکەنە ژێر مێزەکەو گوێی خۆیان دەگرن. کەدەچینە چێشتخانەکە، بەدەنگی تەقینەوەکان دادەچڵەکین. هەرچی لەماڵەکەدا هەبێ، ئەوە دەدەین بە منداڵەکان، بەڵام کۆرپەکان پێویستیان بە دایبیو خۆراکە. کارەبا نیەو هەوا ساردە. خەسووم تەمەنی ٨٢ ساڵە، ئیلتیهابی سنگی هەیە، دەبێ رۆژی سێ جار بوخار هەڵمژێ. محەویلەکە تەقییەوەو سێ رۆژە کارەبا بڕاوە. مەکینەی بوخارەکەش بێ کارەبا ئیش ناکات. لەگەڵ هەموو تەقینەوەیەکدا دەیبەینە نێوان دوو ژوورەکەوە بۆ ئەوەی بۆنو تۆز کاری تێنەکات.”
ئاسیە یاشار پێی وایە حاڵیان لە فەلەستینو کۆبانی خراپترە: “بەڵایەکی گەورەیان بەسەرماندا هێنا، بەڵام کەس نازانێت ئێمە لە چ حاڵیکداین، کەس دەنگمان نابیستێ. لەم ژێرزەمینەدا گیرمان خوادووەو چاوەڕێی مەرگ دەکەین”.