ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێرشەکەی شەوی رابردوی سەر هەولێر هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم و لە خزمەتی هیچ لایەنێکدا نیە، بۆیە پێویستە رێز لە سەروەری عێراق و هەرێم بگرێت و “نەبێتە گۆڕەپانی شەڕ و تەسفیە حسابی وڵاتان.”
ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، “بەتوندی هێرشی موشەکیی بەرەبەیانی 2022/3/13 بۆ سەر شاری هەولێر ریسوا و شەرمەزار دەکەین. ئەمە جاری چەندەمە شاری هەولێر و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج. ئەم کردارە لە خزمەتی هیچ لایەنێکدا نیە و پێویستە رێز لە سەروەری و سیادەی عێراق و هەرێمی کوردستان بگیرێت و نەبێتە گۆڕەپانی شەڕ و تەسفیە حسابی وڵاتان.”
ئەوەش هاتوە، “لێرەدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین رێکاری پێویست بگرێتە بەر ئەویش بەرێگەی تۆمارکردنی سکاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێشێلکردنی سەروەریی سیادەی عێراق و هەرێمی کوردستان.”.