لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت لە خەمخۆریی خاوەنکارەوە تا وەفاداریی فەرمانبەر: هاوسەنگی لە هەڵاوساندا

لە خەمخۆریی خاوەنکارەوە تا وەفاداریی فەرمانبەر: هاوسەنگی لە هەڵاوساندا

0 تێبینییەکان 4 بینینەکان

پەیوەندی نێوان ئاستی مووچە و هەڵاوسانی ئابووری، یەکێکە لە ئاڵۆزترین و گرنگترین کێشە ئابوورییەکانی هاوچەرخ. لە هەرێمی کوردستانیشدا، ئەم ڕەهەندە بە تایبەتی لە کەرتی تایبەت و لە ناو کارمەندانی کۆمپانیاکاندا گەیشتووەتە قۆناغێکی ئیحراجی. 

لە کاتێکدا نرخەکانی کالا، خۆراک، خانووبەرە، و خزمەتگوزارییەكان لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدان، ئاستی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت بەراورد بەو تێکڕایە لە شوێنی خۆی ماوەنەوە یان گەشەیەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەدیوە. ئەم بۆشاییە گەورەیە لە نێوان تێکڕای داهات و ئاستی خەرجییەکان، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و نەرێنی لەسەر هێزی کڕین و ئاستی بژێوی فەرمانبەرانی کۆمپانیاکان دروستکردووە و بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی کوالیتی ژیانی ئەو توێژە.

دەستپێکی ئەم بابەتە پێویستی بە تێگەیشتن لە چەمکی هەڵاوسان و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داهاتی ئاسایی  هەیە. هەڵاوسان تەنها ژمارەیەک نییە لە ئامارەکانی حکومەت یان ڕاپۆرتە ئابوورییەکاندا، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامی کەمبوونەوەی هێزی کڕینی دراوە.

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم هەڵاوسانە لە هەرێمی کوردستان فرەڕەهەند و ئاڵۆزن. لە لایەکەوە، ئابووری هەرێم بەڕێژەیەکی بەرز پشت بە هاوردەکردنی دەرەکی دەبەستێت. کاتێک تێچووی گواستنەوە و وزە و سوتەمەنی وبەرهەمهێنان و لە وڵاتانی هاوسێ و جیهان زیاد دەکات، سەرجەم ئەو گرانبوونە بە ڕاستەوخۆ هاوردەی بازاڕەکانی هەرێم دەکرێت. لە لایەکی ترەوە، تێکچوونی جێگیری دراو. ئەمانە هەموویان هۆکارن بۆ ئەوەی خاوەنکار و کۆمپانیاکان تێچووی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانیان بەرز بکەنەوە تاوەکو ڕێژەی قازانجی خۆیان بپارێزن، بەڵام ئاخۆ ئەم بەرزکردنەوەی نرخە تا چەند ڕەنگی داوەتەوە لە بەرزکردنەوەی داهاتی کارمەندەکانیان؟

کاتێک کارمەندێکی کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان مووچەیەکی جێگیر وەردەگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاستی گشتی نرخەکان بەڕێژەی جیاواز بەرزدەبنەوە، مووچەی ڕاستەقینە ئەو کارمەندە بەرەو دابەزین دەچێت. بەو بڕە پاره‌یەی کە ساڵێک پێش ئێستا کارمەندێک دەیتوانی کۆمەڵێک کەلوپەل و خزمەتگوزاری پێ دابین بکات، لە ئێستادا توانای نیە هەمان ڕێژەی پێ بکڕێت.  

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەم دیاردەیە، پێویستە جیاوازی لە نێوان تێچووی ئاسایی و بەهای ڕاستەقینەدا بکرێت. کاتێک کارمەندێک مانگانە هەمان بڕە پارەی پێشوو، بۆ نموونە (1،000،000 ) ملیۆن دینار، وەردەگرێت، لە سەر کاغەز و لە ڕووی ژمارەیییەوە هیچ دابەزینێک لە شایستە داراییەکانیدا ڕووی نەداوە، بەڵام کاتێک تێچووی کۆمەڵێک کاڵا و خزمەتگوزاری بنەڕەتی بە ڕێژەی 5 % بەرز دەبێتەوە و هەمان ئەو سەبەتەی کڕینەی پێشتر بە یەك ملیۆن دینار دەستیدەکەوت دەبێتە (1,050,000 ) ملیۆن دینار، بەم شێوەیە هەمان ئەو مووچەیە چیتر ناتوانێت هەمان قەبارەی کاڵا بەدەستبێنێت. 

لەم هاوکێشەیەدا، فەرمانبەر بێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک لە مووچەکەی کەم بوبێتەوە، تووشی کەمبوونەوەی توانای کڕین بووەتەوە بە بڕی( 50،000 )دینار لە بەهای کاڵاکاندا. ئەم زیانە مادییە بە شێوەیەکی نەبینراو ڕوودەدات، چونکە هیچ دەستکارییەک لە گرێبەست یان فۆرمی مووچەدا نەکراوە، بەڵکو بازاڕ بە هۆی بەرزکردنەوەی نرخەکانەوە توانای کارکردنی ئەو داهاتەی کەمکردووەتەوە. 

لە لایەکی ترەوە جێگیریی مووچەی ئاسایی بەدی دەکرێت، چونکە تێکڕای مووچەی کارمەندانی کۆمپانیا بچووک و ناوەندەکان کە پشکی گەورەی کەرتی تایبەت پێکدەهێنن، لە نێوان( 400،000 بۆ  800،000 ) هەزاردیناردایە، لە کاتێکدا تێچووی ژیانی خێزانێکی چوار کەسی لە شارە گەورەکانی هەرێمدا لە( 1000،000 ) ملیۆن دینار نزیک دەبێتەوە یان تێپەڕ دەكات. سەرەڕای ئەمانەش کەمبوونەوەی توانای پاشەکەوت ڕوویداوە چونکە پاشەکەوتی تاکەکەسی لە ناو توێژی کارمەندانی کەرتی تایبەتدا گەیشتووەتە نزمترین ئاست، بەجۆرێک زیاتر لە 80%ی داهاتی مانگانەی کارمەندانی ئەم کەرتانە تەنها بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەكان دەڕوات. 

لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، مووچەی فەرمانبەران بەپێی ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی یان لە ڕێگەی ڕێککەوتنی بەکۆمەڵەوە دەستکاری دەکرێت تاوەکو هێزی کڕینی کارمەند لەناو نەچێت. لە هەرێمی کوردستاندا، بەهۆی نەبوونی یاسایەکی کارامەی کار و کەمبوونی کاریگەری سەندیکاکان و بەرزبوونی ڕێژەی بێکاری وا دەکات بارگرانی تەواوی هەڵاوسان بكەوێتە سەر شانی کارمەندان.

کاتێک باس لە هەڵاوسانی نرخەکان و دابەزینی هێزی کڕینی کارمەندان دەکرێت، پێویستە ڕاستییەکی سەرەکی لەبەرچاو بگرین. ئەویش ئەوەیە كە خاوەنکارە نیشتمانییەکان بە حوکمی دڵسۆزییان بۆ بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، هەمیشە ویستێکی ڕاستەقینەیان هەبووە و هەیە بۆ فەراهامکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کارمەندەکانیان، چونکە کارمەندەکانیان بە بەشێک لە خێزانی گەورەی نیشتمان و هێزی بنەڕەتیی ئاوەدانکردنەوە دەزانن. 

کۆمپانیاکان باش تێگەیشتوون کە کارمەندی دڵنیا لە بژێوی و ئاسایشی دارایی، دەبێتە هەوێنی گەشەی بەرهەمداری و پاراستنی سەرمایەی مرۆیی نیشتمان. خاوەنکارێک کە بە گیانی نیشتمان پەروەرییەوە وەبەرهێنان لە خاکی خۆیدا دەکات، هیچ کات خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی کارمەندەکانی بە جیا لە بەرژەوەندی و بەرەوپێشچوونی کۆمپانیاکەی خۆی نابێنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، دروستبوونی ناهاوسەنگی لە نێوان تێچووی ژیان و مووچەی فەرمانبەران، نەبوونی ویست یان کەمخەمی خاوەنکارەکان نییە بەرامبەر کارمەندەکانیان، بەڵکو دەرئەنجامی ئەو فشارە ئابوورییە سەختانەیە کە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوان بەسەر کەرتی تایبەتدا سەپێنراون. خاوەنکارە نیشتمانییەکان لە نێوان دوو بەرپرسیارێتیی قورسدان، لە لایەک پاراستنی مانەوەی کۆمپانیاکانیان تاوەکو سەرچاوەی ڕزقی سەدان خێزان دانەخرێت و تووشی مایەپووچبوون نەبێت، لە لایەکی تریشەوە هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی بەرپرسیارێتی نیشتمانیی بەرامبەر بژێوی کارمەندەکانیان.

 کاتێک کۆمپانیایەک هەوڵدەدات لە ناخی قەیرانەکاندا پشتیوانی دارایی فەرمانبەرانی بکات، چەرخی ئابووریی ناوخۆیی بە گەڕ دەهێڵێتەوە و خواستی گشتی لە بازاڕدا دەپارێزێت هەروەها ڕێگری دەکات لە داڕمانی چینی ناوەڕاست کەتیرەی بنەڕەتیی سەقامگیریی کۆمەڵایەتییە. ئەم دیدگایە ڕێک دەربڕی ئەو ڕاستییەیە کە خاوەنکارانی هەرێم، بازاڕ تەنها وەک گۆڕەپانی قازانج سەیر ناکەن، بەڵکو وەک بەشێک لە ئەرکی بونیادنەوەی نیشتمان و پشتیوانیکردن لێی دەڕوانن.

دەکرێت کۆمپانیاکان بە پشتڕاستکردنەوەی چەند ڕێگەچارەیەکی کرداری، کاریگەریی هەڵاوسان لەسەر بژێوی کارمەندەکانیان کەمتەر بکەنەوە، وەک دابینکردنی بیمەی تەندروستی و کرێی گواستنەوە یان دابینکردنی ژەمە خۆراکەکان لە شوێنی کار کە ڕاستەوخۆ  بارگرانی خەرجی ڕۆژانەی کارمەند کەمدەکەنەوە، هەروەها بەخشینی پاداشتی ڕاستەوخۆی بەرهەمداری لە ڕێگەی بەستنەوەی پاداشتی دارایی کارمەند بە بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆ یان ڕێژەی فرۆشی کۆمپانیاکە تا داهاتی زیادی بۆ بڕەخسێت.

ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا بنەڕەتییە و دەکرێت لە چەند هەنگاوێکی کورتدا کورتبکرێتەوە؛ لەوانەش هەموارکردنەوەی یاسای کار و بڵاوکردنەوەی مانگانەی ئاماری متمانەپێکراوی پێوەری نرخ  و پێشکەشکردنی ئاسانکاری و داڕشتنی ئیمتیازی باج بۆ ئەو خاوەنکارانەی هێزی کڕینی فەرمانبەرەكانیان دەپارێزن، هەروەها بەهێزکردنی چاودێریی سەندیکاکان.

د. پیرۆت محه‌مه‌د ئه‌مین
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە