ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە نوێترین ڕاپۆرتی ئاماریی خۆیدا پەردە لەسەر پێشێلکارییە ترسناکەکانی دژی ژنان لە ئێران لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ لادەبات و ئامارگەلێکی شۆکهێنەر بڵاودەکاتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، تەنیا لەم شەش مانگەدا سزای سێدارەی ٩ ژن جێبەجێکراوە و سێ چالاکوانی تریش سزای مردنیان بەسەردا سەپێندراوە، هاوکات ٤٦ ژنی تر سزای بەندکران و قامچییان بەسەردا سەپێنراوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە دەستبەسەرکردنی پێنج هەزار ژن دەکات، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت لە کاتی ناڕەزایەتییەکان و شەڕی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، تەنیا ناسنامەی ٣٦٨ ژن و ٢٣ کچی نەبەکام ئاشکرا کراوە کە لە نێوانیاندا پێکهاتەکانی کورد، لور و بەهایی هەن.
لە تەوەرێکی تردا، لانی کەم ٤٥ حاڵەتی ژنکوژی تۆمارکراوە کە بەشێکیان بە پاساوی نامووس و زۆربەیان بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە. هەروەها دوو ژن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لەبەر دەربڕینی دڵخۆشی بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی گیانیان لەدەستداوە. جیا لەمەش، پێنج ژنی پێشمەرگە و گەریلا لە هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەهید بوون.
گەورەترین کارەسات لە ڕاپۆرتەکەدا، کوژرانی ٢٥٠ ژن و ٢٥ کچی خوار تەمەن ١٨ ساڵە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا، کە زۆرترینیان لە پارێزگاکانی تاران و ئیسفەهان و ئەلبۆرز تۆمارکراون و لەنێویاندا خوێندکاران و کارمەندانی تەندروستی هەبوون.
هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە ئەم سەرکوتکارییە بەربڵاوە نیشانەی پەرەسەندنی سیستماتیکی ئاپارتایدی ڕەگەزییە لە ئێران، بەتایبەت دوای شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” کە تێیدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە یاسا پیاوسالارەکان ژینگەیەکی بێ تێچوویان بۆ توندوتیژی و کوشتنی ژنان ڕەخساندووە و مافەکانیانیان بەتەواوی سنووردار کردووە. ڕێکخراوەکە داوا لە جیهان دەکات بێدەنگ نەبن و فشار بخەنە سەر ئێران بۆ ڕاگرتنی ئەم تاوانە گەورانەی دەرحەق بە مرۆڤایەتی و مافەکانی ژنان دەیکات، چونکە بەردەوامی ئەم ڕەوشە مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ژیانی ملیۆنان مرۆڤ لەو وڵاتەدا کە هیچ پاراستنێکی یاساییان نییە بۆ بەرگریکردنی لە خۆیان و ڕووبەڕووی توندترین سزای نادادپەروەرانە دەبنەوە تەنیا لەبەر داواکردنی سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانیان لە کۆمەڵگادا. لە کۆتاییدا هەنگاو هۆشداری دەدات کە بێدەنگی نێودەوڵەتی دەبێتە هۆکاری زیاتر دڕندەیی دەسەڵاتداران دژی ژنان و زیادبوونی ڕێژەی پێشێلکارییەکان لە داهاتوودا کە پێویستی بە هەڵوێستێکی جیددی و خێرا هەیە لە ئاستی سەرانسەری جیهانیدا.