ئەندامێکی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە ڕایگەیاند، تا ئێستا گەریلاکانیان نەچووەتە ناو شار و شارۆچکەکانی باکوری کوردستانەوە، بەڵام ئەگەر هێرشی هێزەئەمنییەکانی تورکیا لە بەرامبەری هاوڵاتیانى مەدەنى بەردەوام بێت چالاکییەکانیان فراوانتر دەکەن.
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە بە ڕادیۆی حزبەکەی ڕاگەیاند “ئەگەر هێرشەکانی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بۆ سەر شارە کوردییەکان و هاوڵاتیانی کورد بەردەوام بێت، ئەوا پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کورد و تورک بەتەواوی دەپچڕێت.”
قەرەیلان ئاماژەی بەوەشکرد “پەکەکە بەتەواوی پشتگیری لە داواکاری گەنجانی کورد لە ناو شارەکاندا دەکات کە لەبەرامبەر هێزەکانی حکومەت شەڕ و بەرخۆدان دەکەن.”
قەرەیلان وتیشی “گەلی کورد بە پەلاماردان و کوشتن ملکەچی دەوڵەتی تورک نابێت و ئەگەر هێرشەکانیش بەردەوام بن گەریلا چالاکییە فیداییەکانی زیاتر دەکات.”
شەڕ و ئاڵۆزى زۆرینەى شارەکانى باکورى کوردستانى گرتەوە و ئەمڕۆش حکومەتى تورکیا ڕایگەیاند لەماوەى چوار ڕۆژدا لە هەر دوو شارۆچکەى جزیرە و سلۆپى پارێزگاى شەڕناخ ٦٨ ئەندامى پەکەکە کوژراون، بەڵام ڕێکخراوەکان و پارتە کوردییەکان دەڵێن هێزە ئەمنییەکانى تورکیا هاوڵاتیانى مەدەنیان کردووەتە ئامانج.