ڕۆژانە بەهۆی هەژاری و نەبوونی خۆراکەوە ٢٠ هەزار منداڵ گیان لەدەست دەدەن و ”هندستان و چین و نەیجیریا و بەنگلادش و کۆنگۆ”ش بەرزترین ڕێژەی هەژاری تێدایە.
بە گوێرەی زانیارییەکان نزیکەی یەک ملیار دانیشتووی سەر زەوی گیرۆدەی برسێتین و بیڵ گەیتس دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت پێشتر وتبووی کە تا ساڵی ٢٠٣٥ هیچ وڵاتێکی هەژار لە جیهاندا نامێنێت.
لە وڵاتی چین زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن کەس خەرجی ڕۆژانەیان کەمترە لە یەک دۆلاری ئەمریکی. هەندێک لە سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە کۆکراوەی سەروەت و سامانی ٨٥ یەکەم دەوڵەمەندی جیهان یەکسانە بە سەروەت و سامانی ٣ ملیار و پێنج ملیۆن کەسی جیهان (واتە سەروەتی ئەو ٨٥ کەسە یەکسانە بە سەروەتی نیوەی دانیشتوانی سەر زەوی).
لە ئەمریکا هەژارترین ناوچە ناوچەیەکە بەناوی (ئاڵن)ە کە شارێکە لە ویلایەتی داکۆتای باشوور، ٩٦%ی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەش هاووڵاتی ڕەسەنی ئەمریکین، ٥٣%ی هاووڵاتییانی ئەمریکاش کەمتر لە ٣٠ هەزار دۆلار داهاتی ساڵانەیانە.
هەندێک سەرچاوەش ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ٦٤%ی هەژاریی لە پێنج وڵاتی جیهاندان کە بریتین لە وڵاتانی ”هندستان و چین و نەیجیریا و بەنگلادش و کۆنگۆ”. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانیش ١%ی هەرە دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان خاوەنی ٤٨%ی سەروەت و سامانی جیهانن.
ماڵپەڕی ڕوسیا تودەیی ڕووسی بڵاویکردووەتەوە کە ١٠٠ دەوڵەمەندترین کەسی جیهان لە ساڵی ٢٠١٢ دا هێندە سەروەت و سامانیان هەبووە کە دەتوانرا بە سەروەت و سامانەکەیان چوار جار کۆتایی بە هەژاری لە جیهاندا بهێنن.