نێڵسۆن ماندێلا؛ ئەو قوتابخانە ئەخلاقییەی مێژووی مرۆڤایەتیی گۆڕی، تەنها ناوێک نییە لە ڕیزبەندی سەرکردە سیاسییەکاندا، بەڵکوو سیمبۆلی گەیشتنی مرۆڤە بە لووتکەی ویژدان و لێبوردەیی. لە سەردەمێکدا کە جیهان تینووی دادپەروەری بوو، ماندێلا هات و نەخشەی داهاتوویەکی مرۆیی بۆ جیهان داڕشت تا ڕق و تۆڵەسەندنەوە بۆ ئاشتییەکی بەرز و هەمیشەیی بگۆڕێت. بەڵام کاتێک سەیری واقیعی خۆمان دەکەین، دەبینین لە کایەی سیاسیی کوردیدا، مەیلێکی سەیر بۆ خۆدزینەوە لە ڕاستی و خۆشاردنەوە لە پشت ناوی کەسایەتییە گەورەکانی وەک ماندێلا و گاندی دەبینرێت. ئەو کوردانەی لە کایەی سیاسەتدا دێن و دەچن، زۆر مەراقی ئەوەیانە وەک ئەوان ناویان ببرێت، لە کاتێکدا هێشتا نەمانتوانیوە خوێندنەوەیەکی ورد بۆ فەلسەفەی ژیانی ماندێلا بکەین. ئەمەش تەنها هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانی شکۆ بەبێ ماندووبوون و قوربانیدان. ناکرێت سیمای خۆت بە ماندێلا بچوێنیت و لە هەمان کاتدا لە %100 پێچەوانەی ئەخلاق و پرەنسیپەکانی ئەو هەنگاو بنێیت. ئەم جۆرە خۆ بەگەورە پیشاندان نیشانەی کۆڵەوارییە لە سیاسەت و فیکر و تێنەگەیشتنە لە بەهای مرۆڤدۆستی.
لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا، سەرکردە گەورەکان هەرگیز خۆیان بە ماندێلا بەراورد ناکەن، چونکە ئەوان دەزانن ماندێلا بوون پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە دەروون و ویژداندا هەبوو. ماندێلا سیاسەت و ئەخلاقی تێکەڵ کرد و کردییە پرۆژەیەک بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی کە تا دنیا ماوە شانازیی پێوە دەکرێت. ئەو پیاوەی 27 ساڵ تەنهایی و تاریکیی زیندانی کردە ڕووناکییەک بۆ هەموو جیهان، خۆ تەنیا بۆ ڕەشپێستەکان یان بۆ ئەفریقای باشوور نەبوو، بەڵکو پەیامێکی جیهانیی پێبوو بۆ هەر تاکێکی ستەملێکراو کە دەیەوێت بەبێ لەدەستدانی شکۆی مرۆیی خۆی، ئازادی بەدەست بهێنێت.
یەکێک لە وەرچەرخانە هەرە مەزنەکانی ژیانی ماندێلا لە ساڵی 1985 بوو، کاتێک ڕژێمی جیاکاری ڕەگەزی لەژێر فشارێکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا پێشنیاری ئازادکردنی بۆ کرد، بەڵام بەو مەرجەی دەست لە خەباتی چەکداری و توندوتیژی هەڵبگرێت. وەڵامەکەی ماندێلا وانەیەکی مێژوویی بوو بۆ جیهان کاتێک وتی تەنها مرۆڤە ئازادەکان دەتوانن دانوستان بکەن و کەسێک لەناو زینداندا بێت ناتوانێت هیچ گرێبەستێک مۆر بکات. ئەم پێداگرییە نیشانی دا کە ماندێلا ئامادە نییە ئازادیی کەسیی خۆی لەسەر حیسابی پرەنسیپەکانی گەلەکەی بێت، چونکە دەیزانی ئازادیی مەرجدار تەنها گۆڕینی زیندانێکی بچووکە بۆ زیندانێکی تری گەورەتر، بۆیە مانەوەی لە زیندان هەڵبژارد تا شکۆی نەتەوەکەی پارێزراو بێت.
لە کۆتاییی ساڵانی 1989 دا، دیدارێکی مێژوویی لە نێوان ماندێلا و سەرۆکی نوێی ئەو کات، ئێف دەبلیو دی کلێرک، ئەنجام درا. ئەم دیدارە سەرەتای وەرچەرخانێکی گەورە بوو، چونکە لێرەوە بڕیاری ئازادکردنی ماندێلا و یاساییکردنی حزبە سیاسییە قەدەغەکراوەکان درا. کاتێک ماندێلا لە تەمەنی 71 ساڵیدا لە گرتووخانە هاتە دەرەوە، جیهان چاوەڕێی پیاوێکی پڕ لە ڕق و کینەی دەکرد، بەڵام ئەو بە دڵێکی گەورە و دیدێکی دیپلۆماسییەوە هاتە دەرێ و زیندانی کردە سەنگەرێک بۆ ئاشتی. لە ساڵی 1993 دا، ماندێلا و دی کلێرک پێکەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان پێدرا، وەک ڕێزێک بۆ ئەو کارە هاوبەشەی کە کردیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی جیاکاری ڕەگەزی بە ڕێگەیەکی ئاشتییانە.
یەکێک لە ساتە هەرە مەترسیدارەکانی مێژووی ئەفریقای باشوور هەر لەو ساڵەدا بوو، کاتێک توندڕەوێکی سپی پێست سەرکردەیەکی خۆشەویستی ڕەشپێستەکانی بە ناوی کریس هانی کوشت. وڵات لە لێواری شەڕێکی ناوخۆیی وێرانکەردا بوو و جەماوەری توڕە خەریک بوو هەموو شتێک بسووتێنن. لەو ساتە ناسکەدا، ماندێلا کە هێشتا سەرۆک نەبوو، لە تەلەفزیۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد و وتی سپی پێستێکی توندڕەو کریس هانی کوشت، بەڵام ژنێکی سپی پێست کە دراوسێی بوو بکوژەکەی بۆ پۆلیس دەستنیشان کرد تا بیگرن. ئەم پەیامە سادە و قووڵە توانی جڵەوی توڕەیی جەماوەر بگرێت و نیشانی بدات کە مرۆڤایەتی لە سەرووی ڕەنگی پێستەوەیە. لێژنەی نۆبڵ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە ئازایەتییەکی بێوێنە بوو بۆ ڕێگریکردن لە ڕشتنی خوێن.
کاتێک لە ساڵی 1994 دا ماندێلا بوو بە سەرۆک کۆمار، یەکەم کاری ئەوە بوو ڕکابەرە کۆنەکەی، دی کلێرک، بکات بە جێگری خۆی. ئەمە گەورەترین نیشانەی لێبوردەیی بوو بۆ پاراستنی یەکپارچەیی وڵات. هەروەها بەکارهێنانی وەرزشی کردە کەرەستەیەک بۆ یەکخستنی گەل؛ کاتێک جلوبەرگی وەرزشیی سپی پێستەکانی لەبەر کرد و پشتگیریی تیمی ڕەگبی وڵاتی کرد. ئەم هەنگاوەش پەیامێکی سیاسیی گەورە بوو کە دەڵێت ئێمە هەموومان یەک نەتەوەین. ماندێلا دامەزرێنەری لیژنەی ڕاستی و ئاشتەوایی بوو کە شاکارێکی ئەخلاقیی بێوێنەیە؛ ئەو ئاشتیی هەڵبژارد و سەلماندی لێبوردن نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکوو لووتکەی هێز و گەورەیی مرۆڤە.
ماندێلا دوای یەک خولی سەرۆکایەتی، بە ویستی خۆی دەستبەرداری دەسەڵات بوو. لە کاتێکدا هەموو جیهان ئامادە بوون تا مردن وەک سەرۆک سەیری بکەن، بەڵام ئەو لە ساڵی 1999 کورسیی سەرۆکایەتیی جێهێشت. ئەمە وانەیەکی گەوەر بوو لە دیموکراسی کە سەلماندی هیچ کەس لە دەوڵەت گەورەتر نییە. ئەم کارە وای کرد وەک پیرێکی دانا و پارێزەری ویژدان لەناو دڵی مرۆڤایەتیدا بمێنێتەوە، نەک وەک سیاسییەکی تینووی دەسەڵات کە هەموو شتێک دەکاتە قوربانیی کورسییەکەی. فەلسەفەی ئوبونتو یەکێک بوو لەو بنەما فکرییانەی کە ماندێلا پەیڕەوی دەکرد، کە دەڵێت مرۆڤایەتیی من بەندە بە مرۆڤایەتیی تۆوە و من هەم چونکە ئێمە هەین. ماندێلا ئەم دیدگایەی بۆ ناو دەستووری وڵات و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان گوازتەوە و گرووپی پیرانی دامەزراند تا وەک دەنگی ویژدانی جیهانی کار بکەن، ئەمەش نیشانەی ئەوە بوو ئەو بوو بە خەمخۆری هەموو مرۆڤایەتی.
ژیانی ماددیی ماندێلاش پڕ بوو لە پاکی و شەفافییەت. کاتێک کۆچی دوایی کرد، سامانەکەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش کرد و تەنانەت نۆ کارمەندی نزیک لە خۆی و ئەو زانکۆ و قوتابخانانەی لێی خوێندبوو بێبەشی نەکردن. ویستی تەنانەت دوای مردنیشی، سامانی خۆی بکاتە هۆکارێک بۆ برەودان بە پەروەردە و وەفاداری.
ئەگەر سەیری مێژووی هاوچەرخ بکەین، تێکۆشەری وەک گاندی و مارتن لووسەر کینگ Martin Luther King Jrو لیخ ڤلاێسا Lech Wałęsaو ڤاسلاڤ هاڤێڵ Václav Havel هەبوون، بەڵام ماندێلا ناچار بوو لە نێوان ڕقێکی مێژوویی قووڵ و بژاردەی ئاشتیدا، پردێکی بەهێز دروست بکات کە هەمووان بگرێتە خۆی.هەروەها مەلالە یووسفزای (Malala Yousafzai)گەنجترین وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە. ئونگ سان سوو چی (Aung San Suu Kyi) وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە.خۆسێ موخیکا (José Mujica) هەژارترین سەرۆکی جیهان بوو، ژیانێکی زۆر سادەی هەبوو، لە کێڵگەیەکی کۆندا دەژیا و نزیکەی ٩٠٪ی مووچەکەی دەبەخشییە هەژاران و پڕۆژە خێرخوازییەکان. بەڵام هەموو ئەوانە نەبوون بە ماندێلا. بۆیە جورئەتی دەوێت فەریكە سیاسییەكانی كورد ناوی ماندێلا بهێنن.
سەرکردە کاتییەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام ماندێلا وەک دیاردەیەکی ئەخلاقیی جیهانی دەمێنێتەوە. ئەو جەوهەرێکی فکری بوو توانی هاوکێشە باوەکانی دەسەڵات و تۆڵەسەندنەوە بگۆڕێت. ماندێلا سەلماندی سەرکردەی ڕاستەقینە ئەو کەسە نییە کە بەسەر دوژمنەکەیدا سەردەکەوێت، بەڵکو ئەو کەسەیە کە دوژمنەکەی دەکات بە هاوبەشی نیشتمان. ئەو پێوەرێکە کە هەموو سەرکردەکانی تری پێ هەڵدەسەنگێندرێت. ماندێلا بڵاوکراوەیەکی ئەبەدیی بۆ ئازادی جێهێشت کە شکۆی مرۆڤ بە سەر هەموو بەرژەوەندییەکی کاتی و سیاسییەکی تەسکدا سەرکەوت. ئەو پیاوەی لە تاریکیی زینداندا بوو، بوو بە ڕووناکییەک تا مرۆڤایەتی مابێت ڕێگەی ئاشتی و لێبوردەیی نیشان دەدات. ماندێلا قوتابخانەیەکە فێری ئەوە دەبین چۆن ڕق بگۆڕین بۆ تێگەیشتن و چۆن لە ناو جەرگەی تاریکییەوە، ڕووناکییەکی ئەبەدی بەرهەم بهێنین.
فوئاد سدیق