نەقیب سەركەوت ئەحمەد، ئاشكرای دەكات كە لەرێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە وێنەی چەندین كچ نیشانی هاوڵاتیان دەدرێت كە گوایە كاری لەشفرۆشی دەكەنو پێیاندەوترێت “دەتوانن ئافرەتی جوانتان بۆ بهێنین”و پاشان ژمارەی مۆبایل لەگەڵ چەند هاوڵاتییەك دەگۆڕنەوەو داوای ئەوەیان لێدەكرێت كە 100 دۆلاریان بدرێتێ بۆ ئەوەی ئێوارە كە ئەو ئافرەتەیان بۆ هێنا تۆ بێیت، سەركەوت وتی “دوای ئەوەی كە پارەكەی وەرگرت، ئیتر مۆبایلەكەی دادەخاتو بەفێڵ پارەكەی دەست دەكەوێت”.
وتیشی “ئەمە وتراوە بەهەندێك كەس بەڵام عاقڵ بونو پارەكەیان نەداوە، هەرچەندە پێدەچێت لەهاوڵاتی تر رویدابێت بەڵام لەبەر كەسایەتی خۆی نەهاتوە سكاڵا تۆمار بكات”.
نەقیب سەركەوت ئاماژەی بەوەشدا، هاوڵاتییەك كە چیرۆكەكەی بۆ گێڕاوەتەوە وتویەتی ئەو كەسەی ویستویەتی فێڵەكە بكات كەمێك كوردی زانیوە، واتە كەسەكە بەرەگەز عەرەب بوە، هەروەها وتیشی “ئێمە هەڵمەتمان هەیە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە لەناو بازاڕدان بەتایبەت ئەوانەی كە لەناوچەی پیشەسازین، ئێمە زوو زوو مەفەرزەیان بۆ دەردەكەینو دەستگیریان دەكەین، ئەوانە لەهەر شوێنێكەوە هاتبن ئێمە سنورداشی شوێنەكانیان دەكەینەوە، ئێمە رێنمایمان بۆ هاوڵاتیانو گەنجان ئەوەیە كە دوربكەونەوە لەو حاڵەتانە چونكە ئەوانە زۆربەیان نەخۆشن”.
وتیشی “سەرەڕای ئەوەی كە لەڕوی مادیەوە پارەت لێدەكێشنەوە لەڕوی یاسایشەوە لێپێچینەوەی لەسەرە. ئەگەر لەگەڵ ئافرەتێكی وەهادا دەستگیر بكرێیت، چونكە ئەوە كاری بەدرەوشتیە توشی بەندكردن دەبیت، ئەو ئافرەتانە رەنگە لەرۆژێكدا لەگەڵ چوار پێنچ كەسدا رابوێرێت بۆیە ئەمەش هۆكارە بۆ نەخۆشی، بۆیە دەبێت هاوڵاتیان زۆر وریابن”.