بەهار مونزیر- چالاکوانی ژنان:
لە هەرێمی کوردستان، دوای ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١) ڕێژەی کوشتن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، لەناو ئەو هەموو کوشتنەدا کوشتنی ژنان زیاتر لە هەموو جۆرەکانی تر زیادی کرد، یەکێک لە هۆکارەکان ئەو گۆڕانکارییە سیاسییە بوو کە ڕوویدا، هەندێک ژن بەهۆی پەیوەندی و کارکردنیان لەگەڵ ڕژێمی بەعس کوژران، ژمارەیەکیش لەو ژنانەی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکاندا کاریان دەکرد بەهەمان شێوە کوژران، جار هەبوو بە هەڵە کوشتن ڕوویدەدا و خوشکێک لەجیاتی خوشکەکەی تر دەکوژرا کە لەگەڵ تەلەبە و شەباب یان یەکێتی (نیسائی) عێراق کاری دەکرد، ئەمە دەکرێت وەک دەستپێکێک هەژمار بکرێت بۆ ئاسانبوونی کوشتنی ژنان لە عێراق.
ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٩٣ “هێرشی ئیمانی”
(Faith Campaign)ی دەستپێکرد بۆ ئاینیکردنی کۆمەڵگە، لە ساڵی (٢٠٠٠)ەوە، بە بیانووی پاککردنەوەی کۆمەڵگە لە بەدڕەوشتی، (فیدائییانی سەدام) (Fedayeen Saddam) زیاتر لە (٢٠٠) ژنیان سەربڕی و سەری ژنەکانیان بە دەرگای ماڵەکانیانەوە هەڵدەواسی ئەمەش کاریگەری خۆی لە سەرانسەری عێراق بەجێهێشت.
لەدوای راپەڕینەوە هەرێمی کوردستان، دوای دروستبوونی بەرەی کوردستانی لە نێوان حزبەکانی کوردستان، دادگاکان لاواز بوون و سپێردران بە بەرەی کوردستانی، عەشیرەت و بنەماڵەکانیش بەهێز کران و ناموسپەرستی تێیاندا بەهێزتر بوو، بەهێزبوونی پیاوسالاری و بەستنەوەی بە ناموسپەرستییەوە بووە ئەجێندایەکی بەهێز و کاری بۆ دەکرا، پێدانی چەک و دەسەڵات بەهێزە پیاوسالارەکان خۆڕسک نەبوو، بەڵکو بەهێزبوونی سیستمی پیاوسالاری بوو لە بەرگێکی دیکەدا، ئەمە وایکرد ژن زیاتر پەراوێز بخرێت و بە ئاسانی بکوژرێت، بە ناوی (ناموس) و پاراستنی شکۆی خێڵ و بنەماڵە و خێزان، لەو کاتەدا لیستی کوشتنی ژنان دزەی کرد، بەڵام بە فەرمی ڕانەگەیەندار کێ لە پشتیەوە بوو بە نافەرمی گفتوگۆی لەسەر دەکرا کە کێ لە پشتیەوە وەستاوە.
ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کوشتنە بە لێشاوانە دەستی پێکرد، یەکێك لەو ڕێکخراوانەی زوو هاتنە دەنگ، ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان بوو، کە ژنانێکی چالاک وەک ئەرك و بەرپرسیارێتی کاریان لەسەر کرد دواتر بازنەکە فراوان بوو ڕێکخراوەکان ناوەندی پێکەویان دامەزراند، کەم ڕۆژ هەبوو ژنێک لەسەر شەقامی شەستی سلێمانی بە کوژراوی نەدۆزرێتەوە، و لیستی ناوەکان زۆر درێژ بوون، هەڵمەتی “دژی تیرۆر و ڕەشەکوژی ژنان” دەستی پێکرد و سەرانسەری هەرێمی گرتەوە، بەڵام لێشاوی کوشتنەکان وەک لافاو زیادی دەکرد و وڵاتی وێران دەکرد و ژنی بچووک دەکردەوە. هەزاران ژن بوونە قوربانیی، ئەو لێشاوەی دەستی پێکرد و تا ئەمڕۆ بەردەوامە، بەپێی ئاماری تۆڕی ٨ی ئازار، لە ساڵی (٢٠٢٤) دا (٤٨) ژن و لە ساڵی (٢٠٢٥) دا (٦٩) ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، و لە دوو مانگی یەکەمی (٢٠٢٦) دا (١٣) ژنی تر، واتە تێکڕا هەر پێنج ڕۆژ ژنێک، لە کاتێکدا ئاماری فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بۆ ساڵانی (٢٠٢٢ و ٢٠٢٣) تەنیا (٤٤ و ٣٣) حاڵەت تۆمار دەکات، و چوار ساڵە بڵاوکردنەوەی ئامارەکان ڕاگیراوە، لە بواری خۆسووتاندنیشدا، لە ساڵی (٢٠١٥)دا بەلایەنی کەمەوە (١٢٥) ژن لە شەش شاری هەرێم خۆیان کوشتووە.
چەندین گۆڕانکاری لە یاساکاندا کرا، بەڵام دەسەڵاتداران کوشتنی ژنانیان بە کێشەی سیاسی هەژمار نەدەکرد و هەوڵیان دەدا بیکەنە کێشەی تەنیا خێزانێک یان کێشەی کۆمەڵگە، لە کاتێکدا زیادبوونی ئەم ڕێژەیە لەسەرەوە باسمان کرد.
دواتر چەندین هەوڵ و چالاکیی تر بە ناوی جیاوازەوە دەستی پێکرد بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتن و ڕەشەکوژی ژنان، من دەمەوێت جیاوازییەک لەو دەستەواژەیەدا باس بکەم، کاتێک دەمانوت تیرۆر و ڕەشەکوژی ژنان، ژنەکان لە تاریکیدا تیرۆر دەکران و فڕێدەدران، بەڵام ئێستا چەندین نموونەی بەرجەستە هەن کە ژن و کچ لەسەر شەقام، لە پارک، لەناو ماڵ و لەبەردەم دادگا دەکوژرێن، ئەمە ئاسایتریش بووەتەوە، بە جۆرێک کە لە ڕووناکیدا بکوژرێن نەک لە تاریکیدا و دوور لە چاوی خەڵک.
ئێستا بزوتنەوەی ژنان، بە هاوئاهەنگی چەندین تۆڕ، ڕێکخراو، داکۆکیکار، کەسانی یاسایی، ئەکادیمی و میدیایی، هەڵمەتێکی نوێیان بۆ کۆمەڵگە ڕاگەیاندووە بۆ کۆتاییهێنان بەم لێشاوی کوشتنە کە لەو مێژووەوە دەستی پێکرد و وەک برینێکی قووڵی کوشندە بەردەوامە، تۆش بە هەر جۆرێک دەتوانیت بەشداری بکە و ببە بەهۆکارێک بۆ پاراستنی کچان و ژنان لە کوشتن و خۆسووتاندن، هاوکات دەبێت کاریگەری درووست بکەین بۆ بەهێزکردنی کاری دادگا لە بەسزاگەیاندنی بکوژانی ژنان، و هیچ چاوپۆشی و بیانوویەک نەبێتە هۆی ئازادکردنی ژنکوژان.