جگە لە جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحولی و نەجوڵان و خواردنی ناتەندروست کە هۆکاری کورتبوونی تەمەنن، لێکۆڵینە نوێیەکە ئاشکرایدەکات دانیشتن زیاتر لە حەوت سەعات و خەوتن بۆ ماوەیەکی درێژ بەهەمان شێوە هۆکارن بۆ کورتبوونی تەمەنی مرۆڤ.
لە نێو ئەو لێکۆڵینەوەیەدا ئاماژەکراوە بەو خووانەی هۆکاری سەرەکین لە کورتبوونی تەمەنی مرۆڤ، پلەبەندیەکەش بەشێوازێکە کە بەرزترینیان، زۆرترین چانسی لەدەستدانی تەمەنی پێوەیە.
ئامارە رەسمیەکانی راپۆرتی (PLOS) ئەوە نیشاندەدەن کە ئەو کەسانەى جگەرەکێشان و خواردنەوەى کحولى زۆر و کەمخەوی بەیەکەوە تێکەڵدەکەن، چانسی مردنیان پێنج جار زیاترە بە بەراورد بەو کەسانەی ژیانێکی تەندروست دەژین.
کەم جوڵەیی و زۆر خەوی و زۆر دانیشتن بە درێژایی رۆژ بەهەمانشێوە مەترسین لەسەر کەمبوونی تەمەنی مرۆڤ.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ماوەی شەش ساڵدا ئەنجامدراوە و 230000 کەسی تەمەن 45 ساڵ و بەرەو ژوور بەشداریان تێداکردووە.
دکتۆر میلۆدی دینگ، پرۆفیسۆری زانکۆی ئوستوڕالیا رایگەیاند، “خەوتن بۆ ماوەی زۆر درێژ و کەم خەویش بەهەمانشێوە وەک دوو هۆکاری سەرەکی هەژمارکراون، بەمیکانیزمی جیاواز دەتوانرێت پەیوەندیان بە تەمەنی مرۆڤەوە ڕوونبکرێتەوە. ئەو لێکۆڵینەوەیە تاقیکردنەوەی ئەنجامداوە لەسەر چوار هۆکاری کۆن کە هەبوون و دوو هۆکاری نوێ کە تازە دۆزراونەتەوە و بریتین لە زۆر دانیشتن و نەبوونی ماوەی خەوی تەندروست کە ئەمانە سەرجەمیان پێکەوە مەترسی گەورەیان لەسەر تەندروستی هەیە”.
لەسەرەتاى ئەمساڵدا توێژەرانی زانکۆی کامبریجی بەریتانیا هۆشیاریان بەو کەسانەداوە کە دەیانەوەی بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر رۆژانە بخەون، ئەو کەسانە ئەگەرى توشبوونیان بە جەڵتە دوو هێندە زیاترە لەو کەسانەی کە خۆیان لە ژێر ئەو مەترسیەدان.
لێکۆڵینەوە بەریتانیەکە ئاماژەشی بەوەداوە ئەو کەسانەش کە کەم خەون ئەگەری توشبوونیان بە جەڵتەی دەماخ هەیە لە ئەنجامی مەینی خوێنی نێو دەمارەکانی مێشکیان. لەلایەکی تریشەوە زۆر خەوی ئەگەری جەڵتەی دەماخی لێدەکری بەهۆی ئەوەی دەمارە خوێنبەرەکانی مێشک دەتەقن و مێشکەکە توشی خوێنبەربوون دەبێت.
دکتۆر نیل ستاندی، شارەزای بواری خەوتن دەڵێت “مرۆڤی ئاسایی دەبێت بەشێوەیەکی رێکوپێک بخەوێت، چونکە کەمخەوی یاخود زۆر خەوی مەترسی گەورەی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ”.
ئا: محەمەد نەجمەدین