دامەزراوەی میدیای نالیا سەبارەت بە دەستگیرکردنی کارمەندانی NRT و داخستنی ئۆفیسی دهۆک و ئاودیوکردنەوەی کارمەندانی ئۆفیسی هەولێر بۆ ئەودیوی دێگەڵە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ڕاگەیەندراوێک لە دامەزراوەی میدیایی نالیاوە
کاتژمێر 8:45 خولەکى ئەمشەو هێزێک بەناوى ئاسایشەوە لەشارى هەولێر هەڵیکوتایە سەر ئۆفیسى کەناڵى ئێن ئاڕ تى و سەرجەم کارمەندانى ئۆفیسەکەی فڕاندوو ئۆفیسەکەشیان داخست، دواتریش هەموو ستافی کەناڵەکەیان ئاودیوی بازگەی دێگەڵە کرد.
دواتریش هێزێکی تری ئاسایش لەشاری دهۆک، چونەسەر ئۆفیسی دهۆکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و ئۆفیسی کەناڵەکەیان کۆنترۆڵکرد و دایانخست.
دامەزراوەی میدیای نالیا بەم ڕونکردنەوەیە بەرپرسیارێتى پاراستنى گیانى رۆژنامەنوس و کارمەندانی لەکۆی شار و شارۆچکەکانی ژێر دەستەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەخاتە سەر دامودەزگا ئەمنیەکانی هەولێر و دهۆک.
هەروەها داواش لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، روونکردنەوە بدات لەسەر ئەو رێوشوێنە نایاسایی و ناشارستانییەی ئاسایش بەرامبەر بە کەناڵەکەمان و رۆژنامەنوسەکانمان گرتیەبەر.
کەناڵی ئێن ئاڕ تی کە تاکە کەناڵی ئاسمانی ئەهلیە، چاوی فراوانترین توێژی کۆمەڵگەی کوردستانە، ئەو گۆشەنیگا هاوسەنگەیە کەسەرجەم خەڵکی رووداوەکانی هەرێم و ناوچەکەی لێوەدەبینن، داخستن و تاریککردنی ئەم چاوە، کوێرکردنی بەئەنقەستی جەماوەری کوردستانە. ئەمەش سەرەتایەکە بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو راستی ئەو رووداوانە نەبینن کەلێرە بەدواوە لەناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوو دەدەن.
دامەزراوەی میدیایی نالیا، داوا لەسەرجەم نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی لەهەرێم و سەرجەم رێکخراو و هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و کۆی ئازادیخوازانی هەرێم دەکات، دەنگ لەسەر ئەم پیشێلکاریە ناڕەوایە هەڵببڕن.
دامەزراوەی میدیای نالیا
١٠/١٠/ ٢٠١٥