لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ هەمو سەرنجەكان رو لە”هەدەپە”ن

هەمو سەرنجەكان رو لە”هەدەپە”ن

0 تێبینییەکان 15 بینینەکان

HDPلەهەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیادا، هەمو سەرنجەكان رو لەپارتی دیموكراتی گەل “هەدەپە”ن، سەلاحەدین دەمیرتاشی سەركردەی پارتەكە دەڵێت “ئامانجمانە ئه‌مڕۆ 100 كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنین”.

هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی توركیا 1ی تشرینی یەكەم ئەنجامدەدرێت، پارتەكان بۆ چونە نێو پەرلەمانەوە پێویستیان بەتێپەڕاندنی بەربەستی 10%یە. هەدەپە لەهەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانی رابردودا 13%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا‌و بۆ یەكەمجار لەمێژوی توركیادا 80 پەرلەمانتاری رەوانەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە كرد، سەركردەكانی هەدەپە ئەم سەركەوتنەیان بە”سەركەوتنی ئاشتی بەسەر جەنگدا ناوبرد”.

دەمیرتاش ئەوكات رایگەیاند كە “ئیتر قسەو باس دەربارەی سیستەمی سەرۆكایەتی‌و دیکتاتۆری لەتوركیادا كۆتاییهات”، بەڵام زۆری نەخایاند هەلومەرجی توركیا وەرچەرخانێكی گەورەی بەخۆیەوە بینی.

پارتەكان نەگەیشتنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت‌و سەرەنجام نەدەوڵەتی تاك حیزبی‌و نەدەوڵەتی ئیتیلافی پێكنەهات‌و هەموان لەسەر هەڵبژادرنی پێشوەخت رێككەوتن.

ئێستا هەمو سەرنجەكان لەسەر هەدەپەن، سەركەوتنی دوبارەی ئەم پارتە چارەنوسی سیاسی توركیا یەكلادەكاتەوە، چونكە ئامانج‌و بەرنامەی رەجەب تەیب ئەردۆغان كە بەنیاز بو سیستەمی پەرلەمانی بكات بەسیستەمی سەرۆكایەتی، پوچەڵ كردەوە.

بەڵام سەركەوتنی هەدەپەش نەبوە مایەی بەدیهێنانی ئاشتی، ئاگری جەنگ جارێكیتر لەنێوان سوپای توركیا‌و پەكەكەدا هەڵیرساسەوە.

سەرباری ئەوەش هێشتا سەركردەكانی هەدەپە متمانەیەكی گەورەیان بەخۆیانە كە دەتوانن جارێكیتر نەك هەر بەربەستی 10% تێپەڕێنن، بەڵكو سەلاحەدین دەمیرتاش دەڵێت “ئامانجمان لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستهێنانی 100 كورسی پەرلەمانە”.

دەمیرتاش بەرۆژنامەی زەمانی تورکی راگەیاندوە كە “كورد بەبێ‌ پەنا بردنە بەر چەك دەتوانن لەبەدەستهێنانی مافەكانی خۆیاندا سەركەوتو بن”.

دەمیرتاش پێشبینی ئەوەش دەكات كە ئاكەپە سبەینێ‌ بەئەندازەیەك براوە نابێت بەتەنها توانای پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەبێت‌و ناچارە ئیتیلاف بكات.

كەناڵی DWی ئەڵمانی لەراپۆرتێكیدا ئاماژە بەوە دەكات كە چانسی گەورەی هەدەپە بۆ بەدەستهێنانی كورسییەكانی لەدیاربەكرو ئەستەنبولدایە.

هەروەها ئەوەش روندەكاتەوە كە بەشێك لەهۆكاری سەركەوتنی ئاكەپە پەیوەستە بەوەی لەتوركیادا پارتێكی بەرهەڵستكاری بەهێز لەئارادا نیە.

راپۆرتەكە باس لەوەش دەكات كە ئەگەر ئه‌مڕۆ جارێكیتر  ئاكەپە زۆرینەی دەنگەكان بەدەستنەهێنێتەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت بەتەنها، ئەوا یەكێك لەرێگاچارەكان ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوه‌ختی پەرلەمانی توركیایە بۆ سێهەمین جار.

سەرچاوە: ئاوێنە

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە