سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت كە هێرشكردنە سەر رۆژنامەنوسان “گوزارشتی رونە”، لەشكستی نوخبەی سیاسی هەرێمی كوردستان لەفەراهەمكردنی ئازادی رۆژنامەنوسیو مافی رادەربڕینو گەڕانەوەیە بۆ دواوە، ئەوەش لەبەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بۆ هاوڵاتی نێردراوە.
بەیاننامەكە دوای پەلاماردانی تیمی رۆژنامەوانی كەناڵی NRTدا، كە بەپێی میترۆ پەیامنێرەكەیان بریندار كردوەو كامێرای كەناڵەكەیشيان پەكخستوە.
دەقی بەیاننامەی رۆژنامەوانی سەنتەری میترۆ
هەرێمی كوردستان ، بۆدواوە… وەرگەڕێ !!
سلێمانی 18ی تشرینی یەكەمی 2015:
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت هێرشكردنە سەر رۆژنامەنوسان گوزارشتی روونە لە شكستی نوخبەی سیاسی هەرێمی كوردستان لە فەراهەم كردنی ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رادەربڕین و گەڕانەوەیە بۆ دواوە.
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە لەكاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانی مامۆستایان، هێزێكی ئەمنی بەشەقو بۆكس پەلاماری تیمی رۆژنامەوانی كەناڵی NRT دا، پەیامنێرەكەیان بریندار كردو كامێرای كەناڵەكەیان پەكخست.
پەیامنێری كەناڵی NRT بابان ئەنوەر بە میترۆی راگەیاند لەكاتی روماڵكردن هێزێكی ئەمنی بە شەقو بۆكس پەلاماریان داین وتی ” ئاسەواری لێدانم پێوە دیارە و كامێراكەشیان شكاندم.”
هەروەها لەو هێرشەدا پەلاماری وێنەگری كەناڵەكە نەبەز عومەر دراوە.
لەكاتی سەرهەڵدانی قەیران و توندبونەوەی ململانێی حزبی و سیاسی، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ وەك ئامانجێكی ئاسان و بەردەست پەلاماری رۆژنامەنوسان دەدەن پەخشی راستەوخۆ دەوەستێنن ئۆفیسەكانیان دادەخەن و هۆكاری شكستی نوخبەی سیاسی، دەخەنە ئەستۆی ئەوان.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت شكستی نوخبەی سیاسی لەدەستەبەری ئارامی و سازانو خزمەتگوزاری، هۆكارەكەی دەستگاكانی میدیا نەبون. بەڵكو دەرئەنجامی شكستی ئەوانە لە رێكەوتنی سیاسی و سازان. ئەوەی لە كوردستان روودەدات شكستی كۆبونەوەكانی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی و چوار قۆڵی و پێنج قۆڵین.
ئێمە هێرشكردنە سەر تیمی كەناڵی NRT ئیدانە دەكەین. پەلاماری بەرفراوانی دەسەڵاتیش بۆ سەر ئازادی رۆژنامەنوسی بڕیاری گەڕانەوەیەكی ترسناكە بەرەو دواوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوسو پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.
تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگو ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 سەرلەنوێ دەستەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردوە.سااَنی 2011 و 2012 و2013 و 2014، راپۆرتی ساڵانەی لەسەر رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.
بۆ پەیوەندیكردن:
بەشی تۆماركردن : 07708079999
پێگەی رەسمی سەنتەری میترۆ: www.metroo.org