ئاراس نوری ئهحمهد تهها:
بۆچی کوردن و لە سەدەی ٢١ دا، ناوی منداڵەکانتان عەرەبین؟ مافی بوونی دەوڵەتی چی، کە باوکێك و دایکێك، نەزانن یا نەیانەوێت، ناوێکی کوردی بدەنە مناڵەکانیان؟ زەوتکردنی مافی منداڵ لە پێدانی ناوەوە دەستپێدەکات.
من باسی نەوەی کۆن و بەسەرچوو ناکەم بە هەموو هەڵە و تاوانەکانیانەوە، مەبەستم لەو رۆحە بێ تاوانەیە، نوێیەیە، کە دێتە ئەم دنیا بێفەڕەوە، کە تەنانەت پشیلە و سەگیش ناوی خۆیان هەیە.
با نە باسی دیموکراتی بکەین، نە مافی مرۆڤ بە شێوازە فراوان و بەرینەکەیەوە، نە باسی نەبوونی دەوڵەت و نە بوونی سەقامگیری.
با باسی بوونی زانکۆ و ئەکادیمیا و خوێندگای ئەهلی و خانووی بەدروخساری ساردوسڕ وەك قەڵای تاریك و بەرز و سەدەها مزگەوت و نەخۆشخانەی ئەهلی و خێزانی “ئۆلیگاشی” و هونەری بێ نەژاد و موزیکی بێ میلۆدی و جلی سەیر و سەمەر….هتد، نەکەین.
با باسی ناوی ئەو منداڵە بێ مافانە بکەین، کە لە کاتێکدا، لە سەدەیەکدا، کە تەنیا مافلە کوردستان، کە کەس لە کەسی زەوت ناکات، ئەویش مافی پێدانی ناوە بە منداڵێکی تازە هاتووە ژیانەوە، دەبێت بە عەرەبی بێت؟
ببورن من وا بۆی دەچم:
یا ئەوانەی ئەو ناوە دەلکێنن بەو منداڵە بێ تاوانەوە، بە رۆح و بە ناخ کورد نین، یاخود گێژن، لە گێژی لێبوردن رەنگە هەبێت، بەڵام لەوی دی، نا!
باشە بۆچی لە بری ئەحمەد و مەحمود و عەلی و موسنا و حارس و یەزید و مەغرور و مەفلوش و مەنکوب و سناو و هناو فاگمە و عائیشە و …..هەموو ع و ح کان…شوان و رێباز و ئاسۆ و ئامانج و دڵشاد و ناودار و ساز و راز و نیاز و شیرین و بەهار و نەرمین و…هتد، نەبێت؟ بۆچی ناوی ئەو منداڵە ناسکانە بەو زمانە پڕ سۆزەی خۆمان نەبێت؟
ئا لێرەوە، کۆیلایەتی و گەمژەیی نەتەوەیەك دەستپێئەکات. چونکە ناو ئەو پارچە زیندووەی مرۆڤە، کە نەیهێناوە لەتەك خۆیا، بەڵکو پێی دراوە و هەتا دوا هەناسەی بە دواوەیەتی..
لێرەوە ئەلف و بێی بوون بە نەتەوە دەستپێدەکات!
هەتا پتر بۆ دواوە بچمەوە ناو یادەوەرییەکانی ٦٠ کان و ٧٠ کانەوە، یەك راستی زۆر دڵتەزێن دەبینم: لەژێر هەموو گیروگرفتێک و چەوساندنەوە و ستەمکاری و نەبوونی ئازادی دەربڕینی بۆچوونەکانمان وەك کورد و قەڵاچۆکردنمان و کوشتار و ژێردەسەتەییماندا، ناوی کوردیمان لێ دەنرا!
واتا، ئەم پەتایەی سەدەی ٢١ چییە؟
لە یادمە ساڵانی ٨٠ کان بوو، چاوەڕوانی بوونی کچە گەورەکەمم دەکرد، کە کوردێکی باکوور لە خۆپیشاندانێکدا پرسیاری کرد، ناوی چی دەبێت، ناوێکی کوردیم پێوت، وتی خۆزگە بە خۆتان، ئێوە بۆتان هەیە، بە ئازادی ناو بدەن بە منداڵەکانتان، لای ئێمە لە باکوور نابێت! ئاخۆ ئەمڕۆ چۆن بێت لەوێ؟
گۆڕان و چاکسازی بە هێمنی و هەنگاوی ورد دەستپێدەکات، نەك بە داپڵۆسان و تەشهیر و پەلاماردان و ئەناشی. بە بەڵگەی ماستەر و دکتۆرا و پلە و پایە و وتاری رۆژانی هەینی ناو مزگەوتەکان دەست پێناکات، بەڵکو بەو ناوەی کە لە هەموو شوێنێك، پێناسەمان دەردەخات بێ روونکردنەوەی زۆر، بە ناوی خۆمان!
One Comment
ahmed
بموره پێموابى ناوى عهرهبى و دينى جوايه زن
عهلى ناوهكى عيبريه
نهمزانيه كهسێك ناوى مهغرور بووبێت يان مهنكوب
ئهحمهد و مهحمود دوو ناوى ئاينين
ناوى فاطمه ئاسياييه
پاشان دهكرا ههندێك ناوى توركى و فارسى و جگهله عهرهبيشت وهكو نمونه بهێنابايهوه
پاشان له چ وڵاتێك منداڵ بێ ناو دهمێنێتهوه تا تهمهنى ياسايى يان تهمهنى تێگهيشتن دواتر ناوێك بۆخى ههڵببژێرێت, له ههموو شوێنێك منداڵ دواى هاتنه دنياى ناوێ لێدهندرێت.
ڕێز