كابینه‌ی ئێستای حكومه‌تی هه‌رێم كه به”كابینه‌ی بنكه‌فراوان” ناسراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر پێنج حیزبه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستان تیایدا به‌شدارن، ئه‌م ماوه‌یه رووبه‌رووی گه‌وره‌ترین قه‌یرانی حوكمڕانی بووه‌ته‌وه، كه ئه‌ویش نه‌مانی متمانه‌یه له‌نێو پێكهێنه‌ره‌كانیدا.
ئه‌م كابینه‌یه له‌ئه‌نجامی رێكه‌وتنی هه‌ر پێنج لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كه (پارتی دیموكرات، یه‌كێتی نیشتیمانی، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كگرتووی ئیسلامی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی) پێكهاتو رۆژی 18ی حوزه‌یرانی 2014 له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگی بۆ درا، به‌ڵام سازانی نێوان ئه‌و لایه‌نانه ته‌نها یه‌ك ساڵی خایاند‌و له‌وه به‌دواوه له‌ق بوو.
كێشه‌ی ته‌واوبوونی ویلایه‌تی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌مانگی ئابدا، بووه ئه‌و بزماره‌ی له‌تابوتی رێكه‌وتنی نێوان هه‌ر پێنج لایه‌نه‌كه درا، ئیتر له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه، ئێستا پێنج لایه‌ن له‌حكومه‌تدان هه‌موویان نه ده‌ستیان له‌حكومه‌ت ده‌بێته‌وه‌و نه به‌رپرسیارێتی ئه‌و قه‌یرانه‌ش هه‌ڵده‌گرن كه دروستیان كردووه.
پارتی دیموكراتی كوردستان (38 كورسی له‌كۆی 111 كورسی په‌رله‌مان) خاوه‌نی گه‌ورترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانه‌و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی گرتووه‌ته ده‌ست، له‌لایه‌ن چوار لایه‌نه‌كه‌ی تره‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرێت به‌وه‌ی شكستی هێناوه له‌فه‌رمانڕه‌واییدا، له‌كاتێكدا ئه‌و لایه‌نانه هه‌ریه‌كه‌یان به‌چه‌ند وهزیرێكو به‌رپرسێكی باڵا به‌شدارن له‌جومگه‌كانی حوكمڕانیدا، له‌به‌رامبه‌ردا پارتیش گله‌یی له‌حكومڕانی ئه‌و چوار لایه‌نه هه‌یه‌و ده‌ڵێت ئه‌و لایه‌نانه وه‌كو ئۆپۆزسۆن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی بنكه‌فراواندا مامه‌ڵه ده‌كه‌ن.
هه‌ر پێنج لایه‌نه‌كه به‌ماشێنی ئیعلامی‌و له‌رێی به‌رپرسه‌كانیانه‌وه ده‌ستی چه‌وری خهتاكان به‌یه‌كتری دهسڕنو ره‌خنه له‌و حكومه‌ته ده‌گرن كه پێكه‌وه پێكیان هێناوه.
ئاسۆ مه‌حمود باژێڕوانی سلێمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه بزوتنه‌وه‌كه‌ی به‌چوار وه‌زیرو چه‌ند به‌رپرسێك له‌حكومه‌تدا به‌شداره بۆ “نیقاش” ده‌ڵێت “ئه‌م حكومه‌ته حكومه‌تی لوتكه فراوانه نه‌ك بنكه فراوان، ته‌نها ئه‌وه‌یه به‌ڕووكه‌ش ئێمه تێیداین، ئه‌گه‌رنا ده‌سه‌ڵات به‌ته‌نها لای یهكێتیو پارتیه، به‌تایبه‌ت لای پارتی”.
وتیشی “ئێمه ئه‌گه‌ر هه‌ر پلانێكمان هه‌بوبێت بۆ چاكسازی ئه‌م حكومه‌ته شكستی پێهێنراوه، له‌ئێستادا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمدا نه‌ماوه، ئه‌وه‌ی كه ماوه بریتیه له‌سێ ده‌سته‌و ئه‌نجومه‌ن كه ههرسێكی پارتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، كه ئه‌وانیش ده‌سته‌ی ئابوری ههرێمو ده‌سته‌ی نهوتو گاز، ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانن، ته‌نانه‌ت حكومه‌تی هه‌رێم له‌كاتی خۆیدا كۆبونه‌وه‌كانی ناكات‌و ورده ورده شكستی پێهێنراوه”
یه‌كگرتوی ئیسلامی كه یه‌كێكه لهپێكهێنهركانی حكومه‌ت، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه ئه‌وان به‌شداری ده‌سه‌ڵات نین به‌ڵكو به‌شداری به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تن، ده‌شڵێت كه هیچ رۆلێكیان پێنه‌دراوه له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی سیاسی‌و ئابوری‌و فێركردن‌و نهوتو داراییدا.
سه‌میر سه‌لیم یاریده‌ده‌ری ئه‌مینداری یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ “نیقاش” وتی “له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئێمه هیچ ده‌سه‌ڵاتێكمان نیه بۆیه ڕه‌خنه ده‌گرین، له‌م حكومه‌تی هه‌رێمه‌دا ته‌نها وه‌زیره‌كان به‌ئێمه دراون ئه‌گه‌رنا له‌ستافی وهزارهتو فه‌رمانبه‌رو ڕاوێژكاره‌كانی خواره‌وه هه‌رهه‌مووی هی ئه‌و دوو پارته فه‌رمانڕه‌وایه‌ن كه له 23 ساڵی ڕابردوودا ته‌شكیلی حكومه‌تیان كردووه”.
له‌باره‌ی هۆكاری نه‌كشانه‌وه‌یان له‌حكومه‌ت وتی “له‌به‌ر ئه‌وه لایه‌نه‌كان ناكشێنه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر له‌م دۆخه‌دا بكشێنه‌وه ئه‌وا توشی به‌رپرسیارێتی نیشتمانی ده‌بێته‌وه له‌م قۆناغه‌دا، ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه گونجاو بوایه هه‌ڵوێستی ترمان ده‌بوو”.
پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بڕوای به‌بیانوو ره‌خنه‌كانی ئه‌و لایه‌نانه نییه‌و پێی وایه خۆیان سه‌ركه‌وتوو نهبوونو ئێستا ده‌یانه‌وێت خه‌تاكه بخه‌نه ملی ئه‌و حیزبه، مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به”نیقاش”ی وت “ئه‌و لایه‌نانه كه‌وتونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی هه‌ندێك لهڕاگهیاندنهكانو پێیه‌كیان لهحكومهتهو پێیه‌كیان لهئۆپۆزسیۆنه، ئه‌مه كارێكی خراپه”.
به‌ڵام یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌ڵێت ئێستا كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه له‌سه‌روبه‌ندی دانوستان له‌سه‌ر بابه‌تی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم “هه‌وڵێك له‌ئارادایه كه هه‌م پهرلهمانو هه‌م حكومه‌تی هه‌رێم ئیفلیج بكرێت”، ئه‌مه‌ش به‌پێی بۆچونه‌كانی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی.
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره به”نیقاش”ی وت “یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان خۆی به‌ئۆپۆزسیۆن نازانێت‌و كه‌سیش له‌خۆی موسته‌حه‌قتر بۆ حكومڕانی كه‌سی تر نازانێت، داكۆكیكردن له‌یاسا نیشانه‌ی ئۆپۆزسیۆن نیه، به‌ڵكو له‌قازانجی خه‌ڵكه‌و بۆ پشتیوانی له‌داواكاری خه‌ڵكه”.
قه‌یرانی سه‌رۆكایه‌ت هه‌رێم ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه، كه دیارترنی كێشه‌كانی تر له‌ئێستا بریتین له‌قه‌یرانی دارایی‌و نه‌بوونی موچه‌ی فهرمانبهرانو شه‌ڕی داعش‌و قه‌یرانی كاره‌باو ئاو‌و سوته‌مه‌نی.
ئه‌گه‌رچی چوار لایه‌نه‌كه باس له‌بونی گهندهڵیو ناشه‌فافی ده‌كه‌ن لهحكومهتداو پێكه‌وه خاوه‌نی 56 كورسیی په‌رله‌مانین، به‌ڵام تائێستا هیچ وه‌زیرێكی حكومه‌ت لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كراوه له‌په‌رله‌مان، به‌ڵكو هه‌ندێجار سه‌رۆكی حكومهتو وه‌زیره‌كان ته‌نها به‌ناوی میواندارییه‌وه بانگدهكرێنه لیژنه‌كانی پهرلهمانو به‌بێ هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ك بهڕێدهكرێنهوه.
فه‌خره‌دین قادر، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان له‌وباریه‌وه به”نیقاش”ی وت “به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی له‌م دواییه‌دا بینرا ئه‌وه‌بوو هه‌ركاتێك ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بیانه‌وێت پرساندن بكه‌ن بۆ وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی هه‌شتی حكومه‌تی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ڕێگری لێده‌كرێت، ئێمه وه‌ك په‌رله‌مان ویستومانه ڕۆڵی خۆمان بیبینین، به‌ڵام قه‌یرانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كاریگه‌ری ته‌واوی دروستكردووه له‌سه‌ر هه‌موو بواره‌كاندا”.
كێشه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌یه نازانن شایه‌تومان به‌كام لایه‌نه بهێنن، چونكه هه‌ریه‌كه‌یان په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی تریان درێژ دهكاتو خۆی بێبه‌ری ده‌كات له‌و دنیا كێشه‌یه‌ی له‌ئارادایه.
به‌حوكمی ناكۆكی دێرینی لایه‌نه‌كان‌و نه‌سازانیان پێكه‌وه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه چاوه‌ڕێی په‌رتبوون له‌م پێنج لایه‌نه ده‌كرا، چونكه ساڵانێكی دوور‌و درێژه جگه له‌دژ وه‌ستانه‌وه هیچیان به‌رامبه‌ر یه‌ك نه‌بووه‌و ئه‌مه یه‌كه‌مین ئه‌زموونی حوكمڕانی هاوبه‌شیانه پێكه‌وه.
د.قاره‌مان مه‌مه‌ند پسپۆڕی بواری یاسا‌و سیاسهتو مامۆستای كۆلێژی یاسا له‌زانكۆی كۆیه بۆ “نیقاش”ته‌نها دوو پێشهات له‌به‌رده‌م وه‌زیرو ئه‌ندام په‌رله‌مانی پارته ناڕازییه‌كاندا ده‌مێنێته‌وه، یا ئه‌وه‌تا له‌په‌رله‌مان ڕازیبنو دهنگبدهنو دریژهبدهن بهسیاسهتو كاری حكومه‌ت یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه، ده‌بێت حكومه‌ت بهجێبهێلنو وه‌زیره‌كانیان ده‌ست له‌كاربكێشنه‌وه”.
نیقاش