یه‌ك ساڵی ره‌به‌ق ژنه رۆژنامه‌نووس شه‌یما جه‌مال له‌موسڵی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش مایه‌وه، له‌و ماوه‌یه‌دا نزیكه‌ی بیست لههاوپیشهكانی بوونه قوربانی، به‌ڵام سه‌ره‌نجام رێگای هاتو نه‌هاتی هه‌ڵبژارد بۆ ده‌ربازبوون‌و ناچاربوو مێردهكهییو دوو منداڵه‌كه‌ی جێبهێڵێت.
هێشتا مۆته‌كه‌ی ئه‌و ساڵه پڕ مه‌ترسییه له‌كۆڵی شه‌یما نابێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌خه‌می كهسوكارهكهییو خه‌ڵكی موسڵدایه‌و به‌هیوایه رۆژێك ئه‌وانیش به‌ڵای داعشیان لێ ببێته‌وه.
شه‌یما ئێستا له‌شه‌قامه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا رێدهكاتو باوه‌ڕ به‌وه ناكات كه چۆن له‌ده‌ست مه‌رگی چاوه‌ڕوانكراوی داعش هه‌ڵهاتووه‌و ئێستا ده‌توانێ به‌سه‌ربه‌ستی بسوڕێته‌وه.
شه‌یما له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا كه “نیقاش” له‌رێی (skype)ه‌وه له‌گه‌ڵی ئه‌نجامیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه موسڵ له 10ی حوزه‌یرانی ساڵی رابردووه‌وه نه‌كه‌وتووه‌ته ده‌ست داعش، به‌ڵكو زۆر له‌وه پێشتر له‌شاره‌كه‌دا باڵاده‌ست بوون، به‌و پێیه‌ی له‌به‌شی راگه‌یاندنی پارێزگای نهینهواو له‌به‌شی هه‌واڵی كه‌ناڵی سه‌ما موسڵ كاریكردووه به‌رده‌وام ئاگای له‌هه‌واڵه ورده‌كان بووه‌و زۆرجاریش خۆی شایهتحاڵبووه به‌سه‌ر كوشتن‌و ته‌قینه‌وه‌و لێسه‌ندنی سه‌رانه‌وه.
شه‌یما ده‌ڵێت “له‌ساڵی 2006ه‌وه قاعیده‌و دواتر داعش سه‌رانه‌یان له‌خه‌ڵكی شاره‌كه ده‌سه‌ند”، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ژمارد كه به‌ده‌ستی داعش كوژراون، سیان له‌وانه وته‌بێژی پارێزگای نه‌ینه‌وا بوون (قه‌حتان سامی‌و سه‌عد زهغلولو واسیق غه‌زه‌نفه‌ری)و هه‌رسێكیان له‌نێوان ساڵانی 2013و 2014 كوژراون، سه‌ره‌ڕای چه‌ندین فه‌رمانبه‌ری تر‌و 30 رۆژنامه‌نووس.
شه‌یما باش ئه‌وه‌ی بیره كه به‌ره‌به‌یانی رۆژی پێنجشه‌ممه 5ی حوزه‌یرانی 2014 موسڵ گێژه‌ڵوكه‌یه‌كی لمی بێوێنه‌ی به‌خۆوه بینیوه كه راده‌ی بینینی بۆ چه‌ند مه‌ترێك كه‌مبووه‌ته‌وه، له‌و كاته‌دا داعش ده‌ستیان گه‌یشتووه بهگهڕهكهكانی خۆرئاوای شاره‌كه، هاوشێوه‌ی (مه‌شیرفه)و (17ی تهمموز).
ئه‌وكاته شه‌یما له‌ده‌وام بووه له‌كه‌ناڵی سه‌ما موسڵ، دوای چه‌ند كاتژمێرێك به‌رپرسانی كه‌ناڵه‌كه داوایان لێكردوون ده‌ست به‌جێ شوێنی كاره‌كه‌یان جێبهێڵن، دوای ئه‌وه هێزه ئه‌منییه‌كان هاتوچۆیان له‌هه‌ر پێنج پرده سه‌ره‌كییه‌كه‌ی شاره‌كه قه‌ده‌غه كردووه.
ئه‌وه دواهه‌مین رۆژی ده‌وامكردنی بووه‌و له‌وه به‌دواوه له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیان ماوه‌ته‌وه‌و پێی وابووه ئه‌وه‌ی روویداوه شكستێكی كاتییه‌و زوو هێزه ئه‌منییه‌كان شاره‌كه كۆنترۆڵ ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه هه‌ر رووی نه‌دا.
رۆژی دوای ئه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار له‌رێی په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌كه‌یانه‌وه چه‌كداره ریش درێژه‌كانی داعشی بینیوه كه به‌ئاشكراو بێ شاردنه‌وه‌ی ده‌موچاویان بهگهڕهكهكهیاندا سوڕاونه‌ته‌وه.
له‌و رۆژه‌وه تا رۆژی هه‌ڵاتنی سوپا‌و پۆلیس له 10ی حوزه‌یران شه‌یما له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیان‌و ئه‌و چوار ماڵه‌ی خۆی لێ حه‌شارداوه نه‌هاتووه‌ته ده‌ره‌وه، مه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ی شوێنی خۆی گۆڕیوه، وه‌هاشی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه چووه‌ته لای دایكی له‌هه‌ولێر.
له‌سه‌ره‌تاوه داعش رۆژنامه‌نووسه‌كانی موسڵی دڵنیا كردووه‌ته‌وه كه مه‌ترسیان له‌سه‌ر نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرینه‌یان بۆ به‌غداو هه‌رێمی كوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ی عێراق هه‌ڵهاتوون، شه‌یماش هه‌رچه‌نده له‌موسڵ ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام خۆی ئاشكرا نه‌كردووه، دواتر ئاگاداری ئه‌وه‌ش بووه كه داعش چه‌ند رۆژنامه‌نووسێكی ده‌ستگیركردووه‌و به‌شێكیانی كوشتووه، سیان له‌وانه‌ش هاوكاره‌كانی خۆی بوون له‌كه‌ناڵی سه‌ما موسڵ.
هه‌ر دوای ئه‌وه‌ش داعش یه‌كێك له‌هاوكاره‌كانی بانگكردووه كه فه‌رمانبه‌ری پارێزگا بووه‌و ناچاریان كردووه تۆبه بكات له‌به‌رده‌م دادگادا، شه‌یما ده‌ڵێت “ئه‌وه زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه بوو بۆمن، چونكه من به‌ته‌نها فه‌رمانبه‌ر نه‌بووم، به‌ڵكو رۆژنامه‌نووسیش بووم”.
شه‌یما باس له‌یاسا سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كانی داعش ده‌كات كه چۆن خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی چه‌وساندووه‌ته‌وه، به‌ڵام یه‌كێك له‌و یاسایانه له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م شكاوه‌ته‌وه، كه ئه‌ویش ناچاركردنی ژنان بووه به‌پۆشینی نیقاب، چونكه به‌و هۆیه‌وه توانیوێتی هاتوچۆ بكات‌و له‌مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا خۆی پێ ده‌رباز بكات.
كاتێك یانزه كارمه‌ندی كه‌ناڵی سه‌ما موسڵ ده‌ستگركران كه چواریان تائێستا چاره‌نوسیان نادیاره، شه‌یما گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی موسڵ جێبهێڵێت، دایكیشی فشاری زۆری خسته سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌شاره‌كه بچێته ده‌ره‌وه، بڕی دووسه‌د دۆلاریدا بهئهفسهرێك كه پێشتر له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرت‌و كاروباری شارستانی موسڵ كاری ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی پێناسێكی باری شارستانی بۆ دروست بكات به‌ناوی “ره‌غد عه‌بدوڵا جه‌بار”.
بڕیاربوو هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵیدابن (گه‌وره‌كه 15 ساڵ‌و بچوكه‌كه 13 ساڵ)، به‌ڵام مێرده‌كه‌ی له‌ترسی ژیانیان نه‌یهێشت بڕۆن، به‌و پێیه‌ی ئه‌و رێگایه‌ی ئه‌و پیایدا تێپه‌ڕ ده‌بێت له‌لای موسڵییه‌كان به‌ڕێگای مه‌رگ ناسراوه، چونكه یان ده‌بنه قوربانی فیشه‌كی داعش، یاخود موشه‌كی فرۆكه ئه‌مه‌ریكییه‌كان، یاخود تۆپهاوێژه‌كانی پێشمه‌رگه.
ئێستاش شه‌یما به‌ڕوونی ئه‌و كاته‌ی له‌پێش چاوه كه ماڵئاوایی لههاوسهرهكهییو منداڵه‌كانی كردووه وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌یانبینێته‌وه، چونكه كارێكی ئاسته‌مه ئه‌و هه‌موو خاكه‌ی داعش لهعێراقو سوریا تێبپه‌ڕێنێت.
له‌گه‌ڵ پێنج ژنی تر له‌گه‌ڵ قاچاخچییه‌ك رێككه‌وتوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان به 900 دۆلار بگه‌ێنێته توركیا، رۆژی سه‌فه‌ركردنیان له‌پڕ قاچاخچییه‌كه واده‌ی سه‌فه‌ره‌كه‌ی گۆڕیوه بۆ رۆژی دواتر له‌گه‌ڵ شوێنی گواستنه‌وه‌یان كه گه‌ڕه‌كی ریفاعی خۆرئاوای شاره‌كه بووه‌و مه‌رجی ئه‌وه‌ش بووه كه جانتای سه‌فه‌ریان پێ نه‌بێت.
له‌كاتی دیاریكراودا پیاوێكی ریشدار ههڵیگرتوونو دوای ماوه‌یه‌ك هه‌م ئۆتۆمبێله‌كه‌ی گۆڕیوه‌و هه‌م جله‌كانی به‌ری، به‌رگی ئه‌فغانی له‌به‌ركردووه‌و چه‌كێكی له‌ته‌نیشت خۆیه‌وه داناوه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌ریبخات كه چه‌كداری داعشه.
له‌هه‌موو خاڵه‌كانی پشكنین خۆیان پهڕاندووهتهوهو كاتێك لهشۆفێرهكهشیان پرسیوه ئه‌و كه‌سانه كێن له‌گه‌ڵیدا، وتوویه‌تی ناسیاوی خۆیانن‌و ده‌یانگه‌یه‌نێت به‌قه‌زای به‌عاج، ئه‌وپه‌ڕی باشوری خۆرئاوای موسڵ له‌سه‌ر سنوری سوریا.
كاتژمێرێك لهبهعاج ماونه‌ته‌وه‌و دواتر ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان پیكاب ههڵیگرتوونو به‌ڕێگایه‌كی قاچاغ خۆیان گه‌یاندووه‌ته ناوچه‌ی (ریف هول) لهحهسهكهو له‌وێشه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی كیا هه‌ڵیگرتوون به‌ره‌و ره‌ققه.
شه‌یما ده‌ڵێت “خه‌ریك بوو له‌ترسا ئه‌مردم”، نهگبهتییهكهی ئه‌وه‌یه له‌ناو هه‌موو ژنه‌كانی تردا چه‌كدارانی داعش له‌نزیك ره‌ققه ناوی ئه‌ویان پرسیوه، ئه‌ویش به‌زه‌حمه‌ت ناوه تازه‌كه‌ی بیركهوتووهتهوهو رایگه‌یاندووه كه ده‌چێت بۆ چاره‌سه‌ر.
ئه‌و ژنانه‌شی له‌گه‌ڵی بوون قسه‌ی له‌گه‌ڵ هیچیان نه‌كردووه‌و به‌رێكه‌وت له‌و ماڵه‌ی لێی كۆبوونه‌ته‌وه روخساری یهكێكیانی بینیوه، ئه‌ویش ژنێكی ته‌مه‌ن په‌نجا ساڵ بووه كه ویستوویه‌تی بچێت بۆ لای كوڕه‌كه‌ی له‌ئه‌سته‌نبوڵ، هه‌رچی ئه‌وانی تره له‌ژێر په‌چه‌وه بوون‌و نه‌یبینیون.
له‌كاتژمێر 12:35 خوله‌كی ئه‌و گه‌یشتوونه‌ته ناوچه‌ی كه‌رمه له‌ریفی ره‌ققه، به‌قسه‌ی شه‌یما له‌و شوێنه هه‌ڵاتووه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌و زۆربه‌ی قاچاخچییه‌كان نه‌فه‌ره‌كانیان ده‌به‌نه ئه‌وێ كه به‌شێكیان سه‌ر به‌داعشن.
دوو رۆژ شه‌یما له‌ماڵێك ماوه‌ته‌وه‌و دواتر بۆ جێگه‌یه‌كی تر گواستراوه‌ته‌وه بۆ ماڵێكی تر، ئینجا كوڕێكی سوری بهپاسێكی بچووك به‌ره‌و ریفی حه‌له‌ب بردوونی، له‌خاڵێكی پشكنین ناوی هه‌موو سه‌رنشینه‌كانیان پرسیوه‌و لهكۆمپیوتهرێكدا بۆیان گه‌ڕاون، شه‌یما به‌چاوی خۆی بینیوێتی كه سه‌رجه‌م چه‌كداره‌كان عه‌ره‌ب نهبوونو كه‌سانی سورو سپیان تیا بووه.
له‌رێگای ریفی حه‌له‌ب شه‌یما چه‌كدارانی یه‌په‌گه‌و چه‌ند چه‌كدارێكی تری بینوه‌و چووه‌ته ناوچه‌یه‌ك كه هه‌مووی شه‌ڕ وێرانی كردووه، له‌مڕووه‌وه ده‌ڵێت “له‌قه‌راغ رێگاكه ته‌رمی سێ گه‌نجی سوریم بینی، شۆفێره‌كه‌مان وتی له‌لایه‌ن داعشه‌وه له‌سێداره دراون‌و له‌و رێگه‌یه فڕێدراون بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بیان بینێت”.
له‌و كاته‌ی كه پێیان وابووه هه‌موو شتێك كۆتایی هاتووه، جه‌ندرمه‌كانی توركیا له‌سه‌ر سنور گهڕاندویاننهتهوه بۆ ریفی حه‌له‌ب، له‌وێ شۆفێره‌كه داوای 150 دۆلاری كردووه بۆ هه‌ر یه‌كێكیان بۆ ئه‌وه‌ی لهرێیهكی تره‌وه بیانباته توركیا.
له‌نیوه شه‌ودا شۆفێره‌كه له‌سنوری توركیا ناساندونی به‌چه‌ند كه‌سێكی سوری بۆ ئه‌وه‌ی به‌رێگایه‌كی شاخاوی بیانپه‌ڕێننه‌وه، ده‌ڵێت “داوایان لێده‌كردین په‌له بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی رۆژ نه‌بێته‌وه، چونكه ئه‌وكات یان ده‌گیرێین، یاخود ته‌قه‌مان لێدهكرێتو ده‌كوژرێین”.
به‌هۆی تاریكی‌و خراپی رێگاكهوه شه‌یما پێڵاوه‌كانی لێ جێماوه‌و هه‌ردوو قاچی خوێنیان لێ چۆڕاوه، كاتێكیش كه له‌ته‌لبه‌ندی سنور په‌ڕیونه‌ته‌وه به‌شێك لهجلهكانی دڕاوه‌و بریندار بووه.
شه‌یما ده‌ڵێت “له‌و كاته‌دا ئاسووده بووم كه منداڵه‌كانم له‌گه‌ڵمدا نه‌هاتوون”، كاتێكیش كه نیقابهكهی فڕێداوه‌و به‌پانتۆڵه‌وه ده‌ركه‌وتووه، قاچاخچییه‌كان داوای پاره‌ی زیاتریان لێكردووه، وایانزاینوه ئێزدییه‌و هه‌ڵهاتووه، باوه‌ڕیان نه‌هێناوه تا چه‌ند ئایه‌تێكی قورئانی بۆ خوێندونه‌ته‌وه.
به‌ر له‌وه‌ی خۆر هه‌ڵبێت ئۆتۆمبێلێكی تر له‌به‌ری توركیاوه هاتووه‌و بۆ هه‌ر كه‌سێك 50 دۆلاری لێسه‌ندون تابیانباته شاری ئه‌نتاكیا، شه‌یما ده‌ڵێت “ئه‌و كاته حه‌زم ده‌كرد بڕۆم‌و باوه‌ش بهخهڵكهكهدات بكه‌م‌و له‌خۆشیدا هاوار بكه‌م، چونكه ئیتر رزگارم بوو پێویست ناكات وه‌ك كه‌سێك بژیم كه خۆم نیم”.
تێبینی: شه‌یما ناوێكی خوازراوه بۆ ئه‌و ژنه رۆژنامه‌نووسه داندراوه