لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ و ڕاگەیاندن هەرێم لە لێواری بۆشایی دامەزراوەییدا

هەرێم لە لێواری بۆشایی دامەزراوەییدا

0 تێبینییەکان 17 بینینەکان

هەرێم لە لێواری بۆشایی دامەزراوەییدا؛ په‌ی راپۆرتی چاودێری لەسەر نەبونی دەستور و دوبەرەکی هێزەکان بڵاوده‌كاته‌وه‌

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان له‌ راپۆرتێكدا، باسی له‌وه‌كردوه‌، “لە نەبونی دەستوری هەرێمدا، حزبە سەرەکییەکان بونەتە سەرچاوەی بڕیاردان لە زۆر بابەتی بنەڕەتی، پۆستەکان، دامەزراوەکان، هێزە چەکدارەکان، بودجە و تەنانەت دانیشتنی پەرلەمان زۆرجار بە ڕێککەوتنی پێشوەختی حیزبەکانەوە بەستراونەتەوە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌وه‌، “دامەزراوە لە دوای حیزب دێت، پەرلەمان چاوەڕێی ڕێککەوتنی دەرەوەی پەرلەمان دەکات، حکومەت بەپێی هاوسەنگیی حیزبی پێکدێت، یاسا دوای تەوافوقی سیاسی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام دەستور دەبێت ئەم پەیوەندییە پێچەوانە بکاتەوە و کاری حزبی لە چوارچێوەی یاسادا رێکبخرێت و پەرلەمان بکاتە ناوەندی بڕیاردان، حکومەت لەبەردەم پەرلەمان لێپرسراو بکات، هێزە چەکدارەکان لە فەرماندەیی حیزبی جیابکاتەوە”.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌، هەرێمێک کە خاوەنی دەستوری خۆی بێت، دەتوانێت بە دەقێکی یەکگرتو و پەسەندکراوی خەڵکەوە قسە لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ بکات، لەوانە: مافەکانی پارێزگاکان، مافە داراییەکان، دیاریکردنی سنوری هەرێم و یەکلاکردنەوەی کێشەی ناوجە دابڕاوەکان و جێبەجێکردنی ماددەی 140، فەرماندەیی هێزەکانی، شێوازی بڕیاردانی ناوخۆیی.
هاوكات هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی “هەرێمێکی بێ دەستور ناچارە لە هەر ناکۆکییەکدا پشت بە یاسای جیاواز، بڕیاری سیاسی و لێکدانەوەی جیاواز ببەستێت، ئەمەش هەڵوێستی هەرێم لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لاواز دەکات و دەرفەت بە لایەنە ناوەندگەراکان دەدات پرسیار لە ڕەوایی و تەواوی پێکهاتە دامەزراوەییەکانی هەرێم بکەن”.

دامه‌زراوه‌ی په‌ی ده‌ڵێت، مەترسیی گەورە ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دەستور بۆ بەڵگەنامەی حزبی بگۆڕدرێت، هەرچەندە دانانی دەستور کۆڵەکەیەکی پێویستە، بەڵام نابێت بە بیانوی پەلەکردن دەستورێک بەسەر خەڵکدا بسەپێنرێت کە تەنها ڕێککەوتنی دو حزبی دەسەڵاتدار بێت.

رونیشیكرده‌وه‌، دەستورێکی نادادپەروەرانە و نانوێنەرایەتی لە نەبونی دەستور مەترسیدارتر دەبێت، چونکە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ هاوسەنگیی نادادپەروەرانەی دەسەڵات بە یاسایی بکات، لەبەر ئەمە، پڕۆسەی دانانی دەستور دەبێت، گشتگیر بێت، شەفاف بێت، بەشداریی خەڵکی تێدا بێت، لەژێر چاودێریی میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی بێت و دەقی کۆتایی پێش ڕاپرسی بۆ ماوەیەکی گونجاو بڵاو بکرێتەوە.
هه‌روه‌ها له‌ راپۆرته‌كه‌دا له‌باره‌ی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ هاتوه‌، “پەرلەمان لە هەر سیستەمێکی پەرلەمانی و دیموکراتیدا گرنگترین دامەزراوەی نوێنەرایەتیی خەڵکە. پەرلەمان تەنها بۆ دەرکردنی یاسا نییە، بەڵکو شوێنی گفتوگۆی نیشتمانی و کۆکردنەوەی بۆچونە جیاوازەکانە لە دەقێکدا کە بەرژەوەندی گشتی بپارێزێت، چاودێریی حکومەت، پاراستنی مافەکان، پەسەندکردنی بودجە و لێپرسینەوەی بەرپرسانە بکات”.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، “ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە 6ی (تشرینی دوەم/10)ی 2022 کۆتایی هات. هەوڵی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو خولە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بە نادەستوری دانرا و ئەو بڕیار و کارانەی دوای بەسەرچونی ماوەکە ئەنجام درابوون، خرانە ژێر پرسیاری یاساییەوە”.
په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان، هاتوه‌، “هەڵبژاردنی خولی شەشەم، کە سەرەتا بۆ ساڵی 2022 دیاریکرابو، دوای چەندین جار دواخستن لە 20ی (تشرینی یەکەم/10)ی 2024 بەڕێوەچو. هەڵبژاردنەکە نزیکەی دو ساڵ دوای کاتی سەرەتایی خۆی بەڕێوەچو”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، لە 2ی کانونی یەکەمی 2024 یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم بەڕێوەچو. ئەندامانی هەڵبژێردراو سوێندی یاساییان خوارد و بە فەرمی بون بە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام کاتێک پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک، جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان دەستیپێکرد، ژمارەی یاسایی نەمایەوە و دانیشتنەکە هەڵپەسێردرا.
ئه‌وه‌ش هاتوه‌، “تا ئێستا نزیکەی چوار ساڵ بەسەر کۆتاییهاتنی خولی پێنجەمدا تێپەڕیوە، بەبێ ئەوەی هەرێم پەرلەمانێکی دامەزراو و کارای هەبێت، ڕاستە ئەندامانی خولی شەشەم هەڵبژێردراون و سوێندیان خواردوە، بەڵام هەڵبژاردن و سوێندخواردن بە تەنها پەرلەمانێکی کارا دروست ناکەن”.

دامه‌زراوه‌ی په‌ی رونیكردوه‌ته‌وه‌، “پەرلەمان کاتێک بە کرداری دامەزراوەیەکی شەرعی و کارایە کە دەستەی سەرۆکایەتیی هەبێت، دانیشتنەکانی بە ڕێکوپێکی بەڕێوەببات، لیژنە هەمیشەییەکانی پێکبهێنێت، پڕۆژە و پێشنیاری یاساکان پەسەند بکات، حکومەت و وەزیران بانگهێشت بکات، بودجە و خەرجییە گشتییەکان پەسەند و چاودێری بکات، نوێنەرایەتی دەنگ و داواکاری خەڵک بکات”.

په‌یوه‌ست به‌ مەترسییەکانی بەردەوامبونی دۆخی ئێستا، له‌ راپۆرته‌كه‌ی دامه‌زراوه‌ی په‌یدا هاتوه‌، “مەترسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان تەنها لە دەرەوە، لە بەغدا، دەوڵەتانی دراوسێ، گروپە چەکدارەکان یان گۆڕانی هاوسەنگی ناوچەییەوە نایەن، بەشێکی گرنگی ئەو مەترسییانە لە لاوازی دامەزراوە ناوخۆییەکان، درێژبونەوەی قەیرانی سیاسی، دابەشبونی هێزەکان و نەبونی بڕیارێکی نیشتمانی یەکگرتوەوە سەرچاوە دەگرن”.

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ده‌كات، قەوارەی سیاسی تەنها بە ناو، ئاڵا، سنور و دامەزراوەی فەرمی ناپارێزرێت، قەوارەیەک کاتێک بەهێزە کە بتوانێت: یاسا دابنێت و جێبەجێی بکات، هەڵبژاردن لە کاتی خۆی بەڕێوەببات، حکومەت دروست بکات، داهات و بودجەی خۆی بە شەفافی بەڕێوەببات، هێزە چەکدارەکانی کۆنترۆڵ بکات، مافی هاوڵاتیان بپارێزێت و لە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دەرەوەدا بە یەک دەنگ قسە بکات.
له‌ راپۆرته‌كه‌دا هۆشداری ده‌درێت كه‌ “ئەگەر ئەو توانایانە بە هێواشی لاوازببن، قەوارەکە لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە، بەڵام توانای کرداری خۆی لەدەستدەدات. لەبەر ئەوە، مەترسی سەرەکی بۆ هەرێمی کوردستان لە ئێستادا (هەڵوەشاندنەوەی فەرمی و لەناکاو) نییە، بەڵکو بەتاڵبونەوەی هێواشی ناوەڕۆکی قەوارەکەیە”.

په‌یوه‌ست به‌ بچوکبونەوەی پێگەی قەوارەی هەرێم، په‌ی رونیده‌كاته‌وه‌، “هەرێمی کوردستان لە دەستوری عێراقدا وەک هەرێمێکی فیدراڵی ناسێنراوە، لەبەر ئەمە، هەڵوەشاندنەوەی فەرمی پێگەکەی بە بڕیارێکی کارگێڕی یان فەرمانێکی تاکلایەنەی حکومەتی فیدراڵ کارێکی ئاسان نییەن بەڵام پێگەی دەستوری بە تەنها بەس نییە، دەکرێت ناوی قەوارەکە بمێنێتەوە، بەڵام دەسەڵاتە ڕاستەقینەکانی بە هێواشی لاواز ببن”.

له‌باره‌ی ناوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێت، “ناوی حکومەتی هەرێم دەمێنێت، بەڵام بڕیارە داراییە سەرەکییەکانی بە دابینکردنی پارە لە بەغداوە دەبەسترێنەوە، ناوی پەرلەمانی کوردستان دەمێنێت، بەڵام کاری یاسادانان و چاودێری ناکات، ناوی وەزارەتی پێشمەرگە دەمێنێت، بەڵام هەمو هێزە چەکدارەکان فەرمانی لێ وەرناگرن، ناوی وەزارەتی ناوخۆ دەمێنێت، بەڵام پۆلیس، ئاسایش و هێزە تایبەتەکان لە هەمو ناوچەکاندا بە یەک زنجیرەی فەرمان کار ناکەن، ناوی یەک هەرێم دەمێنێت، بەڵام دو ناوچەی نفوز بە سیاسەت و هێز و پەیوەندی جیاواز کاردەکەن، بەڵام توانای بڕیاردانی سەربەخۆی لە بوارە سەرەکییەکاندا کەم دەبێتەوە”.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، كه‌ ئەوە دەتوانرێت بە (هەڵوەشاندنەوەی کرداری) ناوزەد بکرێت: قەوارەکە بە فەرمی هەیە، بەڵام ناوەڕۆکی دامەزراوەیی، دارایی و سیاسییەکەی بە هێواشی بەتاڵ دەبێتەوە، مەترسیی ئەم سیناریۆیە لەوەدایە کە لەناکاو و بەیاکجار ڕونادات تا خەڵک و دەسەڵاتداران هەستی پێبکەن. بە هەنگاوی بچووک و بە پاساوی قەیران، کاتیبون و پێویستی دەستپێدەکات، بەڵام لە کۆتاییدا دۆخێکی نوێی جێگیر دروست دەکات.

له‌باره‌ی دو ئیداره‌یی له‌نێوان زۆنی سه‌وز و زۆنی زه‌رد، له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌، دو ئیدارە تەنها یادەوەریی قۆناغێکی ڕابردو نییە، تا کاتێک دو هێزی پێشمەرگە، دو تۆڕی ناوخۆ، دو ئاسایش، دو دەزگای هەواڵگری و دو ناوچەی نفوزی سیاسی هەبن، بنەمای دو بەڕێوەبردنی جیاواز هەر بەردەوامە، لە ئێستادا ناوی حکومەت و پەرلەمان یەکە، بەڵام لە ژمارەیەک بواردا: سەرچاوەی فەرمان جیاوازە، دامەزراندنی پۆستەکان بەپێی پشکی حیزبییە، هێزەکان ناوچەی جوڵە و نفوزی جیاوازیان هەیە، داتا و زانیاری بە تەواوی یەکناخرێنەوە و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتانی دراوسێ هەمیشە لە یەک ناوەندەوە بەڕێوە ناچێت.

له‌باره‌ی كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانه‌وه‌، ده‌ڵێت، “ئەگەر پەرلەمان، حکومەت و دەزگا نیشتمانییەکان کارا نەکرێنەوە، هەر ناوچەیەک زیاتر ناچار دەبێت کاروباری خۆی بە جیاوازی بەڕێوەببات. لەو دۆخەدا، دو ئیدارە دەتوانێت لە چەند قۆناغێکدا قوڵ بێتەوە”.

قۆناغی یەکەم: دابەشبونی ئەمنی: هەر ناوچەیەک بە هێز، ئاسایش و زنجیرەی فەرماندەیی خۆی بەڕێوە دەچێت.

قۆناغی دوەم: دابەشبونی کارگێڕی: دامەزراندن، گواستنەوە، گرێبەست و خزمەتگوزاری بە پێی ناوچەی نفووز جیاواز دەبن”.

قۆناغی سێیەم: دابەشبونی دارایی: داهات، گومرگ، باج و خەرجی بە شێوەی جیاواز بەڕێوە دەچن و هەر ناوچەیەک زیاتر پشت بە سەرچاوەی خۆی دەبەستێت.

قۆناغی چوارەم: دابەشبونی سیاسی و دەرەکی: هەرلایەنێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی پەیوەندی جیاواز لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتانی دراوسێ دروست دەکات.
په‌یوه‌ست به‌ ناو و ئاڵای هه‌رێمی كوردستان، دامه‌زراوه‌ی په‌ی ده‌ڵێت، “لە کۆتاییدا، هەرێم لە ژێر یەک ناو و ئاڵادا دەمێنێتەوە، بەڵام لە کرداردا وەک دو یەکەی سیاسی و ئەمنی کار دەکات، ئەم سیناریۆیە مەترسیدارە، چونکە گەڕانەوە لە دو ئیدارەی جێگیر بۆ دامەزراوەی یەکگرتو زۆر قورستر و پڕتێچوتر دەبێت. هەرچی ماوەی دابەشبون درێژتر بێت، بەرژەوەندی، پۆست، کۆگا، هێز و تۆڕی دارایی زیاتر بەو دۆخەوە دەبەسترێنەوە”.

هه‌وكات رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ “لاوازبونی دامەزراوەکانی هەرێم دەرفەت بە حکومەتی فیدراڵ دەدەن دەسەڵاتی کرداریی خۆی لە بوارە جیاوازەکاندا فراوانتر بکات، ئەم فراوانبونە هەمیشە بە شێوەی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی دەستور ڕو نادات، زۆرجار لە ڕێگەی: یاسای بودجە، بڕیاری دادگای فیدراڵی، مەرجی ناردنی موچە، کۆنتڕۆڵی فرۆشتنی نەوت، ڕێکخستنی داهاتە نانەوتییەکان و بەکارهێنانی پێویستی داراییەوە جێبەجێ دەکرێت”.

لە ساڵانی ڕابردودا، ناکۆکی نەوت و بودجە له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵی بە شێوەیەک گەشەی کردوە کە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و وەرگرتنی بەشی بودجە زیاتر بە میکانیزمی فیدراڵی، کۆمپانیای نیشتمانی فرۆشتنی نەوت و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداوە بەستراوەتەوە، بڕیاری دادگای فیدراڵی ساڵی 2022 و هەڵوێستەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقیش دەستی حکومەتی فیدراڵیان لە مامەڵە لەگەڵ گرێبەست و هەناردەی نەوتی هەرێم بەهێزتر کردوە.
لە ئایاری 2026دا، هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی کەرکوک–جەیهان دوای ڕێککەوتنی بەغدا و هەرێم دەستی پێکردەوە، کە نیشانەی گرنگی هاوکاری فیدراڵییە، بەڵام هەمان کات ئاستی وابەستەبوونی هەرێم بە ڕێککەوتنی دارایی و نەوتی لەگەڵ بەغدا دەردەخات.

له‌ راپۆرته‌كه‌ی په‌یدا هاتوه‌، “کێشەکە تەنها لەوەدا نییە بەغدا هەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی دەدات. بەڵکو کێشەی قوڵتر ئەوەیە لاوازی ناوخۆی هەرێم بیانو و دەرفەتی سیاسی و یاسایی بۆ ئەو فراوانبونە دروست دەکات”.

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ “کاتێک هەرێم بودجەی ساڵانەی خۆی بە یاسا پەسەند ناکات، حسابی کۆتایی بڵاوناکاتەوە، داهاتە ناوخۆییەکان بە تەواوی ئاشکرا ناکات، و لەسەر سیاسەتی نەوت و گاز هەڵوێستێکی یەکگرتوی نییە، ئەو کاتە توانای بەرگری یاسایی و سیاسی لەبەردەم بەغدا لاواز دەبێت”.
رونیشیكرده‌وه‌، “ئەگەر دو حیزبی سەرەکی لە بەغدا هەڵوێستی جیاواز وەربگرن، هەر یەکێکیان لەگەڵ هاوپەیمانێکی جیاواز ڕێکبکەوێت و دۆسیەکانی بودجە، نەوت، کەرکوک و پۆستە فیدراڵییەکان بە جیاوازی بەکاربهێنن، بەغدا دەتوانێت سوود لە ناکۆکییەکەیان وەربگرێت”.
ئەزمونی کورد لە سوریا وانەیەکی گرنگی هەیە، هاوپەیمانانی دەرەکی دەتوانن لە قۆناغێکدا هێزی کوردی بە هاوبەشی گرنگی ئەمنی بزانن، بەڵام لە کاتی گۆڕانی هاوسەنگی ناوچەیی، ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بە پێشینە بزانن.

لە سەرەتای ساڵی 2026دا، دوای گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە سوریا، هێزە کوردییەکان ناچاربون لەسەر یەکخستنەوەی دامەزراوە و هێزەکانیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندی گفتوگۆ بکەن، ڕێککەوتنە پشتیوانیکراوەکانی ئەمریکاش دەستی دەوڵەتی دیمەشقیان لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهێزترکرد، لە کاتێکدا هێزە کوردییەکان بە دەسەڵاتی کەمترەوە چونە ناو دانوستاندنەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە