بڕیارەكانی حەیدەر عەبادی بۆ كەمكردنەوەی پۆستو ئیمتیازاتی بەرپرسەكان لەعێراق، ئەگەری گۆڕینی نەخشەی سیاسی لێدەكرێت، بەتایبەت كە ئەو پۆستانە پێشتر لەسەر هاوپشكی پێكهاتەكان دابەشكرابون، هەرچەندە هیچ كام لەلایەنە سیاسیەكان نەیانتوانی بەئاشكرا دژایەتی ئەو بڕیارانە بكەن كە بەناوی چاكسازیەوە دراوە.
بەرەبەیانێک هاوڵاتیانی عێراق بەیەكێك لەهەرە بڕیارە هەستیارەكانی سەردەمی دەسەڵاتی نوێی عێراق بەخەبەر هاتن، ئەویش هەڵوەشاندنەوەی پۆستەكانی جێگرانی سەركۆمارو سەرۆك وەزیران بوو كە لەدوای ساڵی 2003ەوە وەك بەشێك لەهاوكێشەی هاوپشكی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لەنێوان پێكهاتە ئاینیو نەتەوەییو لایەنە سیاسیەكاندا كاری پێدەكرا.
بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەكەی، حەیدەر عەبادی زنجیرەیەك بڕیاری دەركردوە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی، كە جگە لەهەڵوەشاندنەوەی پۆستەكانی جێگرانی سەركۆمارو سەرۆك وەزیران، خانەنشینیو ئیمتیازاتی سەرجەم بەرپرسە حكومیەكان دەبڕدرێت، بەها ئەعرەجی جێگریشی بۆ كاروباری وزە رەوانەی لێكۆڵینەوە دەكات بەتۆمەتی تێوەگلان لەگەندەڵی.
ئەو بڕیارانەی عەبادی دوای ئەوەهات، لەماوەی دو هەفتەی رابردودا خۆپیشاندان چەندین شاری زۆرینە شیعەی ناوەڕاستو باشوری عێراقی گرتەوە لەدژی كەمی خزمەتگوزاریو زۆری گەندەڵیو مەرجەعی ئاینی شیعەكانیش لەنەجەف داوایان لەسەرۆك وەزیران كرد، كە هەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ چارەسەكردنی ئەو قەیرانانە.
یەكەم ناوەندی رەسمی عێراق كە پاڵپشتی لەبڕیارەكانی عەبادی كرد پەرلەمان بوو، بەڵێنی هاوكاریو چاودێری هەنگاوەكانی دا لەپێناو چاكسازیدا.
پاڵپشتی پەرلەمان بۆ عەبادی جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوانەی ئاسان دەكات، بەتایبەت كە هەڵشاندنەوەی پۆستەكان جگە لەجێگرانی سەركۆمار، پێویستی بەبڕیاری پەرلەمان دەبێت، ئەوەی پەیوەندی بەجێگرانی سەركۆماریشەوە هەیە بەپێی یاسای جێگرانی، سەركۆمار دەتوانێت جێگرەكانی لەكاربخات.
سەدریەكان: پاڵپشتی دەكەین
رەوانەكردنی بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە بۆ لێكۆڵینەوە بەتۆمەتی گەندەڵی، چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرا كاردانەوەی توندی رەوتی سەدری لێبكەوێتەوە، بەو پێیەی ئەعرەجی سەر بەو رەوتەیە كە یەكێكە لەگروپە شیعە بەهێزەكانو لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
بەڵام بەروكەشی كاردانەوەكە پێچەوانەی ئەوە بوو كە چاوەڕواندەكرا، كاتێك ئەو رەوتە پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیارەكانی عەبادی راگەیاند. دەستەی سیاسی رەوتی سەدر لەبەیاننامەیەكدا وێڕای پاڵپشتی لەبڕیارەكانی عەبادی، داوای لەوەزیرو پەرلەمانتارەكانی كرد پاڵپشتی بكەن.
دەستەكەی سەدر رایگەیاند “پاڵپشتی ئەو بڕیارانەی عەبادی دەكەینو هیوادارین ئەو هەنگاوانە چاكسازی كرداری بن”.
ئەنجومەنی باڵا: پاڵپشی رەهای دەكەین
ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی كە یەكێك لەگروپە سیاسیە شیعەكانی عێراق، پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیارەكانی عەبادی دەربڕی، بەتایبەت كە هەینی رابردو داوای لەسێ وەزیرەكەی لەو حكومەتەدا كرد نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان بدەنە سەرۆك وەزیران، وەك هەنگاوێك بۆ ئەنجامدانی چاكسازی.
سەلیم شەوقی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەكوتلەی مواتنی سەر بەئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، جەخت لەوەدەكاتەوە كە كوتلەكەی بەشێوەیەكی “رەها” پاڵپشتی بڕیارەكانی عەبادی دەكات، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندیان بەكەمكردنەوەی پۆستەكانەوە هەیە، دەشڵێت “ئەو هەنگاوانە دەستپێكی پرۆسەی چاكسازیو بنەبڕكردنی گەندەڵین”.
سەلیم شەوقی وتی “داوامان لەوەزیرەكانمان كردەوە كە لەئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتی بڕیارەكەی عەبادی بكەن، ئامۆژگاری پەرلەمانتارەكانیشمان كراوە گەر ئەو بڕیارە هاتە پەرلەمان دەنگی پێبدەین”.
سونەكان: بڕیاری دور لەحزبایەتی
هاوپەیمانی یەكێكی هێزە نیشتیمانیەكانی سونە كە ركەبەری سەرەكی شیعەكانن لەدەسەڵاتدا، بەجۆرێك لەهەستیاریەوە پاڵپشتی بڕیارەكەی عەبادییان كرد، كە بەپێی ئەو بڕیارانە دو پۆستی هەستیاری سیاسی خۆیان لەدەستدا، ئەوانیش جێگرێكی سەركۆمارو جێگرێكی سەرۆك وەزیران بوو.
جەمیلە عوبێدی، ئەندامی هاوپەیمانی یەكێتی هێزە نیشتیمانیەكان، داوای لەسەرۆك وەزیران كرد لەجێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەدا خۆی لەئینتیمای حزبایەتی دابماڵێت تا سەركەوتو بێت.
جەمیلە عوبێدی وتی “ئەو بڕیارانەش ئەگەری شكستهێنانی هەیە، بەوپێیەی بەتەنیا داوێتیو تەنانەت نەشگەڕاوەتەوە بۆ حزبەكەی (حزبی دەعوە)”.
كورد: بڕیارەكە بوێرانە بوو
كورد لەو بڕیارانەی عەبادیدا یەكێك لەپۆستە هەستیارەكانی لەدەست دەدات كە جێگرێكی سەرۆك وەزیرانە، بەڵام هەمو ئاماژەكان بۆ ئەوەن بەشێوەیەكی گشتی پاڵپشتی ئەو هەنگاوە بكەن.
شیرین رەزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی گۆڕان، دەڵێت بڕیارەكانی سەرۆك وەزیران لەژێر كاریگەری خۆپیشاندانەكانو داواكاری مەرجەعی شیعەكاندا بوە، بڕیارەكە “بوێرانە” بوە.
شیرین رەزا بەهاوڵاتی وت “ئێمە رۆڵمان دەبێت لەدەنگدان لەسەر ئەو بڕیارانەو لادانی بەشێك لەبەرپرسەكان رۆڵی دەبێت لەهەڵسانەوەی ئابوری، بەتایبەت كە بەشێك لەوەزارەتەكان نەیانتوانیوە خزمەتگوزاری پێویست پێشكەش بەهاوڵاتیان بكەن”.
وتیشی “ئەگەر هەیە بەشێك لەلایەنە سیاسیەكان لەدژی ئەو بڕیارانەی عەبادی بوەستنەوە”.
دەوڵەتی یاسا: پۆستی تریش كەمبكەنەوە
لیستی دەوڵەتی یاسا كە ئێستا لەنێوان لایەنگرانی عەبادیو نوری مالیكی جێگری سەركۆماردا دابەشبون، بەهەمانشێوە هەڵوێستیان لەسەر ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیرانیش دابەشبوو.
لایەنگرانی مالیكی بەو بڕیارە گورزێكی كوشندەیان بەردەكەوێت، چونكە دەبێت مالیكی ئەو پۆستەی جێبهڵێێت كە لەسەرەتای پێكهێنانی حكومەتدا بۆ بەشداریكردن تیایدا پێیدراو یەكێكە لەپۆستە سیادیەكان.
ئیبتسام هیلالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا، وتی “ئەو بڕیارانەی عەبادی پێویستی بەلێكۆڵینەوەیە بەرلەوەی لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت”.
هەروەها وتیشی “پێویستە ژمارەی بریكاری وەزارەتەكانو راوێژكاری هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراقیش كەمبكرێتەوە”.
شانۆیەكی نوێی سیاسی
دەستبردنی عەبادی بۆ ئەو گۆڕانكاریە هەستیارانە لەپێكهاتەی حكومەتو پۆستەكانی سەرۆكایەتی كۆماردا، هاوپشكی پێكهاتەییو لایەنە سیاسیەكانی هەڵوەشاندەوە لەدابەشكردنی پۆستەكان كە پێشتر حكومەتەكەی لەسەری پێكهاتبو، بەوەش ئەگەر هەیە روبەڕوی كێشەی تر ببێتەوە.
د. ئیحسان شمەری، پسپۆڕی سیاسیو مامۆستای زانستە سیاسیەكانی زانكۆی بەغدا، پێیوایە ئەو بڕیارانەی عەبادی كۆتو هەژمونی بەشێك لەسەركردە سیاسیەكان كۆتایی پێدەهێنێت لەدەستگرتن بەسەر پۆستەكاندا، هەڕەشەش لەبونی سیاسیان دەكات لەئایندەدا كە رەنگە نەتوانن بەئاشكرا دژ بەو بڕیارانە بوەستنەوە بۆ خۆپاراستنیان لەگوشاری شەقام، بەڵام لەپەرلەماندا كار بۆ پەكخستنی ئەو بڕیارانە دەكەن.
د.ئیحسان شمەری بەهاوڵاتی وت “عەبادی بەو بڕیارانە شانۆیەكی سیاسی نوێی لەعێراق دروستكرد كە رێگە بۆ نەخشەیەكی سیاسی نوێیش دەكاتەوە”.