په‌رله‌مانی عێراق بڕیاری نوێ دژ به‌و په‌رله‌مانتارانه ده‌رده‌كات كه موچه وه‌رده‌گرن‌و ئاماده‌ی دانیشتنه‌كانی نابن.
حه‌سه‌ن شه‌نون
په‌رله‌مانی عێراقی له‌دوای حكومه‌ته‌وه كه‌وتۆته ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌نێو ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندا، ئه‌وه‌شی به 16 بڕیار ده‌ستپێكرد كه سه‌ره‌كیترینیان رێوشوێنی تونده دژ به‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كان نابن‌و به‌بندیوار هه‌ژمارده‌كرێن.
سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردو، سه‌لیم جبوی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، 16 داواكاری راگه‌یاند بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌عێراقدا، وه‌ك به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی داواكاری خۆپیشاندانه‌كان كه ماوه‌ی مانگێكه عێراقی گرتۆته‌وه.
ئه‌و داواكارییانه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، جگه له‌سه‌ر كارلادانی وه‌زیری كاره‌باو سه‌رچاوه ئاویه‌كانی حكومه‌تی عێراقی پێینایه نێوماڵی خۆشیه‌وه، كه چاكسازیه له‌په‌رله‌مانی عێراقدا.
داواكاریه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه په‌یوه‌ست بون به‌چاكسازی په‌رله‌مانه‌وه، پێشنیاری ده‌ركردنی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه بون كه ئاماده‌ی دانیشتنه‌كان نابن یان كه‌مترین كات ئاماده‌ی ده‌بن.
ئاماده‌نه‌بونی به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاران له‌دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان‌و ئه‌و لیژنانه‌ی ئه‌ندامن تیایدا، بۆته له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌م تێپه‌ڕاندنی هه‌ندێك پرۆژه‌یاسا كه به‌لای په‌رله‌مانه‌وه بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌جومگه جیاوازه‌كانی ده‌وڵه‌تدا پێویستن، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵیه‌وه هه‌یه.
جگه له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی كه له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕی دژه داعشدان‌و په‌رله‌مان به‌بڕیارێك رێگای پێداون‌و به‌نائاماده‌بون هه‌ژمار ناكرێن، به‌شێك له‌ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی تر به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه به‌رپرسیارێتی سیاسی باڵایان له‌حزبه‌كانیاندا هه‌یه، به‌بێ “پاساوی یاسایی” ئاماده‌ی دانیشتنه‌كان نابن.
به‌پێی به‌دواداچونێكی هاوڵاتی، به‌شێك له‌و په‌رله‌مانتارانه سه‌رانسه‌ری مانگێك ئاماده‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان‌و كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌كانی نه‌بون كه ئه‌ندامن تیایدا، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان سزای بۆ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی دیاریكردوه كه به‌بێ پاساوی یاسایی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كان نابن.
عه‌لی بدرێری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌هاوپه‌یمانی نیشتیمانی شیعه، به‌هاوڵاتی وت “به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، هه‌ر په‌رله‌مانتارێك پێنج دانیشتن له‌سه‌ر یه‌ك یان 10 دانیشتنی پچڕپچڕ له‌وه‌رزێكی سێ مانگی كاری په‌رله‌ماندا ئاماده‌نه‌بێت ده‌درێته لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه، گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌شی به‌رده‌وامبێت ئه‌ندامێتی له‌په‌رله‌مان لێوه‌رده‌گیرێته‌وه”.
هاوكات جگه له‌و رێوشوێنه ئیدارییانه دژ به‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ئاماده‌نابن، هه‌ر به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ رێوشوێنی سزای داراییشیان له‌دژ ده‌گیرێته‌به‌ر، كه بڕینی 500 هه‌زار دیناره له‌موچه‌ی مانگانه‌ی بۆ هه‌ر دانیشتنێكی په‌رله‌مان كه تیایدا ئاماده‌نه‌بون.
بڕیاره‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و زنجیره بڕیاره‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیران ده‌ریكرد بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی ئیداری‌و دارایی‌و سیاسی له‌عێراقدا، ئه‌وه‌ش بۆ دروستكردنی هه‌ماهنگی هاوبه‌شی نێوانیان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كێشه‌كانی به‌رده‌میان‌و دورخستنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی خۆپیشانده‌ران له‌سه‌ر په‌رله‌مان، جێبه‌جێكردنی ئه‌ركیان له‌بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی.
به‌پێی بڕیاره‌كانی جبوری كه پێنجشه‌مه‌ی رابردو 10ی ئه‌م مانگه په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ردا، هه‌ر په‌رله‌مانتارێك سێیه‌كی دانیشتنه‌كانی وه‌رزێكی په‌رله‌مان ئاماده نه‌بێت له‌كارده‌خرێت‌و سه‌رۆكی ئه‌و لیژنانه‌ی په‌رله‌مانیش ده‌گۆڕدرێت كه ئه‌دایان باش نیه.
عه‌لی بدێری ده‌ڵێت “ئیمزای زیاتر له 100 په‌رله‌مانتار كۆكراوه‌ته‌وه بۆ سزادانی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كان نابن، ئه‌وه‌ش وه‌ك پاڵپشتیه‌ك بۆ بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه”.
به‌پێی ئاماره‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، مه‌حمود دادود سلێمان په‌رله‌مانتاری سونه زۆرترین نائماده‌بونی هه‌یه كه 38 جاره له‌مساڵدا، مۆفه‌ق روبه‌یعی راوێژكاری پێشوی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراقیش كه ئێستا په‌رله‌مانتاره له‌هاوپه‌یمانی نیشتیمانی شیعه‌كان، به 25 نائاماده‌بون له‌پله‌ی سێیه‌مدا دێت.
له‌ماوه‌ی دو هه‌فته‌ی رابردودا، خۆپیشاندانی گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدای پایته‌خت دروشمی دژ به‌په‌رله‌مانی تێدا به‌زر ده‌كرایه‌وه، پاش ئه‌وه‌ی پێشتر ره‌خنه‌ی خۆپیشاندانه‌كان زیاتر ئاراسته‌ی حكومه‌تی عێراقی ده‌كران.
زیادبونی ره‌خنه‌كان له‌سه‌ر په‌رله‌مان له‌كاتێكدایه، ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌یاسای په‌یوه‌ست به‌بژێوی ژیانی هاوڵاتیان‌و ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تدا له‌په‌رله‌مان په‌كیكه‌وتوه‌و ده‌نگی له‌سه‌ر نادرێت، كه ئاماده‌نه‌بونی په‌رله‌مانتاران له‌دانیشتنه‌كان‌و كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌كاندا به‌هۆكار ده‌زانرێن.
شیرین ره‌زا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌فراكسیۆنی گۆڕان، به‌هاوڵاتی وت “ئاماده‌نه‌بونی په‌رله‌مانتاران له‌دانیشتنه‌كاندا پاساوی نیه، چونكه ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هاوڵاتیان ده‌كه‌ن”.
به‌پێی ماده‌ی 18ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، ئاماده‌نه‌بونی په‌رله‌مانتاران له‌بڵاوكراوه‌ی هه‌فتانه‌ی ماڵپه‌ڕی په‌رله‌ماندا بڵاوده‌كرێته‌وه، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش ده‌بێت رێگربێت له‌دوباره‌بونه‌وه‌ی ئاماده‌نه‌بونی په‌رله‌مانتاران.
شیرن ره‌زا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌ندێكجار ئاماده‌نه‌بونی په‌رله‌مانتاره‌كان به‌پێی رێككه‌وتنی پێشوه‌خته له‌گه‌ڵ كوتله‌كانیان بۆ په‌كخستنی پرۆژه‌یاسایه‌ك كه له‌لایه‌ن كوتله‌یه‌كی تره‌وه پێشكه‌شكراوه.
په‌تای موچه‌خۆری بندیوار پێیناوه‌ته په‌رله‌مانیشه‌وه، كه به‌و په‌رله‌مانتارانه ده‌وترێت موچه وه‌رده‌گرن‌و وه‌ك پێویست ئاماده‌ی دانیشتنه‌كان نابن، ئه‌وه‌ش به‌به‌شێك له‌گه‌نده‌ڵی دارایی‌و بێكاری روپۆشكراو هه‌ژمارده‌كرێت.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان به به‌شێكی بڕیاره‌كانیدا جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه، ده‌بێت رێوشوێنی توند له‌دژی ئه‌و په‌رله‌مانتاره بندیوارانه بگیرێته‌به‌ر، كه موچه وه‌رده‌گرن‌و ئه‌ركه شه‌رعی‌و نیشتیمانیه‌كانیان جێبه‌جێناكه‌ن.