ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ ژمارەی پێوانەیی شکاندووە، لەوەی زۆر بە پەلە رووبەڕووی ڕەتکردنەوەی جەماوەری ببێتەوە، بە تایبەت کە لە ناوخۆ و چەند دەوڵەتێکی جیهانیشەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە دژی ڕێکخراوە.
ڕۆژنامەکە نوسیویەتی، لە کاتە ئاساییەکاندا سەرۆکی نوێ بۆ ماوەی چەند مانگێک لە پۆستەکەی دەستبەرکار دەبێت، ئەو کاتە ڕووبەڕووی سەرنج و تێڕاوانی پشتگیری و ڕەتکردەوە دەبێتەوە، سەبارەت بەو سیاسەتانەی کە پیادەیان دەکات.
بە گوێرەی ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگراف ئەو بابەتە بەسەر پێنج سەرۆکی پێشووی ئەمەریکادا تێپەڕیوە، بەڵام بۆ دۆناڵد ترەمپ بارودۆخەکە تەواو جیاوازە.
بە گوێرەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە دۆناڵد ترەمپ ژمارەی پێوانەیی شکاندووە، سەبارەت بە و ڕۆژانەی کە ڕێژەی رەتکردنەوەی جەماوەری لەلایەن خەڵکەوە بگاتە زیاتر لە لە٥٠%ی هاووڵاتیان.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بیل کلینتۆن سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا ٥٧٣ ڕۆژی لە نوسینگەی سەرۆکایەتی بەسەربرد، بەر لەوەی ڕێژەی نارەزاییەکان لەدژی بگاتە زیاتر لە ٥٠% ئەمەریکییەکان.
بە گوێرەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە، دۆناڵد ترەمپ تەنها دوای تێپەڕبوونی ٨ ڕۆژ بەسەر ماوەی سەرۆکایەتییەکە و چوونی بۆ کۆشکی سپی، ڕێژەی نەیارانی و ئەوانەش کە داوای ڕۆیشتنی دەکەن، گەیشتووەتە ٥١% دانیشتوانی ئەمەریکا، ئەویش بەگوێرەی ئەو ڕاپرسیەی کە دامەزراوەی گالوپ بۆ ڕاپرسی لە ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگە ئەنجامی داوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە ڕێژەی نارەزایەتییەکان لەدژی سەرۆکەکانی پێشوی ئەمەریکا کاتێک لە٥٠%ی تێپەڕاندووە، کە ماوەیەکی زۆر بەسەر ماوەی سەرۆکایەتییەکانیاندا تێپەڕیووە، بەشێوەیەک بیل کلینتۆن ٥٧٣ ڕۆ و ڕۆناڵد ڕیگان ٧٢٧ ڕۆژ، هەروەها باراک ئۆباما ٩٣٦ ڕۆژ و بوشی کوڕ ١٢٠٥ ڕۆژ و بوشی باوک ١٣٣٦ ڕۆژ.
دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەهۆی ئەو زنجیرە بڕیارەی کە داوەتی لەو ماوە کەمەی سەرۆکایەتیدا، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش ڕووبەڕووی گلەی و رەخنەی زۆر بووەتەوە، بە تایبەت بڕیاری پێنەدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی ٧ دەوڵەت کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسڵمانن.