ئەمڕۆ رۆژی شەممە ١١ی حوزەیران کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەنجامدرا .
کۆبوونەوە هەڵوێستەیکرد لەسەر:
– دۆخی سیاسی کوردستان و ناوچەکە و جیهان
– پەیوەندییەکانی حزب
– کاری رێکخراوەیی حزب
سەبارەت بە دۆخی سیاسی کوردستان کۆبوونەوە پێیوابوو کوردستان بە هەڵومەرجێکی سیاسی نەخوازراودا تێدەپەڕیت، کێشەی ململانێ سیاسیەکانی نێوان حزبەکان و زەقبوونەوەی دوو ئیدارەیی لە شێوازی بەڕێوەبردن و دورستبوونی درزی گەورە لەنێوان هاوڵاتیان و دەسەڵات لەلایەک و گوێنەدانی دەسەڵات بەداوا رەواکانی چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان و بەرتەسککردنەوەی ئازادی و کپکردنەوەی ناڕەزایەتی خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی توندوتیژتیانە نەک هەر ژیانی هاوڵاتیانی سەخت و دژوارکردووە، بەڵکو لەئاست کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی عێراق پێگەی هەرێمی کوردستانی لاوازکردووە.
هەروەها کۆبوونەوە ڕاشکاوانە سنور بەزاندن و رۆکێت بارانکردنی شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی شەرمەزارکرد کە دواترینیان پەلاماردان و شێواندنی ئارامی پایتەختی هەرێمی کوردستان بوو.
سەبارەت بە جەنگی سەرمایەداری نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەدەست لەپشدانی حیلفی ناتۆ جیهان رووبەرووی مەترسیەکی گەورە کردۆتەوە و کۆبوونەوە پێی وابوو ئەم جەنگە بەرئەنجامی سیستەمی سەرمایەداری و درێژە پێدانیەتی، زەرەرمەندی یەکەم چینە کەمدەست و ناوەڕاستەکانی سەرجەم کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیە بۆیە کۆبوونەوەکە پرۆتستۆی ئەم جەنگە و هاوشێوەکانی دەکات .
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، کۆبوونەوەکە پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی باش هەڵسەنگاند بەتایبەتی لەناوەندی هاوبەشی چەپ، ئومێدیخواست ئەم پەیوەندییانە گەشەی زیاتر بکات و ناوەندی چەپ فراوانتر و چالاکتربێت و لەئاست داخوازی خەڵک و شەقام بێت .باس لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان کرا لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکان .
کۆبوونەوەکە بڕیاریدا گرینگی زیاتر بەهێڵەکانی رێکخستن بدات و چەند بڕیار و راسپاردەی نوێی پەسندکرد و لە ئایندەدا رێوشوێنی تایبەت بەجێبەجێکردنی ئەو راسپاردانە جێبەجێدەکات .
سەرکردایەتی
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢