بنار مستەفا:
دیاردەی پەنابەری چەندین هۆکار و تاوانباری هەیە، کە تێیدا خودی پەنابەران لە پشتی هیچ یەک لە هۆکار و تاوانبارەکانیەوە نیین. پەنابەران قوربانین، کە ناچارکراون لە نێوان بەدیلە خراپەکاندا، بەدیلی کەمترین خراپ هەڵبژێرن: جێهێشتنی ماڵ و ژیانە بەرەو ئایندەیەکی نادیار. ئەویش دەستهەڵگرتنە لەو ژیان و شوێنەوارەی تیاییدا گەورەبون و پێیراهاتون و جێهێشتنی هەموو ئازیزانیان وە گرتنەبەری رێگای پڕ ڕیسک و بەرەو ئایندەیەکی نادیار.
بە ئەگەرێکی زۆرەوە پەنابەران ئاگاداری هەڕەشە گەورەکانی ڕێگای هەڵهاتن هەن، کە زۆرێک لەوانەی پێشتر هەمان ڕیگەیان گرتۆتە بەر، کەوتوونەتە بن دەریاکان یان نێچیری قاچاخچیەکان. سەرباری مەرگەساتی رێگاوبان ئاگاداری ئەوەش هەن کە لەو ولاتانەی پەنایان بۆدەبەن، پەیاتپەیتا بڕیاری دژی پەنابەران دەردەکرێت. بەڵام کاتێک مرۆڤ لە ژینگەی خۆیدا دەکەوێتنە بەردەم هەرەشەی مەرگ و نەهامەتی و هیچیشی نامێنیت لەدەسەتیبدات، لەوکاتەدا ترۆسکایەکی ئومێد بە بەیانییەکی باشتر هانیدەدات بۆ گرەوکردن لەسەر ژیانی خۆی و هەڵبژاردنی ئەم ڕیسکە گەورەیە وەک بەدیلێک.
ئەوانەی هۆکاری دەربەدەرکردنی ئەو لێشاوە لە خەلکی بیدەرەتانن و ئەو تاوانبارە ڕاستەقینانەی لە پشتی دیاردەی پەنابەریەوە راوەستاون، لە باسەکاندا بزرن. لەلایەن هەمان دەولەتانی غەربیەوە کە بەرامبەر پەنابەران بەرچاوتەنگن، پەیوەندی و دۆستایەتی و تەنانەت هاوکاری دەکرێن، تەنانەت کردارەکانیان وەک دیاردەیەک کە قابیل بە تێگەشتنە تەماشای دەکەن و بە هۆکاری سیاسی، ئابووری، کۆمەلایەتی و فەرهەنگی و کلتوری پاساو دەدەرێن. کەچی پەنابەران، کە خۆیان قوربانی ئەو کاردانەن، جاریکی تریش دەکرینەوە بە قوربانی و باجی سیاسەتی دژە پەنابەری دەدەنەوە.
کۆچی بە کۆمەڵی خەڵکی لە دەریار و سنوورەکاندا دەکەن ژێر پرسیارەوە و تەنانەت مەحکومیشی دەکەن، بەڵام جەنگە بەردەوامەکان، کوشتار، چەوساندنەوە، هەژاری، برسێتی، پێشێلکردنی ئازادییەکان و مافەکان هتد. بە بەرچاوی جیهانەوە هیچ کاردانەوەیەکی لێ ناکەوێتەوە، بە تایبەتی لە لایەن ئەوانەی دژایەتی سەرسەختی پەنابەران دەکەن.
توندکردنەوەی یاساکان و چاودیری سنوورەکان، تەنانەت لێ سەندنەوەی مافی پەنابەریش، کۆچی بەلێشاوو دیاردەی پەنابەری کەم ناکاتەوە، چونکە هۆکار لە شوێنی هاتنە، نەک گەشتن. گرتنەبەری رێوشوێنی توندتر لە دژی پەنابەران، ئەنجامەکەی تەنها دەکاتە ئەوەی کە کەسانێکی زۆر بێ ماف و بێ ئیقامە بە دزیەوە لە ولاتەکاندا بژین و ڕیگەی خراپ و نایاسایی بگرنە بەر تا بژیوی ژیانیان دابین بکەن. کاریگەریەکانی لەسەر کۆمەڵگا بە شیوەی نێگەتیڤ زۆر دەبێت.
سیاسەتی دروست و ئینسانی دانی مافە بەو پەنابەرانەی کە پەنادەهێنن. لە هەمان کاتدا هەوڵی بنبڕکردنی دیاردەی پەنابەری لە رێگای لە بەینبردنی هۆکارەکانی پەنابەریەوە، پێویستە بکرێتە کەنالی سەرەکی کۆتایهێنان بەم دیاردە کارەساتبارە. ولاتانی غەربی و ئەوروپایی دەبێت دەستهەڵگرن لە هاوکاری و پشتیوانی رژێم و بزوتنەوەو دارودەستە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرو قەومی و دینیە پێشێلکارەکان، لە جیاتی ئەوە پشتیوانی بەرەی ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان بکەن.