نیگایەک لە هونەر و موزیکی کایا، دەنگێکی ئارام بۆ خۆشەویستی و هاوارێکی توند بۆ ئازادی و یەکسانی مرۆڤ.
ئاسۆ حامدی :
بە کورتی؛
ئەحمەد کایا لە 28 ی ئۆکتۆبەری 1957 لە مەڵاتیا لە دایک بووە، لە 16ی نۆڤەمبەری 2000 لە پاریس کۆچی دوایی کردووە. کایا هەم گۆرانی و موزیکی دەچڕی و هەم هونراوەشی دەنووسی.
لێرەدا باس لە هونەر و موزیکی ئەم مرۆڤە دەکەین وهیچ پەیوەندی بە ژیانی کەسایەتی مرۆڤێ نیە کە ئەحمەد کایا بووە و ئێمە چڕی لەسەر بەرهەمەکانی دەکەین و لەو کەناڵەوە دەیناسین و باسی دەکەین. من هەرگیز حەز بە پیاهەڵدانی کەسایەتی مرۆڤەکان ناکەم بەڵام ئەگەر لەم نووسینە وا بەدیاربکەوێت ئەوە تەنها شایستەی بەرهەمە هونەریەکانیەتی و بەس.
سازوئاوازی کایا؛
ئەم مرۆڤە دەنگ و ساز خۆشە، هەرکێ مێژووی ئەدەب و موزیکی کۆمەڵگای تورکیا بە کورد و تورک وئەرمەن وعەرەب و هەموو نەتەوەکانی تر بنوسێتەوە ناتوانێ باسی ئەحمەد کایا نەکات. ئەم دەنگە خۆشە تایبەتمەندە هەر دەنگی عیشق و جوانی و دابڕانی خۆشەویستان نەبوو بەڵکو دەنگێکی دلێرانە و ناڕازیە دژی زولم و زۆرداری، دژی نابەرابەری لە کۆمەڵگایەک کە ئیدعای ئازادی و دیموکراسی دەکات ، لە نیوەی هەشتاکان تا ساڵی دوو هەزار ئەم دەنگە بە ووشەی بەهێزی شاعیران و سازوئاوازی دەست ڕەنگینەکانی تورکیا بەردەوام بوو، هاواری کرد و بە زوڵالەوە بەبێ ترس و بەسەربەرزی ژیاو هەڕەشەی زۆری لێکراو و هێرشیان کردەسەر و زیندانی کرا و تۆمەتبارکرا بە پارچە پارچەکردنی ووڵات و دەربەردەرکرا بەڵام ئەم دەنگە بە سافی مایەوە وەکو ئاوی کانیاوەکانی سەرچیاکان و بە شکۆمەندی جەستەی مرد بەڵام ئەم سەدایە هەر زیندووە و نەوە بەنەوە شانازی پێوەدەکەن.
نەتەوەی کورد زۆرێک لە گۆرانی بێژی بەتوانا و موزیکی ژەنی تیاهەڵکەوتووە و بە زمانەکانی گەلانی باڵادەستی وەکو فارس و تورک و عەرەب دەرکەوتوون، کایا یەکێ لەوانەیە بەڵام میللەتی کورد هەقیەتی شانازی بەم مرۆڤە هونەرمەندە پرۆڤیشیناڵە بکات ئەگەرچی کورد بوونی کایا لە بیروهزر و دەوروونی ناسیونالی نەبوو بەڵکو لە بیر و هزرو دەروونی دژی ستەم و چەوسانەوە بوو. کایا ئامادەیی قوربانی بوو بۆ گەلی چەوساوە و هەردەم چقلێ بوو لە چاوی زۆرداران و هاواری دەکرد بە دەنگە زوڵالەکەی دژی ستەم و کەلەبچە و چەوسانەوە، حەسرەتم مەملکەتمیز نموونەیەک لە گۆرانیەکانی بوون. بەڵام هیوا بەرز بوو هەردەم باسی لە هەڵاتنی ڕۆژی نوێ دەکرد و دڵی دیاربەکری دەدایەوە دەیگۆت مەگری و جلی ڕەش مەپۆشە هەر بەیەک دەگەینەوە. مرۆڤێکی ساز خۆش و روح سووک و سادەو دەنگ بەهێز بوو، هەروەها شعرەکانی زۆر خۆش دەخوێندەوە و زۆر کاریگەرانە دەیلاواندنەوە. هەربۆیەش کایا هەروا لەگەڵ هەمووان دەژی و داهێنانەکانی هەردەم لە مێژووی موزیکی کوردی و تورکی هەر دەمێنێتەوە. روحە کوردیە سادەو سافەکەی موزیکی کوردی لە سەرەتای گۆرانی بەختیاردا بە ڕاشکاوی بەیان دەکات کە چەندە بەتوانایە لە حەیران و لاوکی کوردیدا یان لە گۆرانیە تاقانە کوردیەکەی کاروان دا کە هەموو هونەرەکەی بەیان دەکات کە لە چ ئاستێ دایە و هەر دەڵێی هەموو ژیانی گۆرانی کوردی چڕیووە. ئەم جگە لە گۆرانیە جیاجیاکانی هەردەم روحی ناوچەیی کوردەواری بەیان کردووە.
خاڵی وەرچەرخان؛
کاتێ دیاری مافی مرۆڤی بۆ هونەر وەرگرت، نەیتوانی بێ دەنگ بێ. خۆ هەموو کەس دەیانناسی و دەیانزانی کە لە نەتەوەی کوردە و خەڵکی مەلاتیایە. بەڵام ئەم زەنگە گرنگ بوو هاواری کرد من لەبەر ئەوەی کوردم گۆرانیەک بە کوردی دەڵێم و کلیپی دەکەم. کەسانێ هەن بۆم تۆماردەکەن و بڵاوی دەکەنەوە، ووتیشی ئەوانەشی کە بڵاوناکەنەوە ئەوە دەبێ بەرامبەر مێژووی کورد وەڵامێ بدەنەوە.
نەک دەسەڵات و پۆلیس و دام و دەزگاکان بەڵکو هەموو هونەرمەندە ناسیونالیستە کورتەباڵاکان لێ هاتنە دەنگ و مارشی تورکیان ووتەوەو بە چەنگال و چەقۆ و کێک هێرشیان کردە سەر خۆی و ئۆتۆمۆبیلەکەی. کایا ناچار کرا تورکیا جێ بهێلێ و مەحکەمەیەکی بۆ دروستکرا کە گوایە داوای پارچە پارچە بوونی تورکیا دەکات و پشتیوانی پەکەکە دەکات،( ئەم تاوانانە لە ئەنجامی ئاهەنگێکی کایاوە هات دوای ئەوەی لە ئەلمانیا هاواری کرد دژی شەڕ و بژی ئاشتی بۆ تورکیا و وەستانی ئەم خوێن ڕشتنە). دواتریش لە مانشێتی ڕۆژنامە ناسیونالیست و ئەلترا ناسیونالیستەکان سەدان قسەی ناشیرین و تاوانیان بۆ کایا هەڵبەست و بە شەرەفسز ناوزەدیان کرد بەڵام هەمووان دەزانن کێ شەرەفزس بوو، ئەحمەد کایا وەڵامی ئەمانەی هەموو دایە و ڕسوای کردن.
دەردی بێ ناسنامەیی؛
کاتێ ئەحمەد کایا لە فەرەنسا بوو ووتی ئێستا هەست دەکەم سەرمامە، نە سەرمای نەبوونی پێداویستی گەرم بوونەوە نا بەڵکو سەرمای بێ ووڵاتیمە. بەڵام ووتی پێیان خۆشبی و ناخۆشبێ هەر دەگەڕێمەوە تورکیا. هەروا گوتی ئەم بێ شەرەف و نامەردانە کە تۆمەتیان بۆ دروستکردووم دەبێ تاوانەکەی بدەن. بەڵام بەداخ و پەژارەی زۆرمەرگ ڕێگای بە کایا نەدا بگەڕێتەوە و لە گۆرستانی نەمران لە تەک قاسملو و یەلماز گۆنای و ئەوانی تر لە پاریس بە شکۆمەندی نێژرا بەڵام دەنگە بە سۆزەکەی ئێستا و تا دەورانێکی زۆریش نەوە بەنەوە لەگەڵ لاوانەوەکانی لەگەل ووشە خۆشەکانی شاعیری بەتوانا ئەحمەد عارف و نازم حیکمەت و یوسف هەیالئۆغلو و حەسەن حوسێن نامرن و فرمێسک لە چاوانی عاشقانی دەنگ و ووشەی ئازادی و یەکسانی دێنێتە خوارەوە.
بەرهەمەکانی کایا؛
ئەحمەد کایا هەر چەندە تەمەنی کورت بوو بەڵام بەرهەمی هونەری زۆری لە دوای خۆی جێهێشت و پەیامێکی بەرزی مرۆڤایەتی هەبوو، ئەو بە کورتی دژی زوڵم و ئەشکەنجە و کوشتن بوو، ئەو داوای ئازادی بۆ هەمووان دەکرد تەنانەت جارێ ووتی ئێمە بەرگریمان لەوانەش دەکرد کەلەچکیان دەویست لەسەر بنێن لە زانکۆکاندا ووتی بەڵام دوای ئەوانە خۆیان هاتنە سەرحوکم ئازادی مرۆڤی تر زەوت دەکەن.
ئەگەر گوێ لە گۆرانیەکانی بگری کە هەندێکیان لە هونراوەی خۆیەتی ئەوا بە زمانێکی سادە و مانایەکی قووڵ باس لە مەسەلەی ژیانی ئینسانەکان دەکات. تەنانەت جارێ ژنێکی بۆی دەنووسێ دەڵێت دەڵین تۆ کۆمۆنیستی بە هیوام وا نەبی بەڵام من تۆم خۆش دەوێ، خەڵکی تۆیان خۆش دەوێت کەواتە هەموو خەڵک کۆمۆنیستە. ئەم مرۆڤە سادەیە، ئینسان، زوڵم ، دیاربەکر، منداڵ، دایک، مەملەکەت، موزیک، کەلەبچە و باڵندە، ئازادی و یەکسانی پەنتاییەکی گەورەی لە هەموو گۆرانیەکانی گرتووە.
ئەحمەد کایا کاتێ لە گۆرانیەک باس لە دیاربەکر دەکات، لە دیاربەکر بە گوللەیەک پێکراوم لە هەرکوێ بێ ئەم گوللە دەناسمەوە کە هۆنراوەی هەیالئۆغلوە زۆر بە ڕوونی باس لە برینداری دیاربەکر دەکات وهەموو خەڵک دەزانێ چی دەلێت و مەبەستی چیە. یان لە گۆرانیەکی تر بۆ دیاربەکردا دەڵێ دیاربەکر ئەترافندە تانکلارە ڤار، هیچ پێویست بە تەفسیر ناکات.
یان لە گۆرانی بەختیار چەند بە سادەیی دەڵێ تەنها تاوانی بەختیار خەڵکی دیاربەکربوو و سازی لێدەدا و سنگی شێرانە و پڕلە لاوک و حەیران بوو. هەر ئەوکاتیش هەموو تورکەکان دەیانزانی کایا کوردە و هیچ پێویستی بەوە نەبوو بلێ من کوردم، بەڵام ئەم کاتەی کە کایا ووتی من کوردم فازێکی لە ژیان و موزیکی کوردی لە تورکیا بڕی و دەروازەیەکی تری کردەوەو ترس و خۆفی لادا و موزیکی کوردی لە ژێر دەست و سەرکوتی دەرهێنا، بەڵام قوربانی بە خۆیدا. ئەحمەد کایا قومبەلەیەکی تەقاندەوەو هونەر و موزیکی کوردی لە سەرکوت و نهێنی بوون و یاساغی ئازاد کرد. ئەمە کاری هونەرمەندی شۆڕشگێرە کە تەکانێ بە کۆمەڵگا بدات و لە فازێ بۆ فازێکی تری ببات.
ئێستا کار بەمە گەیشت کەسانی وەک بڵند ئەرسۆی گۆرانی ئاگر کەتیە دلی من لەگەڵ عزەت یلدزخان بڵێتەوەو تۆماربکات. کە لە دەورانێ ئەمە هەرگیز بەبیری کەس نەدەهات.
لە ئاهەنگێکی کوردیدا لە ئەوروپا ووتی ئیمە هەر کوردین وتا دوای کوردین و وەڵاهی بیری ئاپۆی دەکەین، داوای ئاشتی دەکەین و ئێمە دۆستی ئێوەین. ئەم پەیامەی کایا پەیامێکی ئاشتی و بەیەکەوە ژیان بوو لەگەڵ هەمووان.
لە گۆرانی ئولورەم کارداش دا زۆر بە ڕاشکاوی باس لە زیندانی ناڕازیەکان دەکات، یان لە گۆرانی دومان کالردا وێنەی ڕەزالەتیەکان دووبارە دەکاتەوە.
کایا دەنگێکی بەسۆز و قوربانیەکی بەردەوام بوو، مرۆڤێکی دەم بە پێکەنین و ڕووخۆش بوو، بەڵام پتەو بەهێز وبە بیروباوەڕ بوو. کاتێ شعرەکانی ئەحمەد عارف یان یوسف هەیاڵئۆغلو دەخوێنێتەوە بە موزیک و بە بەدەنگ دونیای خەیاڵی ئەم مرۆڤە ئەوەندە بەهێزە لە گۆرانی سوبحی بیر ئەجایب ئادەم دا مرۆڤ دەزانی چ موزیک سازێکی پرۆفیشنال و بە توانایە. زۆر جوان گۆرانیەکە دەچرێ دەڵێ سوبحی بیر عەجایب ئادەم _ بیر جەیبندە دەس کاپیتال هتد. وینای شعری و دەنگ و ئاوازەکەی هەموو چیرۆک و مێژووی کۆمۆنیستی لە تورکیا دا بەیان دەکات.
ئەحمەد کایا زۆر چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی و ڕۆژنامەوانی ئەنجام داوە، لە هەموویان بەرگری لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکات، دژی زوڵم و نا یەکسانی. لە چاوپێکەوتنێ یەکێ لێ دەپرسی بۆ پێت ناخۆشە تیرۆریستی پەکەکە بکوژرێن، لە وەڵامدا دەڵێ من پێم ناخۆشە عەسکەر یان گریلا یان هەر مرۆڤێ بکوژرێ تەنانەت کەسێ بە کارەساتی هاتوچۆش بمرێ.
ئەحمەد کایا زۆر گۆڕانی جۆراوجۆر و بە موزیکی جۆراوجۆر چڕیووە، تەنانەت لە گۆرانیە کوردیە فۆلکلۆریەکانیش سیمایەکی تری بە گۆرانیەکان داوە، بەنموونە لە کە گۆرانیەکی فۆلکلۆری کوردی هەیە کە بە سەبریێ هەی سەبرێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشور ناسراوە ئەحمەد کایا گۆڕیویەتی بۆ دەرسیم دۆرت داغ ئیچندە و دەڵێ دەرسیملەر هەی دەرسیملەر و ئازارەکانی دەرسمیەکان بەیان دەکات.
یان لە گۆرانی کەدەڵین ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە زۆر بە شێوەیەکی هێواش و نەرم ئەم گۆرانیە دەچڕێ، لە هەموو مەیدانەکاندا و لە موزیکی جیاجیا دا دەست و پەنجەی ئەم هونەرمەندە نەمرە دیارە.
هەقی خۆیەتی میللەتی کورد شانازی بە نەوەیەکی وا جەسوور و هەست ناسک و بە بیروباوەڕ بەهیز بکات، ووشەکانی شاعیرانی بەتوانای تورکیە و کوردیش هەوێنی گۆرانی و موزیکی ئەو بوون. ئەو پەیوەندیە خێزانیەی لەگەل یوسف هەیالئۆغلۆ هەیبوو زیاتر بوون لە گۆرانیەکانی تا پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکەی. یوسف فرمێسک لە چاوی دڵڕەقترین مرۆڤ دێنێتە خوار کاتێ هۆنراوەی ئۆغلان رەزا یان ئەسپی کەحیلی خۆی دەخوێندەوە، ئەگەر شێرکۆ بێکەس وەک ئەو توانای خوێندنەوەی شعرەکانی خۆی هەبێ. لە هەمووی گرنگتر یوسفی نەمر هەرگیز کاغەزی بەکار نەدێنا کاتێ کە هۆنراوەکانی خۆی دەخوێندەوە و موزیک و شێلگیری لە شکل و شێوەی ئەم هۆنەرە بەرزە زۆر بە ئاسانی بەدی دەکران. کایا لەگەل ئەو تەواوکەری یەک بوون. تەمەن و کات لەسەر کەس ناوەستێ و گەل یش نەوەی وا بەرهەم دێنێ هەر جارێ بەجۆرێ تواناکان بەدەردەکەون. جێ باسە یوسف هەیالئۆغلو ڕاستە هەموو شعرەکانی بە زمانی تورکی نوسیەوە بەڵام ئەم شاعیرە بەتوانایە لە ئیش و ئازار و مێژوو دا زۆر زیرەکانە باسی ڕەزالەتیەکانی نەتەوەی کورد دەکات، هونراوەی گۆرانی بەختیاریش هەر ئەو نووسیوویەتی.
لە گۆرانی پێم نەگوتی حەیدەردا باس لە کۆچی مرۆڤەکان دەکات لە گوندەکانەوە بۆ ئەستەمبۆل، زۆر سادە دەڵێ کەوی سەرچیابووین و ئێستا بووین بە قەڵوداڵاش و ئەستەمبۆل مرۆ هەڵدەڵوشی و لە شەوە بێشەرەفەکاندا مرۆ دەفرۆشێن و بووین بە مەزەی سەرمێێزی ڕاکی..هتد.
گۆرانیەکانی کایا هەموو کەس دەزانێ باس لە چی دەکات، کاتێ مرۆڤ گوێ لە ئازارەکانی دەگرێ و پرۆفشینالە موزیکەکەی یان بە سازە سادەکەی دەست بە چڕین دەکات، لە گۆرانی قەراردان زۆر زەحمەتە باس لە مەڵاتیا دەکات باس لە ڕۆشەنی ڕێگاکانی دەکات بەڵام دوژمنان لە بۆسەدان و ئەویش دەڵێ بۆ ئەوە دەژین تا بمرین. لە کاتی هەر گۆرانیەکی سۆزیشدا ئەوە هەر باس لە عیشق و ئازارەکانی دەکات، بەنموونە لە گۆڕانی سۆزە نیە گەلمادی دا باس لە چاوەڕیی دەکات وسۆزە ئەویش کاری کردووە و شەویش هەر چاوەڕوان بووە هەر نەهاتووە. ئەم چاوەڕوانیە نموونەیەکی زیندووی ژیانی پڕ حەسرەتی ئەم دەورانەیە.
هۆنراوەی سەن ئینسان سز دەلالەت لە مرۆڤایەتی و دەنگی کایا دەکات. یان ئێوە چوزانن یان هەر گۆرانیەکی دەگری پڕن لە دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر نەبوونی و ئەشکەنجە و ئاوارەیی و نەگبەتی لەلایەکی تریش هەمووی ڕۆژهەڵات وهیوا و ئاوات و بەیەک گەیشتنە. هیوا لە کایا نابڕێتەوەو گەش بینە بە ئازادی و یەکسانی مرۆڤەکان.
لە گۆڕانی بەنی بول ئەننە، دیمەنی جوانی فرمێسکی دایک و خەونی زیندانیەک دەگێرێتەوە ئەم گۆرانیەی لەگەل سیلدا دا تۆمارکردووە.خۆ گۆرانی کاروانی کوردیەکەی خەیاڵاوی کایامان بۆ بەیان دەکات و دەنگ و ئاوازێکی کوردی خۆش لە دەنگێکی پڕ حەسرەت دەنگ دەداتەوە. هەر دەڵێی هەر بە کوردی گۆرانی گووتووە و ئەوەندە بەتوانایە لە ووتنی گۆرانیەکەدا کە وێنەیەکی جوانی گۆرانی و موزیکی کوردی نیشان دەدات بە کوالیتاتێکی بەرز.
لە ئاوازی گۆرانیەکانیدا موزیکی جۆراوجۆری بەکار هێناوە، هەر لە موزیکی سونەتی کوردی_تورکی بە مەقامەکانی بەیات و حجاز تا دەگاتە حوسێنیات. لە هەمان کات بە باس گیتار و موزیکی رۆک گۆرانی خۆشی هەن، لەگەڵ خوێندنەوەو ووتار و تێکەڵاوی گۆرانی دا وەستایەکی بلیمەت بوو.
لە گۆرانی ئوچوون قوشلار ئوچوون دا بە ئاشکرا دەڵێ بفرن باڵندەکان بفڕن لێرە هەوا نیە ئێستا لە چیاکاندا گوڵی مۆر هەن ئەمە یەک دەلالەتی سادە دەکات کە جەنجاڵی ژیانی سەرمایەداری لە شارەکان ژینگەی نەهێشتۆتەوە بۆ باڵندەش، تەنها لە جیاکاندا خۆشی سروشت هەیە و وەفاداری ماوە.
هەرچەند باسی ئەم هونەرمەندە و گۆرانیەکانی بکەین تەواو نابێ، بەکورتی ئەحمەد کایا نەوەی دەورانێکی ناڕازیەتییە دژی ستەم و چەوسانەوە، مرۆڤێکە دژی ناعەدالەتی تا دوا هەناسە لە جەنگدا بوو، کایا توانی دەورانێکی گرنگ لە ژیانی هونەری کوردی لە تورکیا بپێچتەوە و دەورانێکی نوێ دەست پێبکات، کە ئەویش لە سەرکوت و یاساغی بووە هونەرێکی ئازاد و پان و بەرین و بەتوانا هاتەوە مەیدان کە سنوورە دەستکردەکانی لە نێو برد. بەرهەمی خەباتی کایا نەوەکانی ئایندەی گەلی کورد لە دیاربەکر و مەلاتیا و ئەستەمبۆل لێی دەخۆن. تا دەورانێکی تریش دەنگ و سەدای کایا هەر دەمێنێتەوە عاشقان گوێ لە دەنگی دەگرن و سۆزە نیە گەلمادی هەر دەمێنێ و چاوەڕوانی عاشقانیش خۆشیەکەی هەر دەمێنێ ونەوە بەنەوە بۆیەک لە چاوەڕوانی دەبن. یادت بەرز وبەڕێز بێ ئەی مرۆڤی دەنگ خۆش و ساز و ئاواز ساف و ناڕازی و دژی ستەم، ئەی هیوا بەخشی ئازادی و یەکسانی پەیامی ئینسانی بەرز. شایانی باسە زۆرێ لە گۆرانیەکانی کایە وەرگێردراونەتە سەر زمانی عەرەبی و فارسی و کوردی و ئینگلیزی و ئەلمانی و فەرەنسی و چەندین زمانی تر.
ڕێزلێنانی ئەم دواییانە
لەم دواییانە لە کۆشکی کۆماری تورکیا خێزانەکەی خەڵاتکران، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەوانەی هۆکاری مردنی کایە بوون ئێستا خۆیان خەڵاتی دەکەن ئایا ئەگەر خۆی لە ژیان بمایا کایا ئەم مرۆڤە هونەر بەرزە سەری بۆ مەدالیای پان ئیسلامیزم ئاکپارتسی و عەبدوللا گویل نەوی دەکرد؟. ئێستا نازانین چۆن دەبوو بەڵام لێمان ڕوونە کە مێژووی هونەری کایا زۆر بەرزترە لە زەینی ڕەنجدەران و عاشقانی گەلانی تورکیا لە دەسەڵاتی ئێستای و هەردەم بەسەربەرزی دەمێنێتەوە باشترین بەڵگەش تا ئێستاش هەموو ئەلبومەکانی زۆرترین کڕیاریان هەیە. ئەمەش مانایەکی زۆری هەیە و توانایی و سەلیقەی بەسۆزی ئەم هونەرمەندە نیشان دەدەن.
یادت بەرز و بەڕێز بێت دایکی شەهیدان و عاشقانی دڵسووتاو بیرت دەکەن، بیری ئەم دەنگە زوڵالە وئاوازە بە جۆش و خرۆش و ساف و سادەیە دەکەن بیری مەگری و گیدەرم و دیاربکرو سۆزە و دۆستم و بەختیار و دەرسیم و مەڵاتیا و سوبحی بیر عەجایب ئادەم دەکەن، خەڵکی کورد زمانیش بە هیوای گۆرانی دووەم بوون دوای کاروان وەڵلاهی خەڵکی چەوساوەو عاشق لە تورکیا بیری تۆ دەکەن. مزگێنییش دیاربەکر وا خەریکە برینەکانی سارێژ دەبێ و مژدەی ڕۆژهەڵاتنی نزیکە.