لە کۆمۆنیستەکان بێزارم، چونکە تا ئێستاش تێنەگەیشتم چجۆرە بەشەرێکن.
دەزانن بۆ؟
چونکە ئەوان هەمیشە باسی یەکسانیی، عەدالەت و ئازادیی دەکەن.
چونکە هەموو بوونیان بۆ گەیشتن بەمە تەرخان دەکەن.
ئەوان هەمیشە شەڕ دەکەن،
بۆ ئەوەی هەموو ئینسانەکان ئاساییشی کار، ماف و کرێی یەکسان، ئاییندەیەکی ڕوون و ئەمینیان هەبێت.
ئەوان دەڵێن با لە دونیادا دەوڵەمەند و هەژار نەمێنن، چینەکان لە کۆمەڵگادا ببنە دوکەڵ و بەهەوادا بچن،
و هەمووان یەکسان بن.
ئەوان دەڵێن با هیچ خێزانێک لە سەرمای زستاندا هەڵنەلەرزێت،
ئەوان دەڵێن با کەس برسیی نەبێت.
ئای چەند بێزارم لە کۆمۆنیستەکان
چونکە ئەوان دەڵێن نابێت منداڵان کار بکەن
ئەوان دەڵێن نابێ منداڵان بەزۆر زەواج بکەن.
ڕقم لە کۆمۆنیستەکانە
چونکە ئەوان دژی ستەم و چەوساندنەوە دەوەستنەوە
ئەوان شانبەشانی کرێکاران دەجەنگن بۆ ئەوەی کرێکاران مافەکانیان بستێنن.
ئەوان لە پێناوی ئازادیی ئینسانەکانی دیکە، خۆیان بەخت دەکەن
ئەوان داوای خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەخۆڕایی بۆ هەمووان دەکەن.
ئەوان دەڵێن دەبێ خوێندن و پەروەردە بۆ هەمووان بەخۆڕایی بێت.
بۆیە ڕقم لە کۆمۆنیستەکانە
چونکە ئەوان جیاوازیی لەنێوان ئینسانەکاندا نابینن
بۆ ئەوان تورک، کورد، بەلوچ، فارس، عەرەب، فەڕەنسیی، ئەمریکیی، سپی، ڕەش، سوور، موسڵمان، مەسیحی، جولەکە و هتد هیچ دەڕقێکیان نییە.
وەک یەک سەیری هەمووان دەکەن و داوای یەکسانیی بۆ هەمووان دەکەن.
ئەوان وەک ئینسان بەها بۆ ئینسان دادەنێن.
ئا لەبەر ئەمەیە ڕقم لە کۆمۆنیستەکانە
سروشتیان خۆشدەوێت، تەنانەت خەبات لەپێناوی سروشتیشدا دەکەن.
ئەوان دژی ئەو کەسانە دەوەستنەوە کە لەپێناوی پارە و ساماندا سروشت لەناو دەبەن
ئەوان داوای هەوا و سروشتی خاوێن بۆ هەموو ئینسانێک دەکەن.
ئێستا تێدەگەن بۆ ڕقم لە کۆمۆنیستەکانە؟
چونکە ئەوان دژی دزی، دژی خراپ بەکارهێنان لەلایەن دەوڵەتەکان، ڕیشوە و تاڵانکردنی مافی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، خەبات دەکەن.
ئەوان دژی ستەمکردن لە خەڵک، سەنگەر دروست دەکەن.
ئینجا دوژمنی خەڵک چەندەش گەورە بێت، ئەوان بەبێ ترس لەبەرانبەریدا دەوەستنەوە.
هەرچەند بە نرخی ژیانیان تەواو ببێت
ئەوان خەڵکیان هەر خۆشدەوێت.
بۆیە لە کۆمۆنیستەکان بێزارم
ئەوان نەخێر بەرانبەر جەنگ بەرز دەکەنەوە، نەیاری هەموو جۆرە تەداخولێکی سەربازیین لە وڵاتاندا.
ئەوان دوژمنی سەرسەختی ئیمپریالیزمن.
ئەوان دەڵێن ئەوە سەرمایەدارانن جەنگ هەڵدەگیرسێنن.
بەڵام لە جەنگی دەوڵەمەنداندا، ئەوە خەڵکی زەحمەتکێش و هەژارن گیانیان لەدەست دەدەن.
ئەوان نەخێر بە جەنگ دەڵێن، چونکە لە جەنگی سەرمایەداراندا، منداڵانن قەتڵ و عام دەکرێن.
ئەوان داوای دیموکراسییەکی ڕاستەقینە، ئاشتیی لە جیهاندا، هاوڕێیەتی و ئاشتیی هەموو خەڵکی دونیا و ژیانێکی ئینسانیی بۆ هەموو خەڵک دەکەن.
ئەوەیە وام لێدەکات لە کۆمۆنیستەکان بێزار بم
ئەوان بۆ گۆڕینی ئەو دۆزەخە دەجەنگن کە سەرمایەداران بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دروستیان کردووە.
ئەوان دەڵێن دەوڵەمەندان بە چەوساندنەوەی ئینسانی زەئمەتکێش، دونیایان بۆ خەڵک کردۆتە جەهەننەم و بە بەرهەمی کرێی خەڵک، بەهەشتیان بۆ خۆیان دروستکردووە.
ئەوان دەیانەوێت دونیا بۆ هەموویان یەکسان بێت.
ڕقم لە کۆمۆنیستەکان دەبێتەوە
ئەوان دەڵێن هەموومان یەکسانین
وەرن با یەکبگرین
ئەوان دەڵێن وەرن با دونیایەکی نوێ دابمەزرێنین
ئەوان دەڵێن وەرن با داهاتوویەکی بەدەر لە برسێتی و ستەم دابمەزێنین
ئەوان دەڵێن وەەن با جیهانێک دروست بکەین ژنان بۆ تێرکردنی سکیان ناچار نەبن لەشیان بفرۆشن
ئەوان دەڵێن با حکومەت خزمەتکاری خەڵک بێت
و خەڵک خۆی دەوڵەت بێت
ئەوان دەڵێن دەبێ خەڵک خۆیان بڕیار لەسەر داهاتوویان بدەن
ئەوان دەڵێن دەبێ ژن و پیاو یەکسان بن
لە کۆمۆنیستەکان بێزارم
چونکە هەندێک دەڵێن کۆمۆنیستەکان نیشتمان فرۆشن
ڕقم لە کۆمۆنیستەکانە،
چونکە ئەوان دەڵێن ئەگەر داواکردنی کار، نان، ئازادیی و یەکسانیی بۆ هەموو خەڵک نیشتمانفرۆشیی بێت،
بۆیە ئێمە خائینین،
خیانەت لە نیشتمان دەکەین،
ئێمە نیشتمانمان نییە،
هەموو جیهان نیشتمانی ئێمەیە،
ئا لەبەر هەموو ئەم شتانە ڕقم لە کۆمۆنیستەکانە.
……..
ئایشە ئەندامی حیزبی مارکسیست ـ لینینیستی تورکیا بوو، کە بە ملپێچ سورەکەی گەزی پارک ناسرابوو، کە چالاکترین کەسی ناو خەباتەکە بوو، ساڵی ۲٠۱۳ زنجیرە وتارێکم لەسەر گەزی پارک لە رۆژنامەی چاودێر نووسی و بڵاوکردەوە.
زۆرترین کۆمۆنیست و سۆسیالیستی ئەنتەرناسیۆنال لە ڕیزەکانی یەپەگەدا دژی داعش دەجەنگن.
شاعیر: نەناسراو
وەرگێڕ: پێشڕەو موحەمەد