مونا حوسەین ژۆرناڵیست و چالاکەوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە عێراق و خەڵکی شاری بەغدادیە ئەم گفتوگۆیەی لەگەڵ سامان کریم هەڵسوڕاوی بواری یەکسانی ژنا و پیاو ئەنجامداوە، لێرەدا و لە بەر پێویستی ئەم باسە و تێگەیشتنێکی نادروست کە لەبارەی یەکسانیەوە هەیە لە ئاستی بزوتنەوەکەدا، هەروەها یەکسانی یاسای نێوان ژن و پیاو، دەقەکەی وەکو خۆی و بە زمانی کوردی بڵاودەکەینەوە ..
مونا حوسەین: هەندێك دەماغی بچوک، چەمکی یەکسانی وانیشان دەدەن کە بریتی بێت لە پێشبرکێی گێمی یاریەکانی بۆکسێن و نمایشی لەش جوانی. لەمبارەوە پشت دەبەستن بە هەیکەلی بایەلۆجی ئینسان، چ نێر و چ مێ، دەیانەوێت کە مەسەلەکە بەرەو سیستەمی دارستان کێش بکەن، کە لەسەر پرنسیبی دەسەڵات بۆ بەهێزترین دامەزراوە، ئەوەیان بیر چۆتەوە کە یەکسانی لەگەل ناشتنی یەکەم تۆودا دەست پێدەکات. مەبەستم ئەوەیە ژن وپیاو لە پرۆسەیەکی بایەلۆجیەوە پێکهاتون و لەهەمان جێگەو هەمان کاتی دیاریکراو دا دەمێننەوەو، لە هەمان پرۆسەدا لەدایک دەبن بە هەمان هەست و بۆدییەوە. بەلام جیاوازییەکی بچوکی بایەلۆجی هەیە، ئەویش سروشت سەپاندویەتی، کە ئەوەش کۆمەلگای بەشەری بۆ درێژەدان و مانەوەی خۆی پێویستی پێی هەیە. هەروەها هەندێک هەن کە دەیانەوێت لە ناوەرۆکی یەکسانی کەمبکەنەوە، پروپاگەندە بۆ یەکسانی دەکەن کە گوایایە “فیفتی فیفتی”یە یان نیوەی حسابی یە بۆ ژن وپیاو لە ئەرک “وەزیفە” و پۆستە کاندا. هەروەها بانگخوازە دینیەکان و پەیڕەوانی خێڵ و عەشیرەت وپارێزەرانی دەسەڵاتی پیاوسالاری و بزوتنەوەی ناسیونالیزمی عەرەب وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی، یەکسانی بە ئیباحیەت و هەڵوەشانەوە “ئینحلال” لێک دەچوێنن. چەمکی یەکسانی چی یە؟ پشت بە چ پێشینەیەکی مێژوویی دەبەستێت؟
سامان کەریم: پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان “یەکسانی” و “یەکسانی نێوان ژن و پیاو” دا. مێژووی یەکسانی بەقەدەر تەمەنی مێژوو خۆیەتی، یەکسانی بۆتە وتەزەد “مەقولە” و خواستێکی پیرۆزی جەماوەری چەوساوە لە مێژوودا. ناوەرۆکی ئەم وتەزەدە بەپێێ قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو گۆرانی بەسەردا هاتووە. لە قۆناغی کۆیلایەتی دا یەکسانی بریتی بووە لە ئازادبوون لە کۆیلایەتی. بەڵام لە قۆناغێ ئێستاماندا، کە تیایدا سەرمایەداری زاڵ و بۆگەن بووە لە ئاستی جیهانیدا و دوا ئەنجامێک کە چینی بورژوایی و بزوتنەوەکانی پێی گەیشتوون سەبارەت بە یەکسانی، یەکسانی یە لەبەرانبەر یاسادا کە داهێنەرەکەی بزوتنەوەی لیبڕاڵیزمە. بەم مانایە یەکسانی داتەکێنراوە لە ناوەرۆکی بابەتیانەیی و تا ئاستی لایەنی یاسایی هێنراوەتە خوارەوە. بەڵام تەنانەت لەم چوارچێوە یاساییەشدا، یەکسانی بەشێوەیەکی واقعی لە هیچ ووڵاتێک لە ووڵاتانی دونیا پیادەناکرێت. بواری ئەوەش نیە کە یەکسانی یاسایی لەنێوان سەرمایەداران و کرێکاراندا، لە سایەی سیستەمی چینایەتی ئێستادا جێبەجێ بکرێت. بەڵام تا ئەوەندەی بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەگەڕێتەوە لە هەلومەرجی ئێستادا، بۆتە مۆدێلێک و تەنانەت بزووتنەوە ئیسلامیەکانیش باسی یەکسانی ژن و پیاو دەکەن، کە نەک دوورن لێێ بەڵکو دژن لەگەڵی دا.
بە ڕادەی ئەو ڕەواجە زۆرەی کە یەکسانی پەیدایکردوە، و لەلایەن هەموو بزووتنەوە سیاسیەکانەوە ڕووپۆش دەکرێت، بەهەمان ڕادە و ئاست ڕیسواکراوە و بچووککراوەتەوە و قەتیسکراوەتەوە لە هەندێک چەمک و مانای شێواو و ئەخلاقی و یاسایی دا. یەکسانی یەک کە من باوەڕم پێی هەیە: “یەکسانی، نە تەنها لەبەرامبەر یاسادا، بەڵکو لە بەهرەمەندبوون لە ئیمکاناتە ماددی و مەعنەویەکانی کۆمەڵگە. یەکسانی پلە و بەهای هەمووان لە بەرامبەر کۆمەڵگە”. ئەم دەقە لە دنیایەکی باشتر، بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق دا هاتوە. تەوەرە و ناوەرۆکی تێڕوانینیم ئەوەیە کە ئینسان دابەش ناکرێت بۆ دووبەش بەپێی رەگەزی یان بە هۆی :نێر” و ” مێ” بوونیەوە. کاتێک کە باسی ئینسان دەکەین باسی بوونەوەرێکی کۆمەلایەتی دەکەین کە هیوا و ئارەزوو و ئومێد و ئامانجی هەیە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لە سیاسەتەوە تا ئابوری و تا دەگاتە پەیوەندییە کۆمەلایەتیەکان. بەپێی ئەم تێڕوانینە یەکسانی مانای ئەوەیە کە: ژن و پیاو یەکسانن لە بوار و مەیدانی سیاسی دا(مەبەستم ڕێژەی ژمارەیی نیە لە پەرلەمانەکاندا)، لە ئاستی ئابوری دا؛ مانای بەهرەمەند بوونی وەک یەکو یەکسانە لە گشت سەروەت و سامانی کۆمەڵگا ، یەکسان بێت لە هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیانی دا و شێوە و جۆری ئەو هاوبەشی یە. هەروەها یەکسان بێت لە جیابوونەوە لە گەڵ هاوبەشی ژیانی دا بەشێوەیەک کە خۆی پێی گونجاوە، بەهرەمەند بوون لە دەست ڕاگەیشتن بە هەموو بەڵگەو بەڵگەنامەیەک کە پەیوەندی هەیە بە کاروباری کۆمەڵگا و بەڕێوەبردنی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و سەربازی یەوە….. ئەوە بۆچونی منە لە سەر یەکسانی. ئەم بابەتە لە ناوەڕۆکی خۆی بەتەواوی داتەکێنراوە بەپێ ی بەرژەوەندی بزوتنەوە سیاسیەکان.
ناوەرۆکی یەکسانی یاسایی لە کۆمەڵگا ئەوروپیەکاندا، ئەو کۆمەڵگایانەی کە لانکەی دیموکراسی و لیبرالیزم و فیمینیزم بوون، ناوەرۆکێکی کۆمەلایەتی زیاتری هەیە، هەموو بوارەکانی کۆمەڵ دەگرێتەوە. بەڵام تەنانەت لەم بوارەشدا، کاتێک باسی یەکسانی دەکەین لە نێوان دوو پیاودا لە سیستەمی سەرمایەداری دا، پیاوێکی سەرمایەدارو یەکێکی کرێکار، ئەوکات دەبینین کە ئەو یەکسانی یە یاسایی یە، قسەیەکی پووچ و بێ مانایە، بڵقێکە و لە هەموو دەورەیەکی پەرلەمانیدا دەتەقێ، یان ڕاکردنی سەرمایەداران لە زەریبە وەک نمونەیەک، یان دەستڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی دەوڵەت و بانکەکان و بەڵگە نامەکانی دەوڵەت یان دەستڕاگەیشتن بە میدیا. لە ڕۆژئاوادا کریکارێکی پیاو دەستی ڕاناگات بە میدیا، بەهۆی لاوازی توانایی ماددی یەوە، وە ناتوانێت خۆی بپالێویت بۆ سەرۆکایەتی و تەنانەت بۆ پەرلەمان بەهۆی کەمی توانای ئابورییەوە… حالەتەکان زۆرن. ئەو “یەکسانی” یە بورژوازییەی کە وەک یاسا لە مەیدانە جیاوازەکاندا دارێژراوە لەو کۆمەڵگایانەدا و هاوکات لە عێراق و ووڵاتانی ئاسیایی و ڕۆژهەلاتی ناوەراستیش دا، ناوەرۆکێکی پوچ و بەتاڵی هەیە، وە داتەکێنراوە لە ناوەرۆکەکەی خۆی کە لە رۆژی لەدایک بوونی سەرمایەدارییەوە وەک سیستەمێک جەوهەر و ئامانجێکی کرێکاری هەیە. تێگەیشتنم بۆ یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو دا بەشێکە لەو هەوڵە ئینسانی یە بۆ ئازادبوون لە هەموو قەید و بەندە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و ئەخلاقیە کۆن و داڕزیوەکان. لێرەدا ئیتر یەکسانی جووت دەبێت لە گەڵ ئازادی دا و لێک جیانابنەوە. بەم پێ یە یەکسانی بە شێوەیەکی تەواو نایەتەدی، بەبێ لە ناوچونی چینەکان. یەکسانی خوازراو پێویست لە کۆمەلگای کۆمۆنیستی دا دێتە دی، لە ڕێگای شۆڕشی کرێکارییەوە.
سەرەڕای ئەوە، ئێمە لەسایەی ئەم نیزامەدا کە هەیە هەوڵ دەدەین کە یاسای یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا پیادەبکرێت، بەتایبەت لە عێراق کە ژن بۆتە کۆیلە بە مانای تەوای ووشەکە. دەکڕدرێت و دەفڕۆشرێت وەک هەر کاڵایەکی بازرگانی تر، چ ئەوکاتەی کە هاوسەرگیری دەکات لەگەڵ پیاودا، چونکە هاوسەرگیری ئێستا پرۆسەی کڕین و فرۆشتنە لە نێوان دوو لایەندا، لە مارەییەوە بگرە تا دەگاتە خوازبێنی لە خێزانەکەی و نیشانەکردنی. هەموو جۆرە جیاوازەکانی تری زەواجیش: زەواجی شەرعی “زەواج لە ڕیگای مەلاوە” ، مسیا ر”زەواجێکی کاتی یەو بێ ئەوەی ژن و پیاو یێکەوە بژین، لە ڕاستیدا ئەمە هەمان زەواجی موتعەیە کە لای مەزهەبی شیعی کاری پیدەکرێت”،” زەواجی ” مصیاف “: زەواجی هاوینە و تەنها زەواجی سەفەرە بە تەواوبونی سەفەرەکە زەواجەکەش تەواو دەبێت”، “متعە ” زەواجە و ناوەکەی بە ناوی خۆیەوەیەتی بۆ موتعەیەکی کاتییە لە سەعاتێکەوە تا ئەو کاتەی پیاوەکە پێی خۆشە، ئەمەیان تایبەتە بە مەزهەبی شیعی” و شێوە جیاوازەکانی تری زەواج وەک مصواب و مسفار…. هتد، هەموویان شێوازو ناوی جیاوازن و لە لایەن بزووتنەوە سیاسیی یە دەسەڵاتدارەکانەوە داهێنراون، بەمەبەستی بێ بەشکردنی ژن لە ئازادی و توندکردنەوەی زنجیرەکانی. ئێمە هەوڵی بەدیهێنانی یاسای یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەدەین لە ڕێگای خەباتی جەماوەرییەوە کە ژن و پیاو هاوبەشن تیایدا، و لەم ڕێگایەوە سەپاندنی بەسەر دەسەڵاتدا، ئەمە بەشێکە لە هەوڵ و خەباتی بەردەواممان. مەبەستم لە یاسای یەکسانی نێوان ژن و پیاو، ئەوەیە: یەکسانی یە لە هەموو مەیدانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەردی یەکاندا. ئەمە بە واتای گۆڕینی یاسای باری کەسێتی یە، بۆ یاسای یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە هەموو مەیدانەکاندا، لە بەخێوکردنی منداڵەوە تا یەکسان بوونیان لە شایەتیدا لە دادگا و تا یەکسان بونیان لە مافی میراتدا، هەورەها یەکسان بوونیان لە دیاریکردن و هەڵبژاردنی هاوسەری ژیان و ومافی جیابوونەوەشدا . بەم مانایە یاسای یەکسانی، مانای بەرزکردنەوەی پێگەو هەیبەت و ئۆتۆریتەی ژن و لابردنی پلە دوویی ئەوە لە کۆمەڵدا. لە عێراقی ئێستادا، ئەم مەسەلەیە بە ئامانج ناگات بەبێ ئازادکردنی دەوڵەت لە دین، واتە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و خوێندن و پەروەردە، وە ئەمە بەشێکە لە هەوڵی ئەو تێکۆشەرانەی خەبات دەکەن لە پێناو مافی هاووڵاتیبونی یەکسان، دەوڵەتی هاونیشتمانی، هەروەها سکولاریستەکانیش.
تەنانەت لە چوارچێوەی یەکسانی لە ئاستی یاساشدا، تەشویش و بەلاڕێدابردن هەیە. هەیە دەڵێت یەکسانی واتە یەکسانی ژمارەیی یە بە تەنها وا تە یەکسان بون لە ڕوووی ژمارەوە لە نێو پەرلەمان و لە کابینەی وەزیراندا، وە هەیە یەکسانی لە هاتووچۆ و چوونەدەرەوە لەماڵ بە ئازادی، و یان لە خواردنەوەو جل و بەرگ پۆشین دا دەبینێت، یان لە وەشاندنی بۆکسدا وەکو پیاو .. ئەم لێکدانەوانە هەمووی دەرکەوتەو ئەنجامی دیاردەی یاسای یەکسانی یە ، نەک یەکسانی خۆی. یەکسانی یاسایی بوارێکی زۆر لە وانە فراوانتری هەیە و لە هەمانکاتدا دیاردەیەکی دیکەیە، ئەگەر سەرنج بدەینە هەر یەک لەو دیاردانە بەتەنها. چونکە یەکسانی تەواوی ژن وپیاو لە باری یاساییەوە بە مانای پاککردنەوەی (نەک بنبڕکردن) کۆمەڵگایە لە نەریتی پیاوسالاری دواکەوتوو، وە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو یاساو ڕێسایانەی کە ڕیگرن لەبەردەم ئەم کارەدا. واتە ژن وەکو پیاوە لە هەموو کایە کۆمەڵایەتیەکانی ژیاندا، لە مافە فەردییەکانەوە بگرە تا سیاسی و ئابوری یەکان. ئەوەش مانای کرێی یەکسانە بەرانبەر کاری یەکسان بۆ ژن و پیاوی کرێکار یان فەرمانبەر یان مامۆستا و هتد …. وە یانی مافی خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکایەتی وڵات، سەرۆکایەتی وەزیران یان سەرۆکایەتی پەرلەمان. وە لە قۆناغی ئێستادا یانی هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو یاسایانەی کە دژایەتیان لەگەڵ چەمک و یاسای یەکسانی دا هەیە. لە یاسای باری کەسێتی و ئاڵوگۆڕەکانیەوە “تەعدیلات” بگرە تا قەدەغەکردنی کوشتنی ژنان لە ژێر هەر ناو و بیانوویەکدا بێت، وە قەدەغەکردنی لێدان و سوکایەتیکردن پێیان و ڕا گەیاندنی ئەوانە وەکو تاوانێک، وە سەیرکردنی وەک لێدانی پیاوێک لە پیاوێکی دیکە. لە عێراقدا ئەمە واتای دورخستنەوەی ملیشیاکانی ئیسلامی سیاسی یە لە ژیانی خەڵک. چونکە ژن کە بەندی نێو ماڵە، بەدەست دوو بابەتەوە دەناڵێنێت: یەکەمیان لەبەرئەوەی ژنە بە دەست بیرکردنەوە و نەخۆشی دەرونی و ئەو فشارە یاسایی و نەریتە پیاوسالارییە باوەکانە وە دەناڵێنێت،وە ئەمەیان ڕۆشنە. دووهەمیان بەدەست دەستدرێژی و توندوتیژی میلیشا و ئەحزاب و بزووتنەوەکانەوە دەنالێنێت کە خۆیان خزاندۆتە ناو تەواوی جومگەکانی ژیانەوە لە گەڕەگ و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکەوە بگرە تا دەزگا ڕەسمی و ناوەندەکانی خوێندن… توندوتیژی و پەلاماری ئەم میلیشیایانە بە یاسا نەنوسراوە، بەڵکو پشت بەستووە بەو نەریتە سیاسی وکۆمەڵایەتیانەی کە ئەو میلیشاو بزوتنەوانە هەڵیانگرتووە و سەپاندوویانە بەسەر کۆمەڵدا لە هەموو ناوچە یان شارێکدا کە ئەوان دەسەڵاتیان هەیە بە زەبری چەک و بە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن. بەم شێوەیە نەرتیە دواکەوتووەکانی دەسەپێنێت: قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەی ژن، سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ تەنانەت بەسەر منداڵاندا و زەواجی نا یاسایی، جیاکردنەوەی کوڕان و کچان لە قوتابخانە و زانکۆکاندا…. ئەمە جگە لەوەی سیستەمی یاسایی لە ووڵاتدا و بە تایبەتی ئەوەندەی پەیوەندی بە ژنەوە هەیە، سیستەمێکی هێجگار کۆنەپەرست وپشت بەستووە بە بیر و تێزە مێژووییە کۆنەکان.
بەبێ ئەم ئاڵوگۆڕە، واتە ئاڵوگۆڕێکی ڕێشەیی لە ئاستی دەوڵەتدا، ناتوانرێت خواستی یاسای یەکسانی بێتە دی، هەر وەک چۆن تەجروبەی مێژوویی ئەمەی نیشان داوە. ئەگەر سەرنج بدەینە ووڵاتانی عەرەبی لە سەردەمی شەستەکان و هەفتاکانی سەدەی ڕابوردوودا ، بەتایبەت میسرو لوبنان و عێراق وسوریا… کە ژن ئازادییەکی فراوانی هەیە، لە ئازادی سەفەرەوە بگرە تا ئازادی جل پۆشین و زەواجی مەدەنی و … تاد. بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ئەم ئازادیانە نەک لەئەنجامی خەباتی شۆرشگێرانەی جەماوەرەوە بەڵکو بەهۆی دەسەڵاتگرتنی بورژوازییەوە بوو وەک چینێک و پێویستی کاری ژنان لە مەیدانی ئابوری دا و بەم پێ یە پێویستیەکانی سەرمایە بۆ کاری ژنان و فەراهەمکردنی کەلەکەی سەرمایە و لەسەر بناغەی ئەوەش پتەوکردنی سیستەمی سەرمایەداری. هەر لە بەرئەوەیە ئێستا دەبینین کە هەموو ئەو مافانە زەوت دەکرێنەوە لەلایەن ئەو بزوتنەوانەوە کە ئەو سەردەمە بانگهێشەیان بۆ دەکرد. بە مانایەکی دیکە هەم کۆمەل و هەم ژنان تەنها توێکلی یەکسانیان وەرگرتبوو نەک کاکڵەکەی، تەنها توێکلێ تازەگەریان پێگەیشتبوو نەک ناوەرۆکەکەی.
ئەگەرێمەوە بۆ دوابەشی پرسیارەکەت، کە باس لەوە دەکات ئایا لە مەسەلەی یەکسانیدا، شوێـنێک یان بوارێک هەیە بۆ ئەباحیەت؟ ئایا یەکسانی ئەباحیە؟! بەلام پێمان بلێ ئەباحیەت چیە؟!
ئەباحیەت “پرونۆگرافی-pornography” (هەر فۆرم و بۆدیەکی ژن کە بەڕووتی لەش یان سێکس یان هەستێکی ورووژێنەر دروست بکات). ئەباحیەت لە ناوەرۆکدا مانای پێگەی نزم و پلە دووی ژنانە لە کۆمەلدا. چونکە مەبەست لە ئەباحیەت، لەشی ژنە، لەشی پیاو شتێکی ئەباحی تیا نیە. بۆچی پیاو لە ئەباحیەت دەردەکێشرێت، ئایا ئەباحیەت بەبێ پیاو دەکرێت؟! بێگومان نا. بۆیە چەمکی ئەباحی لە بناغەوە چەمکی ئەپارتایدی جنسی یە. لەگەڵ ئەوەدا ئەباحیەت پێشنیازی ئێمە نیە، وە پێشنیازی ئەوانە نی یە کە خواستی یەکسانیان هەیە، وە هی لیبرالەکانیش نی یە، بەڵکو هێجگار کۆنە وەک کۆنی مێژوو. ئێمە ئاشکرای دەکەین وە ڕایدەگەیەنین، ئەمە جیاوازی ئێمەیە لەگەڵ بزوتنەوە بورژواییە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسیۆنەکاندا. کێن ئەوانەی لە ئێستادا بازرگانی بە لەشی ژنەوە دەکەن؟ کێن ئەوانەی کە قاچاغچێتی بە ژنەوە دەکەن لە فلیبینەوە بۆ ئەوروپا، یا لە عێراقەوە بۆ ئەردەن و کەنداو، وە سوریا؟! رۆشنە ئەوەی کە دەسەڵات و پارەی هەیە، دەتوانێت بە جوملە بازرگانی بە ژنانەوە بکات. ئەوە ڕۆشنە کە سەرمایەداران لەم بازرگانیەدا ملیۆنەها وە ملیاردەها دۆلار قازانج دەکەن، لەئاستی جیهانیدا. وە پێویستە ئەوە وە بیر خوێنەران بهێنینەوە کە “ماچە گەرمەکان” و” سک پڕی پێش زەواج” و “نمایشە سێکسیەکان” کە دەیانبینین لە زنجیرە تورکی و مەکسیکی یان فیلمە میسری یە کۆن و تازەکان دا… هەموویان سەرمایەی سەرمایەدارانیان تێدا وەبەردەهێنرێت. وەبەرهێنان لە پیشەسازی فیلم دروستکردن و پەخشی کەنالی ئاسمانی دا بووە بە بەشێک لە ڕاگەیاندن و ڕیکلام …. ئەمە ئەو کارەیە کە هەموو سەرمایەدارەکان پیادەی دەکەن جا ئاڕاستەی سیاسیان ئیسلامی بێت یان قەومی عروبی یان قەومی فارسی…. سەرمایەدار پارەکەی وەبەردەهێنیت، وەکو ئەوەی لە مەیدانی بازرگانی یان پیشەسازی چیمەنتۆدا. سەرمایە ئەخلاقی نی یەو، هیچ شتێکی بۆ گرینگ نی یە جگە لە قازانجەکەی، وەقازانجەکەی گیان و نیشتیمان و موقەدەساتەکانیەتی.
بەلام ئایا یەکسانی ئەباحیەتە؟! بە ڕای من یەکسانی دوورە لەوەوە و پێچەوانەی ئەوە و مەسەلەیەکی دیکەیە. ئەباحیەت ئێستا لە عێراق و کەنداو و سوریا و میسر و لوبنان و ئێران هەیە، بەڵام یەکسانی لە و ووڵاتانەدا بونی نی یە!. بۆیە ئەوە بیانووە. بیانوویەکی کۆنەپەرستانەیە و ئامانجەکەی توندکردنەوەی پلە نزمی ژنە لە کۆمەڵدا و زەوتکردنی مافە فەردی و ئابورییەکانیەتی لە ئاستی کۆمەڵایەتی دا. وە ئەمە بەرژەوەندیە سیاسیەکەیەتی بۆ دابەشکردنی کۆمەڵ لەسەر بناغەی جنس، وە لەسەر بناغەی ئەو دابەشکردنە، لێدان لە یەکێتی چینی کرێکار و پێکهێنانی ڕێگری لە بەردەم یەکگرتووبوونی دا لەسەر پایەی جیاکاری جنسی.
کاتێک کە باس لەسەر یەکسانی نێوان ژن وپیاوە، باسە لەسەر ئینسان. یەکەم پرسیاری سەرەکی و گرینگ ئەوەیە ئایا ژن ئینسانە؟! سەبارەت بە وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، دوو ئاڕاستەی دژ بەیەک لە مێژوودا پێکهاتووە و لە ململانێەکی بەردەوامدان. چینە کۆمەلایەتیە جیاوازەکان، وەڵامی جیاوازیان سەبارەت بەم پرسیارە هەیە، جیاوازییەکەش بەپێی بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی یە. ئینسان دابەش ناکرێت بۆ بەشی جیاواز، ئینسان ناوەرۆکی سروشتی ئینسانیە و پیادەکردنی کرداری ئینسانیە بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئینسانیبونی خۆی. کاتێک دەڵێن ئینسان، مەبەست لە بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و لەشێکی فیزیکی و بەشەرێکە کە هیوا و ئامانج و ئارەزوی بێ سنوری هەیە. ئینسان دابەش ناکرێت بۆ جیاوازییە بایەلۆجیەکان، چونکە لە بواری بایەلۆجی دا، ئاژەلەکان لە گەڵ ئینساندا هاوبەشیان هەیە، ئەوکات پێویستە زانستی ئەناتۆمی “تشریح” بهێنینە نێو باسەکەمانەوە، ئەمەش باسێکی نا زانستی و نا لۆجیکە.
لە کۆتاییدا، لەئاستی مێژوویی دا بزوتنەوەی یەکسانیخوازی بە هەیبەت و هەیکەلی تەواوەی خۆیەوە لەسەر دەستی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، فۆرمی کۆتایی خۆی وەرگرت. هەموو ئەو باسانەی کە سەبارەت بە یەکسانی دەیخوێنینەوە پێش ئەو مێژووە کە لەلایەن لیبرالە کلاسیک و فێمینسیتە لێبرالەکانەوە نوسراوە هەمووی بچووککردنەوەو گرمۆلەکردنەوەی یەکسانی و لە قاڵبدانیەتی بەپێی بەرژەوەندی چینە دەسەڵاتدارەکان، و لە پێناو پاڵنانی ژنان بۆ کارکردن و فرۆشتنی هێزی کاریان بە هەرزانترین نرخ.
مونا حوسەین: من ژنم و دەمەوێت وەک ژن بمێنمەوە، بەڵام دەمەوێت بە شێوەیەکی ئازادو یەکسان بژیم. وە پێوسیتم بە ئینسانێکی پیاو هەیە کە لەگەڵی بژیم هاوبەش بین لە بیناکردنی کۆمەلایەتی و سیاسیدا. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە من نامەوێت ببم بە پیاو بەلام مافەکانی خۆم دەوێت وەکو ئینسانێک. لە قۆناغی ئێستادا بیروڕای وا دەرکەوتون کە ترسی گەورەیان هەیە لەسەر چەمکی یەکسانی. وا دەردەکەوێت کە ئەم بیرورایانە گەشەدەکەن و گەورەدەبن، بە هاوشانی ئەمە ئاراستە بۆچوونە ژنانیە فیمـینستیەکان دەیانەوێت ژن و پیاو لەیەکتر جیابکەنەوە، بەو بیانوە هەڵەیەی کە پیاو بە بەرپرسی یەکەم دەزانن لە چەوسانەوەی ژنان و هەوڵ دەدەن کە لە پێگەیەکی نزمی ئینسانی دا بێت. ئەوەی جێگای سەرنجە لە ئاڕاستەکانی ئیستادا، ئەوەیە کە بانگهێشتی یا جیابونەوە “لێک دابڕانی کۆمەڵایەتی”، یان پێکەوە ژیانێکی دوژمنکارانە دەکەن لەگەڵ پیاودا. ئەوەی کە دەمەوێت بیلێم ئەوەیە کە ئێمە وەک ژنان پێویستمان بەوە هەیە بە مێینەیی بمێنینەوە، وە پیاوەکانیش بە نێرینەیی بمێننەوە. ئەمە سروشتی بایەلۆجیمان و بەردەوامبوونی ژیانی ئینسانیمانە. وای لێهاتوە چەمکی یەکسانی گیرۆدەی ناڕرۆشنی و خراپ تێگەیشتن و لێکدانەوەی نابەجێ بۆتەوە تەنانەت لەلایەن ئەوانەوەی کە بانگەوازی یەکسانی دەکەن. چۆن دەتوانین هەڕەشەی ئەم بۆچوون و بیرکردنەوانە بۆ خودی ئەو کۆڕ و کۆمەڵ و کەمپینانە ڕۆشن بکەینەوە؟!
سامان کەریم: بە شێوەیەکی سادە باسەکە ئەوەیە کە هەر کۆمەڵە، ڕێکخراو یان هەر حزب و دەوڵەتێک… ئەگەر بڕیار لەسەر یەکسانی تەواو و ڕەهای ژن و پیاو نەدا، ئەوە ژن بە ئینسان دانانێت. سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیە، واتە مەسەلەی یەکسانی، بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان دەخاڵەت و چالاکیان کردووە: لە فیمینیزم و ناسیونال-فێمینیزم و لیبرال فێمینیزم ، سۆشیال فێمینیزم و ئیسلام فیمینیزم وجۆرەکانی ترەوە. ئەگەر سەرنج بدەینە ناوەرۆکی تێزو تێڕوانینیان، ئەوە دەگەینە دوو ئەنجام: یەکەمیان، ژن ئینسان نیە. دوەمیان:دابەشکردنی ئینسانە بەسەر ژن و پیاو دا وەک لای فێمینیستەکان و بەتایبەت لێبرالیەکانیان دەیبینین. لە حاڵیکدا کە حەقیقەت ئەوەیە کە ئینسان دابەش ناکرێت بە دووبەشەوە.
هەموو ئەم کۆمەڵانە وە من پێ یان دەڵێم بزووتنەوانە، بزووتنەوەی بورژوازی جۆراوجۆرن و لە قۆناغی سەرهەڵدانی سەرمایەداری دا دەرکەوتوون. کاتێک سەرنج دەدەینە فێمن لیبراڵەکان، کە لە لانکەی ئەو کۆمەڵگایانەدا گەشەی کردووەو پێگەیشتووە کە تیایاندا سەرمایەداری وەک سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەشەی کردووە، وەک بەریتانیا و ئەمەریکاو فەرەنسا…..بەواتایەکی تر کاتیک کە سەرمایەداری وەک سیستەمێکی چینایەتی پێویستی بە کاری ژنانە وەک پێداویستیەکی قازانجی سەرمایە و زێدەباییەکی زیاتر، ئەوکات ئەم پێداویستی یە ڕەنگ دەداتەوە لە مەیدانی بیرو هۆشمەندی و تێزەکاندا. وە بەم پێ یە دەرکەوتنی بزووتنەوە و ڕەوتی بورژوازی جیاواز لە مەیدانی مافەکانی ژناندا سەرهەڵدەدات. سەرەتای دەرکەوتنی ئەم تێزو بیرکردنەوانە لە سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەمدا لای بیریاران “جون ستورات میل” و” ئەلیزابیس کیندی” و ئەوانی تردا دەبینینەوە. ئەم بیرو ڕایانە و بەم پێیەش بزوتنەوە فیمنیستی یە پەرەسەندووەکان هەرگیز باوەڕیان بە یەکسانی نێوان ژن وپیاو نەبووە، بەڵکو لە زۆربەی کاتدا ناوەرۆک و ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە لە ئاستی کۆمەڵایەتی دا ئەوە بووە کە ژن “مافی هەیە وەک ئینسان”. بەڵام مافی ئینسان لە ڕوانگەی لیبرالیزمەوە، “مافی خاوەندارێتی یە” واتە مافی خاوەندارێتی تایبەتی. بەم پێیە و لێرەوە “مافی دەنگدان لە هەڵبژاردندا”، واتە گرمۆڵەکردنەوە و بچوکردنەوەی ئینسان تا ئاستی “تاک” ێک. بەڵام “تاک” بەمانای ئینسانی ئەبسلوت و داماڵراوە لە هەست و سۆز و هیوا و ئارەزوو وە ئامانجی ئینسانی. بۆیە لە ڕوانگەی لێبرالیزم و لیبرال فیمینستەکانەوە گۆڕین وکورتکردنەوەی گشت مافەکانی ئینسانە بۆ مافی “دەنگدان”. بەڵام لە سەرەتاوە نەک بۆ هەموو ژنان بەڵکو بۆ ئەو ژنانەی کە بەهرەمەندن لە “خاوەندارێتی تایبەت” و سەرمایە یان موڵک و زەویان هەیە….. ئەمە سەرەتای ئەو بزووتنەوەیەیە لە سەردەمی دەرکەوتن و گەشەکردنیدا.
ئەوە تێزە سەرەکیەکانی ئەو بزووتنەوەیە یە، لەگەڵ هەندێ هاوپێچی پوچەڵ و حەقیری فەلسەفی دا. کاتێک کە فەیلەسوفەکان پێشنیازی ئەوە دەکەن کە “ژن وەک پیاو عاقڵ نی یە” و پێویستە کە بواری خوێندن و دەست ڕاگەیشتنی بە زانست بۆ فەراهەم بکرێت. ئیتر ئەمە بە شێوەیەکی واقعی کۆنەپەرستی فەلسەفە نیشان دەدات لە قۆناغی ئێستادا. دوای ئەوەی کە عەقڵ پەیدا دەکات یان عاقل دەبێت، ئەوکات دەتوانێت کە ڕۆڵی خۆی لە کۆمەڵدا ببینێت. بەڵام ڕۆڵی خۆیان هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، کارکردنە لە خزمەتی سەرمایەدا بە کرێیەکی کەمتر لەبەرانبەر “مافی خاوەندارێتی” و “مافی دەنگدان” دا. بزووتنەوەی فیمینیستی بەمانا تایبەت و گشتی یەکەی بزووتنەوەیەکە بۆ لە قاڵبدانی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی لە چوارچێوەی ئەندێشەی بورژوازی ولە ژێر بەیداخی “مافەکانی ژناندا”. سەرەڕای ئەوە، ئەم بزوتنەوەیە چەندین ئاراستەی جیاوازی لە خۆگرتوە بەتایبەت لە قۆناغی جەنگی سارد دا و لە ڕوانگەی منەوە لە ژێر کاریگەرییەکانی شۆڕشی کرێکاری ڕوسیا و ئەلمانیا و خەباتی نەپساوەی بزووتنەوەی کرێکاری لە ئەوروپا و ئەمەریکا و شوێنەکانی تری دونیا ئەم بزوتنەوەیە بەرەو کۆمەلێک بابەتی گرینگ هەنگاوی ناوە کە لەبەرژەوەندی ژناندا بووە. لێرەدا تەنها ڕوویەک لەم ئاڕاستە و هەنگاوانە نیشان دەدەم کە ئەویش خواستی هەڵاواردنی ئەرێنی یە، “ئاپارتایدی پۆزەتیڤە”، یان ئاپارتایدە لە بەرژەوەندی ژنان لە پێناو ئەوەی بتوانن شان بە شانی گەشەکردن و ئاڵوگۆڕە جیهانیەکان لە هەموو ئاستەکاندا هەنگاو بنێن. بەم پێ یە و لە ڕوانگەی ئێمەوە، ئەم خواستە پاڵنەر و و خولیایەکی بەهێزە بۆ گەیشتن بە یاسای یەکسانی هەمەلایەنە لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداری دا.
بۆ ڕووبەڕووونەی ئەم بزووتنەوە و ڕەوتە جیاوازانە، لەسەر بزووتنەوەی ژنان و کۆمۆنیزمی کرێکاریی پێویستە کە لەباری تیورییەوە سەبارەت بەم ڕەوتانە خۆیان چەکدار بکەن بە ئاستێکی گونجاو، بۆ ئەوەی بتوانن لەسەرەتاوە لە مەیدانی تیوری دا ململانێیان لەگەڵ بکەن و هەروەها بتوانن نەخشەکارێکی سیاسی پراتیکی گونجاو بۆ ڕووبەڕوبوونەوەیان ئامادەبکەن. لێرەدا دەمەوێت کە فۆکەس بخەمە سەر بابەتێکی گرینگ، ئەویش چەمکی “ژن” بوونە، بەڵام لە سایەی ببێەش بوونی ژن لەمافەکانیان، وای لێهاتووە ئەم بابەتە وەک مەسەلەیەکی سروشتی و ئەزەلی بێتە بەرچاو.
بەڵام “چەمکی ژن” چەمکێکی مێژووییە. “من ژنم” و ” ئەو پیاوە” لە مێژوەوە وەرمان گرتوە و بۆمان هاتووە. بۆچی ژن ژنەو پیاو پیاوە؟! ئەو دوو چەمکە جیاوازن و بارو ئاستێکی ئینسانی وەک یەک نیشان نادەن. ژن چەمکێکە کە ئاماژەیە بە زەوتکردنی ئینسانیەتی، پێش ئەوەی ئاماژە بێت بە لەشێکی بایەلۆجی. بە واتایەکی تر کاتێک یاسا دادەنرێت یان کاتێک کە خەڵک دەڵێن “ژن” تەنها مەبەستیان ئەوە نی یە کە لەباری جنسی و لەشەوە لە پیاو جیایان بکەنەوە، بەڵکو زیاتر مەبەستیان پێگەی نزمی ژنە لە کۆمەڵدا. هەروەها ئەمە سەبارەت بە لایەنی بایەلۆجیش ڕاستە. لایەنی بایەلۆجی ئینسان پێکهاتوو و پێگەیشتویەکی مێژووی یە. ئینسانی ئێستا جیاوازییەکی گەورەی هەیە لە گەڵ ئینسانە سەرەتاییەکان لە بوارەکانی فۆرم و پێکهاتە و گەشەی عەقڵ و ئاڵوگۆڕیک کە بەسەر شانە و پێکهاتە “ئەنسجە” کەی دا هاتوە… دەتوانین بە ئاسانی درک بەوە بکەین لە زانستەوە لە ڕێگای تیوری داروین و زانستی ئەندازەی بۆماوەیی “هندسة وراثیة” و زانستی جینەکانەوە. وە دەتوانین ئەو جیاوازی یە بایەلۆجیانە ببینین لەنێو پیاوان خۆیاندا و لە نێو ژنان خۆیاندا بەپێی مەیدانی کاریان، ئەمە دیاردە و مەسەلەیەکی سروشتییە بەپێی دابەشکردنی کار و بەتایبەت ئەگەر لە مەودایەکی مێژوویی فراواندا سەیری بکەین. بۆیە چەمکەکانی “ژن و پیاو” لە “نەبون و بەهۆی نەبونەوە و بۆ نەبون” بەپێی لۆجیکی هیگل نەهاتوون، بەڵکو بەپێی هەلومەرجی مێژوویی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیە زاڵەکانەوە بە درێژایی میژوو فۆرمۆلە بوون.
کاتێک ئەمڕۆ باسی “ژن” دەکەین لەچوارچێوەی بۆگەنبوون و کۆنەپەرستی و زەوتکردنی ئیرادەی ئینساندا لە سایەی ئەوپەڕی گەشەی سەرمایەداری دا، ژن دەبێتە لەشێکی ڕووت، دەبێتە کاڵایەک بۆ لەزەت لێکردن و سەرگەرمکردن “ئێنتەرتەینمێنت”. هەموو شتێکی ژن؛ لەشی، جلوبەرگی، مکیاژ و لێوەکانی، برۆکانی، جلوبەرگی ژێرەوە و مۆدیلە جیاوازەکانی، ئیکسسواراتی…. هەمووی بۆتە کاڵا و مادەی سەرگەرمکردن و ریکلام. سەرمایەداری ئەم ئینسانەی کردۆتە کاڵایەک کە زۆرترین قازانجی لێ دەخوات. ئەوە حەقیقەتەکەیە. بە درێژایی هەموو قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو، هیچ کاتێک پێگەی ژن لەم ئاستە نزمەدا نەبووە، هیچ کاتێک تێروانینێکی وا قێزوەن و حەقیرانە زاڵ نەبووە بەرانبەر بە ژن. لە سەردەمی کۆن وکاتێک دەگەڕێینەوە بۆ میزوبوتامیا یان ووڵاتی رافیدەین لە سەردەمی حوکمڕانی ئەکەدی و سۆمەری یەکاندا و بە دیاریکراوی لە سەردەمی حوکمڕانی حامورابی دا دەبینین کە ژن پێگەی خۆی هەبووە، بۆ نمونە: “شایەتیەکەی یەکسان بوە بە شایەتی پیاو لە دادگادا”، “پیاو بۆی هەبووە تەنها یەک ژن بهێنێت و بەپێی گرێ بەستێکی نوسراو” … تا دەگاتە فرعەونەکانی میسر و “کیلوباترا”کەیان. لە گریکی کۆن ژمارەیەکی بەرچاو لە خواوەندی ژن دەبینین. بەڵام ئەمڕۆ هیچ قەدیسێکی ژن ناتوانێت بگاتە پلە باڵاکان یان هەیئەتی هەڵبژاردنی “پاپ” ی ڤاتیکان، ئەمە ئەگەر واز لەوە بهێنین کە هەر ناگاتە پۆستی “پاپ”.
بورژوازیی وەک چینێک هەموو حەقارەتی مێژوو و هەموو خولیا و خەیاڵە میتافیزیکیەکانی لە دین و فەلسەفەو ئەفسانەکان کۆکردۆتەوە و کردوویەتی بە ماددەیەک بۆ ئەوەی ژن بکات بە شتێک “تشیء” وەک لەشێکی بێ هەست و کاڵایەک بۆ لەزەت بردن بهێڵێتەوە. لەوانەیە سەرمایەیەک کە لەم مەیدانەدا وەبەرهەمهێنراوە کەمتر بێت لە مەیدانەکانی دیکە، بەڵام قازانج و زێدەباییەک کە لە لەشی ژن بەرهەمدێت ڕێژەیەکی ئێجگار بەرزە. بەجۆرێک کە “لەش فرۆشتن” لەسەر دەستی بورژوازی و دەسەڵاتەکەی دا بۆتە کارێکی نێو نەتەوەیی فراوان و گەورە، کە سەدان ملێون ژنی کردۆتە مەیدانی ئەمکارەوە لە ئاستی جیهانیدا. ئەمە حەقیقەتی ئەمڕۆیە لەسەر دەستی بورژوازیی و دەسەڵاتەکەی دا. ئەمە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی فۆرمۆلەکردنی تێڕوانینێکی نزم سەبارەت بە ژن لە ئاستی جیهانی و ڕای گشتی دا. لە ڕاستیدا ئەوە بورژوازییە کە “شەرەفی” خۆی فرۆشتووە، بەڵام ژن دەکوژێت و لە سێدارەی دەدا و زیندانی دەکات بە بیانوی “شەرەفە”وە.
ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕەوت و بزووتنەوانە، ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی بورژوازی خۆیەتی. ناتوانرێت ململانێی دەرکەوتەی دیاردەکان بکرێت بە بێ ئەوەی ململانێ لەگەڵ هۆکارەکانی پەیدابوونی ئەو دیاردەیە بکرێت. بۆیە پایەی سەرەکی بۆ بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بەشێکی لێک جیانەکراوەی خەباتی چینایەتی کرێکارە لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی وەکو چینێک، واتە ئەم خەباتە جیاناکرێتەوە لە خەبات بۆ ڕووخاندنی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بێ چین. وە ئەمە یەکەم تێزی ئەم کارەیە واتە کاری بەدیهێنانی یەکسانی تەواو. تێزی دووەم ئەوەیە کە خۆمان چەکدار بکەین بە تیور هەروەک لەسەرەوە باسم کرد. وە سێهەم: کۆمۆنیزم، کە مەسەلەیەکی پراتیکی یەو مانای ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێیە دژ بە بورژوازی و دەسەڵاتەکەی لە سەر ئەرزی واقع و بەپێی هاوسەنگی هێز و لە چوارچێوەی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەلایەتی دا بە گشتی و هەلومەرجی ژنان و پێگەیان لە کۆمەڵگادا بە تایبەتی لە ئەرکە سیاسی و پراتیکەیەکانداو لە چوارچیوەی گشتی بزوتنەوەکەدا. ئەمە تێڕاونینمە، بەبێ ئەم جیهانبینی یە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی لە هیچ ووڵاتێکدا ناتوانیت پێشبکەوێت و ببێت بە هێزێک کە بورژوازیی ناچار بکات دان بنێت بە مافە زەوتکراوەکانی دا. بەتایبەت لە عێراق و ئەوەندەی بگەڕیتەوە بۆ لایەنی فکر و ململانێی بزووتنەوە ناسیونالیستی و ئیسلامیەکان و فێمینیستیەکان و ڕەوتە جیاوازەکانی، ئێمە کەمووکوڕییەکی هێجگار زۆرمان هەیە. ناتوانرێت بزووتنەوەیەک ڕێکخراو بکرێت بەبێ تیۆرێکی شۆڕشگێڕانە. تیۆریەکە هەیە، ئەوە ماوە کە دەست بکەین بە لایەنی سیاسی و تیوری و پراتیکی و بەدیاریکراویش ڕێکخستن بەپێی ئەم جیهانبینی یە.