
زۆر جار لە كۆمەڵێكدا كە بەهاو ئاكارەكان لە قەیراندا دەبێت، سستەمی حوكمڕانی لە لوتكەی گەندەڵیدا نوقوم دەبێت، یاساو رێساكان وەك پۆشاكێك پڕ بەبەری مرۆڤەكان دەدورێن، تاكەكان رادەماڵڕێن لە هەموو بنەمایەكی مرۆیی و ئاینی و ئایدۆلۆژی. ئیدی ئەوە ئەو ساته وەختەیە كە هیچ پێوەرێكی دروست و راست نامێنیتەوە لەبەردەم هەڵبژاردەكاندا و هەر كەسەش دەیەوێت پشكێك بۆ خۆی بەدەست بهێنێ و رەوایەتیشی پێ بدات.
وتووێژو هاوكات بڵاوكردنەوەی چەندین ناوی جۆربەجۆر كە بەناوی لیست و مووچەی بندیوارەكان بڵاوكراونەتەوە جێی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەركردنە؛ بەتایبەت كاتێك دەبینیت بۆ نموونە؛ میدیاكارێك بە پلەی رائد خانەنشین كراوە؛ بە مووچەی سەروو ملیۆن دینار و ئەندامێكی رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی ناونووس كراوە بە پلەی نەقیب؛ بە مووچەی سەروو نوسەد هەزار دینار و كاتێك سەرۆك حزبێك بە پلەی وەزیر و سیاسەتمەدارێك بە پلەیەكی تایبەت خانەنشین كراون و نزیكەی 5 ملیۆن دینار مووچەكەیەتی؛ لە كاتێكدا هەندێك لەوانە نەخوێندەوارن یان بڕوانامەی سەرەتایی و ناوەندییان هەیە یاخود هەر بڕوانامەیەكی تر.
مەبەستی بابەتەكەی من ناوهێنانی هیچ كام لەوانە نییە، چونكە ناوەكان بڵاوكراونەتەوە، لە هەمان كاتدا ناگەڕێمەوە بۆ ئەو لایەنە حزبیانەی بەهەرهۆكارێك بێت كارەكەیان ئەنجامداوە؛ چونكە ئەوەش روونە كهبەهۆی بەرژەوەندی و ململانێی حزبی وزیادكردنی ژمارە و ئینتمای ئەندامێتی بۆ لایەنێكی حزبی یان بەرپرسێكی دیاریكراو كراوە، سەرەرای هەموو ئەوانەش نامەوێت بچمە نێو شیكاری و هۆكاری قبوڵكردنی ئەو شێوازەلەلایەن وەرگرەكانەوە؛ چونكە دواجار ئەوە ئاماژەیە بۆ رەوایەتیدان بەخۆیان بەوەی بڵێن”دەست بە كڵاوەكەی خۆتەوە بگرە، با نەیبات” ئیدی دەرئەنجام لە نێوان گەیەنەرەكان و وەرگرەكاندا بەرژەوەندییەكان پارێزراوە، بەڵام لەسەر حسابی میللەت و بەها و پێوەرەكانی نیشتمان.
مەبەستی باسەكەی بەندە؛ پەیوەستە بە دەرئەنجامەكانی پرۆسەكەوە كە گرفتی سەرەكی خۆی لە رەوایەتیداندا بەدی دەكات بە كەلتورو ئاكارێكی هەڵە كە دەرئەنجام ناڕاستەكان دەبنە باو و كەمینەكانیشدەبنە دژ بەو جۆرە باوانە، باوە ناڕاست وهەڵەكان دەبنە رەفتارێكی سروشتی و هەوڵی گشتگیركردنی دەدرێت لە كۆمەڵدا و دیدی كەسە كەمینەكانەكانیش دەبنە نامۆ كە لە كۆتایی پرۆسەكەدا؛ ئەوەی زەرەرمەندی سەرەكییە تێكدانی ئاكاری كۆمەڵە، تێكشكانی ناخ و رەوشتی مرۆڤەكان و داڕمانی نەوەی نوێیە و ڕاماڵینێتی لە هەموو بەها و بنەمایەكی پەروەردەیی راست، كە لە ئێستادا بۆتە پەرتبوونی میللەت و دەسەڵاتدارانی عێراق كردویانەتەهەڕەشە و بە یەكێك لە وەرەقەی فشارەكانی كە دەیەوێت بە حكومەتی هەرێم و حزبەكانی كوردستان بڵێت ئەوە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بەڕێوەبردنتانە؛ لە كاتێكدا دەتوانرا حزبەكان شێوازێكی تریان بگرتایە بەرو لەسەر بودجەی خۆیان قەرەبوویان بكردنایەتەوە تا سەرەڕای قەیرانەكانی تر، ئەم بابەتەش نەبوایەتە وێڕدی سەرزمانی كەس و راگەیاندنەكان و وەرگرەكانیش فێری ئەو كەلتورە باوە نەدەبوون.