دهستهی مافی مرۆڤی ههرێمی كوردستان راپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە ڕەوشی بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕەوشەکە بەرەو خراپبوون ڕۆیشتووە.
محەمەد گۆمەشینی، بەرپرسى دهستهی مافی مرۆڤی ههرێمی كوردستان ڕایگەیاند “لهو ماوەیەدا لهپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ١٢٣ حاڵەتی کوشتن و سوتان و ٢٨ حاڵهتی خۆكوشتن و خۆسوتاندن و ٦٥ حاڵهتی توندوتیژی سێكسی و زیاتر لە سێ هەزار سكاڵا تۆماركراون، پارێزگاى هەولێر زۆرترین پشکى بەردەکەوێت”.
جگە لە راپۆرتەکەی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا ٢٠٠ هاووڵاتی سکاڵایان لە لای لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە، سۆران عومەر سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستانیش باس لەوە دەکات کە زۆریەنەی پێشێلکاریەکان لە شاری هەولێرو لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ئەنجامدراون.
بەپێى یاساى ژمارە چوارى ساڵی ٢٠١٤ ، دەسەڵات دراوەتە دەستەی مافی مرۆڤى هەرێمى کوردستان کە چاودێری ڕەوشى مافەکانى مرۆڤ بکات و بەدواداچوون بکات بۆ ئەو پێشێلکاری و توندوتیژیانەی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدەدرێن.