هەموو ئەو ناڕەزایەتیی و غەمخۆریی و پەرۆشییەی بۆ پرسی ئازادیی بە گشتیی و ئازادیی مافی ژنان، بەتایبەتیی هەبووە و هەیە بەشوێنێک نەگەیشتووە. چەند کولتووری (پیاوسالاریی”پاتریارکیی”، دینیی، کۆمەڵایەتیی…تاد) بەشدارن لە کوشتنی ژنان، ئەوە دەسەڵاتی سیاسیی، قانوون و سیستەمی کارگێڕیی و حوکمڕانیی، تاوانباری سەرەکیی ئەم قەتڵوعامەی ژنانی کوردستانن. ئامارەکان پێمان دەڵێن، لە دوای قەبارەی ئەنفالەکانەوە، ژمارەی ژنی کوژراو لە هەرێمی کوردستاندا، لە قوربانییانی هەڵەبجە، لە قوربانییانی ئێزیدییەکان، زیندانە سیاسییەکانی سەردەمی بەعس و ئێستای حیزبە کوردییەکان، لە هەموو ئەوانەی گیانی خۆیان لەدەست داوە لەو شتانەی ناویان ناوە شۆڕشی نوێ و شۆڕشی گوڵان، زیاتر و زیاترە!
کوشتنی ژن بەناوی ئەخلاق و کولتووری کوردەوارییەوە، گەورەترین بێئەخلاقییە بۆ پیاوی کورد، بەڵام لەپێش هەمووانەوە، لە ئەستۆی سیاسییەکان، لۆردەکانی نەوت دزیین و بیلیۆنێرەکانی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستانە. تەنیا رێگەی خێرا و کارای کرداریی بۆ دانانی سنوورێک بۆ ژنکوشتن، سەپاندنی قانوونی زیندانی هەتاهەتاییە، بەڵام ئەمەش دەکەوێتە بەر کێردی صوڵحی عەشائیرییەوە و خودی دەسەڵاتی سیاسیی و حیزبە کوردییەکان، لەئاستی باڵادا، بەشدارییان تێدا کردووە. لەگەڵ ئیعدام نییم و سزادانی مرۆڤ بە کوشتن و هەڵواسین، بەشێکە لە وەحشییترین ئاکار و کولتووری مرۆڤایەتیی لە مێژوودا، بەڵام ئەگەر چوار پیاوی مل پانی کورد لەسەر کوشتنی ( دایکیان، کچ و خوشکیان) هەڵبواسرێن و ئیعدام بکرێن، رێژەی کوشتنی ژنان، بەڕادەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.
ئەو پیاوەی کچەکەی خۆی لە سلێمانیی، کوشتووە، کولتووری باوی کۆمەڵایەتیی، دەسەڵاتی سیاسیی کورد، کولتووری دینیی( بەتایبەتیی مەلا سەلەفییەکان) ئیجازەیان پێداوە کە کچەکەی خۆی لەسەر عەشق، لەسەر خۆشەویستیی، بکوژێ و شەرەفی رژاوی خۆی بکڕێتەوە! بەپێچەوانەوە، دەبێ خەبات بۆ ئەوە بکرێ، هەر پیاوێک، ژن و کچ بەناوی نامووسەوە بکوژێ، بێئەخلاقترین، شەرەفسزترین، گەوادترین و بێنامووسترین پیاوە. ئەمانە ئەرکی تاک بە تاکمانە و لەم ژن کوشتنەشدا، جارێکی تر، بەکردەوە سەلماندمانەوە، هەموو پیاوی کورد بەڕێژەی جۆراوجۆر، بەشدارییمان لە تێرۆرکردنی ئەو كچەدا کردووە. جارێکی تر بە دونیامان سەلماندەوە، کورد، نەتەوەیەکە خووی بە ژنکوشتنەوە گرتووە و حیزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانیشی، لەبەر دزینی سامانی نیشتمانیی، فریای هیچی تر ناکەون، تا لە رێگەی قانوون و سیستەمی سزادانەوە، سنوورێک بۆ رەشەکوژیی ژنان دابنرێ.
لە هەموو ئەم سەرزەمینەدا، بەهۆی توندوتیژیی خێزانییەوە( domestic violence) ، ژنان دەکوژرێن و رێژەی ئەم تاوانە لەکەیەکی گەورەیە بە مێژووی پیاوەوە لەسەرتاسەری مرۆڤایەتیدا، بەڵام لای کەم قانوون هەیە و سزای بکوژەکان دەدات. ئەوەی کە پارادۆکسەکان زۆر گەورە دەکاتەوە، لەهیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا، نە لەپاکستان و ئەفغانستان، نە لە سۆماڵ و سودان، نە لە ئێران و تەنانەت نە لە سعودییەش، بەو رادەیەی هەرێمی کوردستان، ژن بە بیانووی پێوەندییگرتنی دۆستانە لەگەڵ کوڕاندا، بە بیانووی خۆشەویستیی، بە ناوی ئەخلاقی بێئەخلاقی و شەرەفی بێشەرەفەوە، ناکوژرێن.