راپۆرتی: هونەر حەمەرەشید
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی لەبنی هەمانەكە گیربووە، نە خۆی چارەسەری قەیرانی دارایی پێدەكرێت، نە بەغداش دەروویەكی لێدەكاتەوەو ئەو ئەركەی لەكۆڵ بكاتەوە.
ساڵی 2014 دوای ئەوەی ناكۆكییەكانی نێوان بەغداو هەولێر گەیشتە لوتكە، بەبڕیاری نوری مالیكی سەرەك وەزیرانی ئەو دەمەی عێراق بەشە بودجەی هەرێم بڕدرا، لەو كاتەشەوە هەردوو لایەنی ناكۆك نەیانتوانی چارەیەك بۆ ئەو گرفتە بدۆزنەوە.
هەرچەندە بەقسەی ئەشواق جاف پەرلەمانتاری كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق “بودجەی هەرێمی كوردستان بەبڕیارێكی زارەكی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق بڕدراوەو هیچ نووسراوێك لەئارادا نییە”، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە زارەكییە لەقۆناغی جێبەجێكردندایە.
قەیرانی دارایی هەرێم تەواوی ساڵانی 2014و 2015 درێژەی كێشاو ئەوا ئەمساڵی هاتە سەر، پێناچێت بۆ ساڵی داهاتووش هیچ بەرچاو روونییەك هەبێت، مادام حكومەتی هەرێم پشتی بەنەوت بەستووە، ئێستا لەبەردەم دوو رێگادایە، یا ئەوەتا نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكاتەوە، یا ئەوەتا بەو پارەی نەوتە بەشی پێداویستی ناوخۆ بودجە دابین بكات.
رێگایەكی سەخت
حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێگایەكی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی خۆی لەقەیرانی دارایی رزگاربكات، یەكێك لەگرنگترین رێگا گەڕانەوەیە بۆ فرۆشتنی نەوت لەرێگەی بەغداوە، بۆ ئەمەش بەرپرسانی هەرێم جەخت لەوە دەكەنەوە، كە لەچوارچێوەی رێكەوتنێكی نوێدا دەبێت هیچ هەنگاوێكی بۆ هەڵنەهێنراوە.
سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە”نیقاش”ی وت “بەدڵنیاییەوە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەغداوە، دەبێت رێككەوتنێكی نوێ لەنێوان هەردوولاوە واژووبكرێت، بۆ ئەمەش دەبێت گفتوگۆ بكرێت”.
دزەیی وتیشی “بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەنێوان هەولێرو بەغدا تائێستا هیچ هەنگاوێكی كردەكی نەنراوەو هیچ بەرنامەیەكیش نییە بۆ ئەوەی شاندی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق”.
دواینجار حكومەتی هەولێرو بەغدا لەسەر نەوتو بودجەی هەرێم رێككەوتن مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2014 بوو، بەڵام رێكەوتنەكە بەمەرەكەبی سەرە كاغەز مایەوەو هیچی لێ جێبەجێ نەكرا.
رێككەوتنەكە بەشێوەیەك بوو، دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی 550 هەزار بەرمیلی نەوتی گێڵگە نەوتییەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیو پارێزگای كەركوك لەڕێگەی (سۆمۆ)-كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نیشتیمانی نەوتی عێراقەوە هەناردەبكات، لەبەرانبەردا حكومەتی عێراق مانگانە 17% بەشە بودجەی هەرێم رەوانە دەكات.
حكومەتی هەرێم ئەوكات نەیتوانی پابەند بێت بەئەركەكەی سەرشانیەوە، پێدەچێت ئێستاش بەهەمان شێوە بێت.
عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم دەڵێت “حكومەتی هەرێم ناتوانێت پابەندبێت بەو رێككەوتنەی لەماوەی رابردوو لەگەڵ حكومەتی عێراق هەیبوو”.
عەبدلستار مەجید بە”نیقاش”ی وت “حكومەتی هەرێم بەهۆی ئەوەی ئێستا قەرزی دوو ساڵی چەند كۆمپانیایەكی لەسەرەو دەبێت بەنەوت بیانداتەوە، بۆیە ناتوانێت لەساڵی داهاتوو رۆژانە بڕی 550 هەزار بەرمیل رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات”.
بەپێیەی قسەی ئەم وەزیرە بێت، كەواتە ساڵی داهاتووش (2017) نابێت هەرێم چاوەڕێی ئەوە بێت لەبەغداوە بەشە بودجەی پێبدرێت.
قەرزەكەی سەر حكومەتی هەرێم خۆی لەبیست ملیار دۆلار دەدات، ئەمەش ئەو زانیارییەیە كە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان بڵاوی كردەوە.
هەرچەندە بەغدا لەپرۆژەی بودجەی ساڵی داهاتوودا رێژەی 17%ی بۆ هەرێم دابین كردووە، بەڵام ئەم بەشە گرێدراوە بەرێكەوتنەكەی دوو ساڵ لەوەوەو بەرەوە كە زەحمەتە جێبەجێ ببێت.
ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەوبارەیەوە وتی “پشكی هەرێمی كوردستان لەپرۆژە بودجەی گشتی عێراق دانراوەتەوە بە 11 ترلیۆن، بەو مەرجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوتو داهاتە ئیتیحادییەكان رادەستبكات”.
ئەحمەد حاجی رەشید بە”نیقاش”ی وت “بەپێی ئەوەی حكومەتی عێراق لەپرۆژە بودجەدا پشكی هەرێمی دیاریكردووە، لەبەر ئەوە ئامادەیە بەشە بودجەش بۆ هەولێر بنێرێت، لەبەرانبەردا دەبێت حكومەتی هەرێم، نەوتی بەرێژەی دیاریكراو لەرێگەی سۆمۆوە بنێرێت”.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی، كە پەرلەمانتارێكی كوردە لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدووری زانی حكومەتی هەرێم بتوانێت پابەندی رێككەوتنەكە بێتو بڕی 550 هەزار بەرمیل لەرێگەی بەغداوە بفرۆشێت، ئەمە جگە لەوەی بەپێی پرۆژە بودجەكە، “یەكێك لەو بڕگانەی لەناو پڕۆژەی بودجەدا دانراوە دەبێت هەرێمی كوردستان هەر بڕە نەوتێكی زیادەی هەبوو لە 550 هەزار بەرمیلەكە رادەستی حكومەتی ئیتیحادی بكاتەوە، بۆیە بەبڕوای من نە دەتوانێت پابەند بێت بەو یاسای بودجەیەوە، پابەندبوونیشی واتە پاشگەزبوونەوە لەو گرێبەستە نەوتیانەی، یان لەو هاوبەشییەی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان لەماوەی رابردوو كردوویەتی”.
ساڵی بەردەوامی قەیرانەكان
لەئێستادا هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن رێككەوتنی حكومەتی عێراقو هەرێم لەسەر نەوتو بودجە ئاستەمەو ئەگەریش رێككەوتنی نوێ بكەن، پابەندی بەرێككەوتنەكە لەلایەن هەردوولاوە قورس دەبێت، چونكە هەرێم پابەندی چەند گرێبەستێكی هەیەو حكومەتی عێراقیش بڕی 21 ترلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە، كە بەدابینكردنی بودجەی هەرێم كورتهێنانەكەی زیاتر دەكات.
لەبارەی ئەوەی حكومەتی هەرێم لەئەگەری رێككنەكەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق چ رێگەیەك دەگرێتە بەر، بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی، عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ دەڵێت “چەند رێگەیەك هەیە بۆ چارەسەری بەشێكی زۆر لەقەیرانەكانی، ئەوانیش پشتبەستنە بەكەرتەكانی تری وەك كشتوكاڵو پیشەسازیو گەشتوگوزارو چەند كەرتێكی تر”.
وەزیری كشتوكاڵ لەگەڵ ئەوەی پەنابردن بۆ ئەو كەرتانە بەڕێگەیەكی باش دەزانێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، بەڵام بەدووری دەزانێت حكومەتی هەرێم جگە لەنەوت وەك سەرچاوەی یەكەمی داهات بیری لەڕێگەیەكی تر كردبێتەوە، دەشڵێت “پێموایە ئەو قەیرانەی لەدوو ساڵی رابردوو هەبووە بەردەوامی دەبێتو ئەگەریش زۆرە قەیرانەكان قووڵتر ببنەوە”.
فشارەكان زیاتر دەبن
بەردەوامی قەیرانی دارایی وای لەحكومەتی هەرێم كردووە پرۆژەی خزمەتگوزارییەكانی رابگرێتو دوو ساڵیش دەبێت ناتوانێت موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی بەتەواویو رێكو پێكی بدات، ئەمەش نیگەرانیو ناڕەزایەتی لێكەوتووەتەوە.
لەئێستادا ناڕەزاییو نیگەرانییەكان گۆڕاوە بۆ فشار بۆ سەر حكومەت، ئەویش بەئەنجامدانی خۆپیشاندانو مانگرتن لەدەوامكردن لەلایەن مامۆستایانو فەرمانبەران، كە لەچەند ناوچەیەكی وەك پارێزگاكانی سلێمانیو هەڵەبجە چەند مانگێكە دەوامی زۆربەی خوێندنگەو زانكۆو فەرمانگەكان راگیراوە.
عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری كوردستان پێیوایە ئەو فشارو نیگەرانییانە لەجێی خۆیەتی راشیگەیاند “سەرەڕای بەردەوامی فشارو نیگەرانییەكان لەماوەی داهاتوو فشارەكان بۆ سەر حكومەت زیاتر دەبێت”.
عەلی حەمەساڵح، كە هاوكات جێگری سەرۆكی لیژنەی داراییو ئابوورییە لەپەرلەمانی كوردستان، بۆ “نیقاش” ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، رۆژ بەرۆژ هاووڵاتیانو فەرمانبەران بۆیان رووندەبێتەوە، حكومەت هیچ بەرنامەیەكی نییە بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی، بۆیە لەداهاتوودا فشارەكانیان بۆ سەر حكومەت زیاتر دەكەن.
عەبدولستار مەجیدی وەزیری كشتوكاڵی هەرێم هاوڕابوو لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارەو رایگەیاند “هاووڵاتیانو فەرمانبەرانی هەرێم متمانەیان بەداتاو ژمارەكانی حكومەت نییە، بۆیە لەسەر فشارەكانیان بەردەوامدەبنو فشارەكانیش زیاتر دەكەن”.
وەزیری كشتوكاڵ ئەوەشی ئاشكراكرد، كە لەچەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی ئەوەی كردووە، لەرێگەی لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە هەوڵبدرێت متمانەی نێوان حكومەتو هاووڵاتیان بگەڕێنێتەوە، ئەوەش بەئاشكراكردنی داتاو ژمارە دروستەكان، چونكە ئەو ژمارەی داتایانەی لەلایەن حكومەتەوە لەسەر نەوتو داهات ئاشكرادەكرێت، “منیش متمانەم پێی نییە، نەك هاووڵاتیانی هەرێم”.
لەبەرانبەردا سەفین دزەیی ئەو قسانەی رەتكردەوەو رایگەیاند، ئەوان لەرێگەی چەند هەوڵێكەوەوە، لەوانە واژووكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكانی وردبینی بۆ هەناردەو داهاتی نەوت، دەیانەوێت هەموو ژمارە دروستەكان بۆ رای گشتی ئاشكرابكەن، بێ ئەوەی هیچ بەڵێنێك بدات لەبارەی چارەسەری قەیرانی دارییەوە.